ئێران لە جیاتی دۆلار مامەڵە بەو دراوانە دەكات

:: PM:02:05:26/09/2018 ‌

ئێران دەڵێت چیتر پێویستی بە دۆلاری ئەمەریكی نییە و لەمەودوا لە جۆری تری دراوی بیانی بۆ بازرگانیكردن سوود وەردەگرێت.

عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرای كرد، لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی رووسیا و چین لەسەر ئەوە رێككەوتووە لەمەودوا هەر بە پارەی ئەو وڵاتانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بكات و پشت بە دۆلار نەبەستێت.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەو پێداگری لەوە دەكات كە ئێران بەسەر ئەو سزایانەدا سەر دەكەوێت كە ئەمەریكا لە دژی دەستی پێ كردووە و دەڵێت، دەبێ خەڵكی ئێران لە یەمەن فێر بن و چاوەڕێی ئەوە بكەن یەمەن چۆن دواجار شكست بە سعوودیە دەهێنێت.

ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە جیاتی دۆلار، رووپیەی هیندستان، رووبڵی رووسیا و یووانی چین وەردەگرێت .

ئەمەریكا سزای خستووەتە سەر كەرتی دارایی  و بازرگانیی ئێران و ئەو وڵاتە ناتوانێ بە ئاسانی ئەو نەوت و كاڵایەی كە دەیفرۆشێت بە دۆلار بۆ بانكەكانی خۆی بگوازێتەوە، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدایە جێگرەوەیەك بۆ جۆری دراوەكە بدۆزێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان