شاره‌وانی خانووی پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ بیانووی زێده‌ڕۆیی خاپوور ده‌كات

:: PM:06:08:14/12/2016 ‌

سەرۆكایەتی  شارەوانی تەناهی لە دهۆك سكاڵا لەسەر زێدەڕۆیی پارچە زەوییەك لەشاری دهۆك تومار دەكات كە پێشمەرگەیەكی فەرماندەیی سپیلك خانوویەكی لەسەر دروست کردووە. فەرماندەیەكی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی سپیلكیش رای دەگەیەنێ‌ كە وێرای خاپوورنەكردنی خانووەكە لە هەمان كاتدا دەبێت شارەوانی و پارێزگا قەرەبوی ئەو پێشمەرگەیە بکەنەوە.

پەرویز سەعید محەمەد ئەو پێشمەرگەیەیە كە لەلایەن شارەوانی تەناهی لە دهۆك هەڕەشەی خاپووركردنی خانووەكەی دەكرێت. ئەو بە "وشە"ی گوت "من وەك پێشمەرگەیەكی ئاوارە توانیم پارچە زەوییەك لە كۆڵانی "كێبلا"ی دهۆك بكڕم و دواتر بە هاوكاری كەسوکارم خانوویەكی بچووكی لەسەر دروست بكەم، کەچی دواتر شارەوانی تەناهی لە دادگا سكاڵای لەسەر من تۆمار كرد و دادگاش لە بەرژەوەندی شارەوانی بڕیاری دا كە دەبێت خانووەكەم خاپوور بكرێت. ئەو كاتەی دادگا بڕیاری خاپووركردنی خانووەكەمی دەركرد من لە سەنگەرەكانی بەرگری بووم بو پاراستنی كوردستان دژی چەكدارانی داعش.

ئەو گوتیشی "بە نەچاری رووم كردە ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگای دهۆك بو ئەوەی دادگای سێمێل پێداچوونەوە لە بڕیارەكەی بكات چونكە بێجگە لەو خانووە هیچم نییە و دەبێت منداڵەكان لەبەر باران بەخێویان بكەم ئەگەر ئەو خانووە خاپوور بكرێت."

پێشمەرگەکە داوای لە حكوومەت و پارێزگاری دهۆك کرد خانووەکەی نەڕووخێندرێت و هاوکاریش بکرێت.

دیندار عەبدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك رای دەگەیەنێ‌ كە بە هیچ شێوەیەك نابێت بڕیاری دادگا جێبەجێ‌ بكرێت. ئەو بە "وشە"ی گوت "دوای ئەوەی كە پەرویز سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكی كرد و لە نزیكەوە بارودۆخی خۆی باس كرد، ئێمە وەكوو ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بەدواداچوونمان بۆ كێشەكەی كرد و بە جیا لەگەڵ دادگای سێمێل و سەروكایەتی شارەوانی تەناهی كۆبووینەوە و بە سوپاسەوە دادگای ناوبراو پێداچوونەوەی لە بڕیارەكەی كرد و سەرۆكایەتی شارەوانی تەناهیش سكاڵای خۆی كشاندەوە و بڕیاری دا خانووەكە خاپوور نەكرێت.


ئەو گوتیشی  حاڵی ئەو پێشمەرگەیە باش نییە  و پێویستە حکوومەت هاوکاری بکات چونكە ئەوان ئێستە لە سەنگەرەكانی بەرگرین لەپێناو پاراستنی كوردستان. 

هاوکات لیوا تارق سلێمان هەرنی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی سپیلك بۆ "وشە" گوتی پەرویز یەكێكە لەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە لەنێو هێزەكانی پێشمەرگە لە فەرماندەیی سپیلك، دژی داعش دەجەنگێت و ئەو كاتەی كە دادگا بڕیاری خاپووركردنی خانووی ئەو پێشمەرگەی دا خوی لە نێو سەنگەرەكان بوو و دواتر گەڕاوەتە ماڵەوە و ئێستە كە دادگا بریاری داوە دەبێت جارێكی تر دادگا پێداچونەوە لە بڕیاری خوی بكات و قەرەبووی ئەو پێشمەرگەیە بکاتەوە.

ئەو پێی باشە بە پێدانی پارچەیەک زەوی قەرەبووی ئەو پێشمەرگەیە بکرێت و ناشبێت زێدەڕۆیی لە هیچ شوێنێک بکرێت.

پێشمەرگە پەرویز سەعید تەمەنی 45 ساڵە. چوار منداڵی هەیە و ئێستە لە تاخی " كێبلا"ی دهۆك نیشتەجێیە

دهۆك /نەوزاد هلوری


وشە - سلێمان تاشان