له كۆى 40 كاندیدى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، ئێسته ته‌نیا 25 كاندیدى ئه‌و حزبه ماونه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ى تریش به هۆكارى جیاواز له‌ناو لیسته‌كه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه. به‌پێى بهداواداچوونێكى "وشه"، هه‌ریه‌ك له‌و كاندیدانه‌ى كشاونه‌ته‌وه به‌هۆى جیاواز بووه و هه‌ڵوێستێكى هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا نه‌بووه، به‌ڵام به‌شى زۆریان به‌هۆى ناڕه‌زایى له سه‌رۆكى لیسته‌كه و جیاوازیكردن له نێوان كاندیده‌كان و عه‌بدولستار مه‌جیدى زاواى عه‌لى باپیر كشاونه‌ته‌وه.
كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به جیا له حزبه ئیسلامییه‌كانى تر‌ى كوردستان به‌شدارى له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كردووه كه بڕیاره له 30ى ئهیلوول به‌ڕێوه بچێت. ئه‌و حزبه سه‌ره‌تا 40 كاندیدى ڕاگه‌یاند و ناوی له كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى هه‌رێمى كوردستان تۆمار كردن، به‌ڵام له سه‌ره‌تاى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه تا ئێسته ته‌نیا 25 كاندید له‌وانه بانگه‌شه ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ى تریش ون بوون و له لیسته‌كه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى "وشه" له سه‌رچاوه‌یه‌كى ناو كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستانه‌وه ده‌ستى كه‌وتووه، به‌شێكى زۆر له كاندیده‌كان له سه‌ره‌تاى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌ستیان كردووه جیاوازى له بانگه‌شه‌ى ڕاگه‌یاندن له نێوان ئه‌وان و عه‌بدولستار مه‌جید كه ده‌كاته زاواى عه‌لى باپیر ده‌كرێ، بۆیه كشانه‌وه‌ى خۆیان ڕاگه‌یاندووه.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌یشى گوت، "بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ناڕهزایییه، عه‌لى باپیر ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بڕیاری داوه ته‌واوى پۆسته‌ره‌كان كه له‌سه‌ر حیسابى حزب چاپ ده‌كرێن، به وێنه و دروشمى خۆیه‌وه بێ، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه نه‌یتوانى ناڕهزایییهكان كپ بكاته‌وه".
ئه‌وه‌یشی ئاشكرا كرد كه ناڕه‌زایی له‌ناو كاندیده‌كان زۆرتر سنوورى هه‌ولێرى گرتووه‌ته‌وه و به‌شێكى زۆر له‌و كاندیدانهیشى كشاونه‌ته‌وه له سنوورى هه‌ولێرن.
"وشه" زانیویه‌تى، له‌ناو كاندیده‌كاندا ناڕه‌زایى له‌سه‌ر سه‌رۆكى لیستهكهیش هه‌بووه كه ئێسته سۆران عومه‌ره، به‌شێك له كاندیده‌كان پێیان باش بووه عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى لیست بێت، ئه‌وه‌یش به‌شێكى تر بووه له ناوه‌رۆكی ناڕهزایییهكان و هۆكار بووه بۆ كشانه‌وه‌ى چه‌ند كاندیدێكى تر.
پێشتر "وشه" ڕ‌اپۆرتێكى بڵاو كرده‌وه كه عه‌لى باپیر ده‌یه‌وێ زاواكه‌ى بكات به سه‌رۆكى لیستی حزبه‌كه‌ی، به‌ڵام له ماوه‌ى 24 سه‌عات پێش تۆماركردنى ناوى كۆمه‌ڵ له كۆمسیۆن، ئه‌و بڕیاره گۆڕا و سۆران عومه‌ر خرایه شوێنه‌كه‌ى.
هه‌ریه‌ك له هه‌ڵگرانی ژماره "14- 17- 19- 20- 21- 22-24- 25- 27- 30- 32- 33- 36- 37- 38" له كاندیدبوونیان له لیستى كۆمه‌ڵ كشاونه‌ته‌وه و سه‌ركردایه‌تیى ئه‌و حزبه‌یش داواى لێ كردوون هه‌ر ناڕهزایییهكیان هه‌یه تا دواى هه‌ڵبژاردن هه‌ڵی بگرن و ئه‌وكاته تاوتوێى ده‌كه‌ن.
عه‌باس محه‌مه‌د یه‌كێك له كاندیده كشاوهكانى ناو لیستى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، "ژماره‌یه‌ك كاندیدى ناو لیستى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به بیانووى جیاجیا كشانه‌وه‌ى خۆیان ڕاگه‌یاندووه و ئێسته كۆمه‌ڵ بانگه‌شه بۆ 25 كاندید ده‌كات".
ڕوونی كرده‌وه كه هۆكاره‌كان بۆ كشانه‌وه له لیستى كۆمه‌ڵى ئیسلامى جیاوازن. ئه‌و كاندیده ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ى له كۆمه‌ڵى ئیسلامى ڕه‌تى كرده‌وه كه كێشه‌كان كه‌سى بن و دووپاتى كرده‌وه، "نیگه‌رانى هه‌بووه به‌ڵام پێوه‌ندى به كه‌سه‌كانه‌وه نییه".
لاى خۆیه‌وه هه‌ورامان گه‌چێنه‌یى ئه‌ندامى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، به"وشه"ى گوت، "ڕاسته كۆمه‌ڵى ئیسلامى 40 كاندیدى پێشكه‌شى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى هه‌رێمى كوردستان كردبوو، به‌ڵام ئێسته 25 كاندید ماونه‌ته‌وه و بانگه‌شه ده‌كه‌ن".
به‌رپرسه‌كه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌و كاندیدانه ته‌نیا بۆ پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمى كۆمسیۆن تۆمار كراون، ئێسته نایانه‌وێ بانگه‌شه بكه‌ن و ده‌ربكه‌ون، كۆمه‌ڵیش ئه‌وه‌ى به كێشه نه‌زانیوه.
بهبڕواى چاودێرانى سیاسی ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كردوویه‌تى، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى فێڵكردن بووه له ئه‌ندام و لایه‌نگرانى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵ دڵنیا بووه‌ته‌وه له‌وه‌ی ناتوانێ ژماره‌ى كورسییه‌كانى له شه‌ش كورسییه‌وه زیاد بكات، بۆیه به‌مجۆره مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كاندیده‌كان كردووه.