له گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئەفسەرێکی پۆلیس پاڵ بە پێشمەرگەیهكهوه دەنێت، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه لە بنکەیەکی شاری سلێمانیدا بەهۆی قەرەباڵغیی زۆر هێزەکانی پۆلیسى سلێمانی کۆنتڕۆڵى دۆخه‌كه له‌ده‌ست ده‌ده‌ن گومان ده‌كرێت له‌و بنكه‌یه هه‌وڵى ساخته‌كارى بدرێت.
دواى ئه‌وه‌ى سه‌عات هه‌شتی به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایش و سه‌رجه‌م هێزه ته‌ناهییه‌كانی تر له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد لە بنکەی بەردەقارەمان کە دەکەوێتە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، قەرەباڵغییەکی زۆر دروست ده‌بێت و دۆخه‌كه له‌ده‌ستى هێزه‌كانى پۆلیس ده‌رده‌چێت.
وه‌ك له ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت به‌مه‌ست ئەو کەسانەی کە بۆ دەنگدانی تایبەت چوونه، ڕیزەکانیان تێکدەدەن و جۆرێک لە ئاڵۆزی دروست دەبێت، ئه‌مه‌یش گومانى دروست كردووه كه له‌و بنكه‌یه به نیازى ساخته‌كارى بێت له‌لایه‌ن لایه‌نێكى سیاسیه‌وه له شاره‌كه.
له ده‌نگدانی تایبه‌ت له سنووری پارێزگای هه‌ولێر 72 هه‌زار و 653 كه‌س له 41 بنكه و 201 وێستگه‌ی ده‌نگدان، ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌ن، له سلێمانی 62 هه‌زار و 220 كه‌س له 37 بنكه و 172 وێستگه، هه‌روه‌ها له پارێزگای دهۆك 33 هه‌زار و 421 كه‌س له 20 بنكه و 92 وێستگه، له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یش دوو هه‌زار و 175 كه‌س له بنكه‌یه‌كی و شه‌ش وێستگه‌ی ده‌نگدان به‌شداری له پرۆسه‌كه ده‌كه‌ن. به‌گشتی 170 هه‌زار ده‌نگده‌ر له ڕۆژی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌چنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانتارانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ده‌ن.
29 لیست و هاوپه‌یمانی به 773 كاندیده‌وه كێبه‌ركێ له‌سه‌ر 100 كورسی گشتی په‌رله‌مان و 11 كورسی كۆتای توركمان و كلدان سریان ئاشوور و ئه‌رمه‌ن ده‌كه‌ن، به گشتی سێ ملیۆن و 85 هه‌زار هاووڵاتی له پێنج هه‌زار و 900 بنكه‌ی ده‌نگدان به چاودێری 22 ڕێكخراوی بیانی ڕۆژی یه‌كشه‌م 30ی ئهیلوول، ده‌نگدانی گشتی به‌ڕێوه ده‌چێت.
خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له 19ی ئایار/مایۆی 1992 هه‌ڵبژێردرا، دواتر خولی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م له ساڵانی 2005 و 2009 و 2013 هه‌ڵبژێردران، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌یش بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێ.