پەرلەمانتارێكی یەكێتیی هێزە عێراقییەكان (سوننە) رای گەیاند كە دووشەمی داهاتوو هاوپەیمانیەتییەكەیان دوا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پڕۆژە یەكلاكردنەوە سیاسییەكەی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) رادەگەیەنێت، سەرچاوەیەكیش ئەو لایەنانە بڵاو دەكاتەوە كە پڕۆژەكە دەیانگرێتەوە.
عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) لە تشرینی یەكەمی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چیای زەرتك رای گەیاند كە بۆ قۆناغی دوای داعش نووسراوێكی یەكلاكردنەوەی سیاسی فرەوان و مێژوویی و بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیان بەدەستەوەیە.
دوای تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان لە كۆتای مانگی رابردوودا، هاوپەیمانی سوننە لە پەرلەمان رایان گەیاند كە مامەڵەكردن لەگەڵ پڕۆژە ئاشتەوایەكەی حەكیم دەوەستێنن و رەتی دەكەنەوە، دوێنێش سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامی هاوپەیمانیەتییەكە رای گەیاند كە سەرانی سوننە كۆبوونەتەوە بۆ رێكخستنەوەی خۆیان و دیاریكردنی هەڵوێستێك لە بەرامبەر پڕۆژەكە.
ساجیدە محەمەد پەرلەمانتاری سوننە ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە دووشەمی داهاتوو ئەوان هەڵوێستی خۆیان بە رەتكردنەوە یان قبووڵكردنی پڕۆژەكە یەكلا دەكەنەوە و ئاماژەی كرد كە زۆرینەی ئەندامانی هاوپەیمانیەتییەكە لەگەڵ مامەڵەكردنن و ئەوان نووسراوێكی یەكلاكردنەوەی خۆیان دەبێت كە پێشكەشی هاوپەیمانی نیشتیمانی و هەموو لایەنەكانی تری دەكەن.
زیاتر گوتی، ئێستە وتوێژی چڕ لە نێوان سەرانی سونە بۆ گوێگرتن لە بۆچوونی هەمووان لەبارەی نووسراوی یەكلاكردنەوەی سیاسی مێژوویی هاوپەیمانی نیشتیمانی هەیە كە دووشەم كۆبوونەوەیەكی فرەوانی لەسەر دەكەن و دوا بڕیاری خۆیان بە قبووڵكردن یان رەتكردنەوەی دەدەن.
محەمەد ئاشكرای كرد كە جیاوازی بۆچوون لەبارەی چەند پرسێكەوە هەیە وەك یاسای حەشدی شەعبی و رێژەی نوێنەرایەتی سونە لە ناو هێزەكە، بێجگە لە چەند بۆچوونێك لەبارەی ئەو كەسایەتی و لایەنانەی كە پڕۆژەكە دەیانگرێتەوە و كاتی دانراو بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە.
روونی كردەوە كە هاوپەیمانییەكەیان پشت بە بۆچوونی زۆرینە دەبەستێت لە بڕیاردان و زۆرینەی ئەندامانیش لەگەڵ قبووڵكردنی پڕۆژەكەن و بواردانن لە وتوێژەكان تەنیا یەك لایەن نەبێت، وەك ئاماژەیەك بۆ هاوپەیمانی موتەحیدوون بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی، دووپاتیشی كردەوە كە هاوپەیمانیەتییەكەیان نووسراوی یەكلاكردنەوەی تایبەت بەخۆی دەبێت كە پێشكەشی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) و هەموو لایەنەكانی تری دەكات.
لە 26ی تشرینی دووەمی رابردوو دوای تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لەناو پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدوون رەتكردنەوەی پڕۆژەیاسای ئاشتەوایی حەكیمی راگەیاند، لەو كاتەی سەلیم جبووری ركابەری نوجێفی لەناو هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان ستایشی پڕۆژەكەی كرد كە ئاشتەوایی لە وڵات دێنێتە كایەوە.
لای خۆیەوە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و نەیاری عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەناو هاوپەیمانیەكە رای گەیاند كە نابێت پڕۆژەكە ئەو كەسانە بگرێتەوە كە پێشتر بەشداریان لە گۆڕەپانی مانگرتن كردووە، هەروەها ئەوانەی دەستیان بەخوێنی عێراقییەكانەوە سوورە و ئەوانەشی داوای بەهەرێمكردن دەكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ نەیارانی سوننە بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە تاریق هاشمی و خەمیس خەنجەر و ئەسیل نوجێفی و رافیع عیساوی و عەلی حاتم سەلمان و هیتریش.
لەلایەكی تر میدیایەكی عێراقی لە سەرچاوەیەكەوە دەیگوازێتەوە كە ئەوانەی پڕۆژە چاكسازییەكەی عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) دەیانگرێتەوە كە رەنگە بەشێكیان وەك مەرجی سوننەكان یان وڵاتانی عەربی و ناوچەكە بخرێنە روو بریتین لە،
سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری سەردەمی سەدام حوسێن كە تا ئێستەش لە زیندانە، تاریق هاشمی جێگری پێشووی سەركۆماری عێراق كە لە توركیایە و بەبێ ئامادەبوون تۆمەتی تیرۆری دراوەتە پاڵ خۆی و لایەنگرانی، رافیع عیساوی وەزیری پێشووی دارایی عێراق خۆی و لایەنگرانی، ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی مووسڵ و عەلی حاتەم سەلمان یەكێك لە سەرۆك هۆزەكان و لایەنگرانی و خەمیس خەنجەر گەورە سیاسەتوان و بازرگانی سونە و لایەنگران.
هەروەها بڕیارە پڕۆژەكە هەریەك لە سوپای نەقشەبەندی و لیواكانی ناسر سەڵاحەدین، حەماسی عێراق و كەتیبەكانی شۆڕشی بیست و سوپای موجاهیدین/ناسر جەنابی، ئەنجوومەنی شورای موجاهیدین/عەبدوڵا جەنابی، بەعسییەكان لە لایەنگرانی ئەحمەد یوونس وەك كەسایەتی نەوەك حزب، بەعسییەكان لە لایەنگرانی عزەت دووری وەك كەسایەتی، دەستەی زانایانی موسڵمان/ موسەنا حارس زاری، جیهاد و تەوحید وەك كەسایەتی نەوەك گرووپ، سوپای ئیسلامی/ ئەحمەد دەباش و داعش وەك كەسایەتی نەوەك رێكخراو.
خالید عەلوانی پەرلەمانتاری سوننە لەو بارەوە رای گەیاند كە ئێستە نەتەوە یەكگرتووەكان خەریكی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە و هاوپەیمانیەتییەكەیان بەدوای دەستكەوتنی مسۆگەریی لایەنی سێیەمە وەك نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ جێبەجێكردنی چەند بڕگەیەكی پڕۆژەكە و گۆڕینی هەندێكی تریان بۆ رازیبوون لەسەری.
ئێستە هەوڵەكانی عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) زۆر ریژدانە بۆ سەرخستنی پڕۆژەكەی بەردەوامە و ئەو دەیەوێت لە ناوەخۆی وڵات و لە دەرەوەش پاڵپشتی تەوای بۆ كۆ بكاتەوە، لەو ناوەشدا سەردانی هەریەك لە ئوردن و ئێرانی كرد و دەقی پڕۆژەكەی بۆ باسكردن و داوای پاڵپشتی لێ كردن و بڕیاریشە سەردانی میسر بكات.
سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز، عەرەبی ئەلجەدید، مەوازین نیوز