بەیانی لە هەولێر پەردە لەسەر تابلۆی فەرماندەیەكی شەهید لا دەدرێت

:: AM:09:47:15/12/2016 ‌

كچە شێوەكاری كورد نەورۆز شەهاب بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە، تابلۆی یەكێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە دەكێشێت و بەیانی هەینی لە هەولێر پەردەی لەسەر لا دەدات.

لەوبارەیەوە ناوبراو بە"وشە"ی راگەیاند: بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندەی پێشمەرگە مەغدید هەركی، لە نمایشی تابلۆی شەهیددا بەیانی لەلایەن خێزانی ناوبراوەوە لەژێر چاودێری پێشمەرگە و سەركردەی كورد محەمەدی حاجی مەحموود، پەردە لەسەر تابلۆكەی هەڵدەدەرێتەوە. ئەو تابلۆیەم بەقەبارەی 230 + 150 سم دروست كردووە لەگەڵ كەرەستەكانی شەهید لەو مادە و جلوبەرگانەی لە ژیانی ڕۆژانەی بەكاری هێناون .

ئەو تابلۆیەم بەشێوە و ستایڵی3d كێشاوە بەرۆنی كێشاوە، شەهید تێیدا لەوپەڕی سەركەوتنێكی گەورەدایە و زۆر بەگەشبینیەوە دەڕوانێتەوە دواڕۆژی كوردستان، لە پشتەوەی دیمەنی تێكشاندن و سەركەوتنی پێشمەرگە دەگەیەنێت، دوو پڵنگیش لە پێشیتی كە فەنتازیایە و دەنگی ئازایەتی و بوێری ناوبراوە، هێمایەكیشە بۆ پێشمەرگە بوێرەكانی تر. لەو تابلۆیەدا فەرماندەی ناوبراو هەنگاوەكانی بۆ دەرەوەی چوارچێوەی تابلۆكەیە وەك هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و دووبارە لە دایكبوونەوە و گەڕانەوەی شەهید و لەبیرنەكردنی خوێن و قوربانییەكان و ڕێزگرتن لە سەروەرییەكانیان . 

هەروەها گوتی، ئەو تابلۆیەم لە ماڵەوە لە ژووری تایبەتی وێنەكێشانم كێشاوە، ماوەی دوو مانگ سەرقاڵی بووم، فەرماندەی ناوبراو پێش شەهیدبوونی داوای تابلۆی خۆی كرد و هاوڕێی یەكتریش بووین، منیش بەڵێنم پێی دابوو بۆی بكێشم، ئێستەش خۆبەخشانە ئەو تابلۆ و پڕۆژەیەم بەئەنجام گەیاندووە وەك سەربەرزییەك بەرامبەر خوێنی شەهید و گشت شەهیدەكانی ڕێگەی سەربەخۆیی . 

ئاماژەی دا، دوای ئەو تابلۆیە پڕۆژەی دووەمم زۆر گەورەیە، تایبەتە بەسەركەوتنە گەورەكانی پێشمەرگە كە لە سەرەتای شەڕی داعشەوە دەست پێ دەكات تا دەسكەوتەكانی ئێستە، ئەو پڕۆژەیەشم دیواربەندێكی گەورەیە، دەمەوێت وەك مێژوویەك بمێنێتەوە، بەڵام زۆر پێویستم بەهاوكارییە تا بەئەنجام بگەیەنم . 

بەیانی ڕۆژی هەینی 16/12 سەعات دووی دوای نیوەڕۆ لە هەولێر لە بەستۆرە لە ماڵی فەرماندەی ناوبراو، پەردە لەسەر ئەو تابلۆیە لا دەدرێت.

هه‌ولێر/ شاخەوان شێخانی









وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د