دوو ژن لاقەكردنی ترامپ بە كچان دەسەلمێنن

:: PM:01:16:13/10/2016 ‌
ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی، گەواهیی دوو ئافرەتی ئەو وڵاتەی بڵاو كردەوە كە دۆناڵد ترامپ، پاڵێوراوی كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا، دەستدرێژی سێكسیی كردووەتە سەریان.

"جێسیكا لیدز" یەكێكە لەو دوو ئافرەتەی گەواهییەكەیان بڵاو كردووەتەوە، لە گرتەیەكی دەنگیدا ئاماژەی پێ دەكات كە چۆن ترامپ دەستی بۆ سنگی بردووە و هەوڵی داوە دەست بۆ ژێر تەنوورەكەی ببات لە كاتێك لە فڕۆكەدا بوون ساڵی 1980.

ئەگەرچی گوتەبێژ بەناوی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پاڵێوراوی كۆمارییەكان ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێ، "دروستكراوی خەیاڵە" بەڵام دەنگدانەوەی ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە لە ڕەتكردنەوەكە زیاتر تەشەنەی كردووە.

"ریچێل كۆكس" ژنی دووەم باس لەوە دەكات كە چۆن ترامپ ڕاستەوخۆ ناو دەمی ماچ كردووە لە ساڵی 2005 لە بەردەم ئەسانسۆرێك لە تاوەری "ترامپ" لە "مانهاتن".

رۆژی هەشتی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەڵبژاردن بۆ 45ەمین سەرۆكی وڵات ئەنجام دەدرێ و كاندیدی هەردوو پارتی كۆمار و دیموكرات لە ململانێی توندن بۆ گەیشتن بە كۆشكی سپی.

دیموكراتەكان هیلاری كلینتن هاوسەری 42ەمین سەرۆكی ئەمەریكا بیل كلینتن، كاندیدیانە كە لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆبامادا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە و بە سەركەوتنی، یەكەم ئافرەت دەبێ لە مێژووی ئەم پۆستە وەربگرێت.

كۆمارییەكان، دۆناڵد ترامپی بەڕەگەز ئەڵمانی كاندیدیانە، ئەو بە لێدوانە سەیرەكانی هەمووانی شۆك كردووە و زۆرێك لە سەركردەكانی حزبەكەی خۆی داوای لێ دەكەن دەست لە كاندیدبوونی بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا بكێشێتەوە، چونكە ئەو شیاو نییە، بەڵام ئەو سەرمایەدارێكی پارەدارە و بەردەوامە لە هەڵمەتەكانی بانگەشەكردن بۆ خۆی

وشە/ ڕۆیتەرز، كوردۆ شابان


وشە - كوردۆ شابان