قاسملوو كوردی بە سۆسیال دیموكراتەكان ناساند
یەكێتی باسی رۆژهەڵاتی كوردستان قەدەغە دەكات

:: AM:10:48:15/12/2016 ‌

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان میوانداری كۆنفڕانسی سۆسیال ئینتەرناسیۆنالی لە سلێمانی گرتە ئەستۆ، سەرباری بەشداری حزبەكانی رۆژهەڵات، لە كۆنفرانسەكەدا كە دوو رۆژی خایاند، پرسی كورد لە باكور و رۆژئاوا قسەی لەبارەوە كرا، بەڵام رێگە نەدرا باس لە پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێت. ئەندامێكی سەركردایەتی "حدكا"یش رەخنە لە بەڕێوەبەرانی كۆنفرانسەكە دەگرێت.

رۆژی یەكشەم 11ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆنفرانسی حزبە سۆسیال دیموكراتەكانی بۆ ماوەی دوو رۆژ رێك خست، بەڵام رێگەی نەدا حزبەكانی رۆژهەڵات بەشداری لە باسەكاندا بكەن، ئەو مامەڵەكردنە بووە هۆی تووڕەیی حزبەكانی رۆژهەڵات بەوەی كە رێگە نادرێ پرسی كوردانی رۆژهەڵات لە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان باس بكرێت.

رۆستەم جیهانگیری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەو رووداوە رای دەگەیەنێت، "كونفڕانسی سۆسیالئەنترناسیۆنال لە كوردستان دەگیرێ و باسی كوردستانی روژهەڵات ناكرێ،  ئایا ئەوە لەژێر كاریگەری ئێرانە یان شتێكی تر لە بن بەڕەكەیە، بەداخەوە بو كورد".

لەو كۆنفرانسەدا كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە كوردستانی رۆژهەڵات، بەشدار بوون، سەرباری ئەوەی حدك لە ساڵی 2014ەوە ئەندامی فەرمی و حدكا لە ساڵی 1996ەوە ئەندامی چاودێرە و ساڵی ٢٠٠٨یش بووەتە ئەندامی ڕاوێژكار و كۆمەڵەیش ئەندامی ڕاوێژكاری ئەو ڕێكخراوەیە، بەڵام لە سلێمانی رێگری كرا لە بەشداریكردنیان لە باسەكاندا.

رۆستەم جیهانگیری كە هاوكات بەرپرسی سیاسی-نیزامی حدكایە، لە لێدوانیكدا بۆ "وشە" رای گەیاند: "بۆ من و سەرجەم ئەندامانی حزبی دیموكرات و حزبەكانی تری رۆژهەڵات جێی پرسیارە كە بۆ نەیانهێشتووە قسە لەسەر پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێت، رێگەی كورد بۆ ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیزم لە ڕێگەی رێبەرەكەی ئێمەوە بووە و یەكەم حزبی كوردیی بووین كە كراوین بە ئەندام و وەك راوێژكار هەڵبژێردراین و هەموو ساڵێك لە كۆنگرەكاندا بەشداری دەكەین".



زیاتر روونی دەكاتەوە: "دكتۆر سادق شەرەفكەندی هەر بۆ بەشداری لە كۆنگرەی سۆسیال ئینتەرناسیۆنال چووە بەرلین و لەو رێگەیەدا تیرۆر كرا، بەڵام لە پایتەختی رۆشنبیری كۆبوونەوەی ئینتەرناسیۆنال دەكرێت، كوردی رۆژهەڵات نەك هەر پانەڵێكی پێ نادرێ، بەڵكو ناهێڵن لە باسەكانیشدا بەشداری بكەن".

بەشداری پێ نەكردنی حزبەكانی رۆژهەڵات تەنیا ئەندامانی حدكای نیگەران نەكردووە، بەڵكو باڵەكەی تری دیموكراتیش گازەندەكانیان ناشارنەوە. ئیسماعیل شەرەفی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی "حدك" ئاشكرای دەكات: "ئەوە دوكتۆر قاسملووی شەهید و حزبەكەی بوو رێگەی كوردی پارچەكانی تری كوردستانی بۆ رێكخراوی سۆسیال  ئەنترناسیۆنال و دۆستایەتی لەگەڵ سۆسیالیستەكانی دنیا خۆش كرد. ئەمڕۆ لە بەشێكی كوردستان و نزیك لە رۆژهەڵاتی كوردستان سۆسیالیستەكان كۆ دەبنەوە و كوردی پارچەكانی تری كوردستان دەرفەتی قسەكردنیان پێ دەدرێ، كەچی حزبی دیموكرات "بەهەردوو بەشەكەیەوە" دەرفەتی بەشداریكردنی لە باسەكاندا پێ نادرێ".

لە كۆنفرانسەكەی سلێمانیدا مژارەكانی "تیرۆریزم، پاراستنی پەنابەران و پتەوكردنی دیموكراسی" خرانە بەرباس و لەلایەن ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی باس لە پرسی كورد لە باكور و ڕۆژئاوای كوردستان كرا. وەك ئیسماعیل شەرەفی ئاماژە دەدات "بیانووەكە ئەوەیە كە باسەكان تایبەتن بە تیرۆر و توندوتیژی وەك بڵێی حزبی دیموكرات نەزانێ تیرۆر چییە, وەك ئەوەی بەڕێوەبەرانی ئەم كۆنفڕانسە هێندە گێل بن كە نەزانن دوو رێبەری ئەم حزبە هەر دوای بەشدارییان لە كۆنفرانسی ساڵانەی پارتە سۆسیالیستەكان بە دەستی رەشترین رێژیم "كۆماری ئیسلامیی ئێران" تیرۆر كران.

رۆستەم جیهانگیری دەپرسێ "بۆچی كوردی رۆژهەڵات پشتگوێ دەخرێن، بۆچی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن براكانمان لە باكور و رۆژئاوا و باشوور پشتگوێ دەخرێت؟، بڵێی ئێمەی رۆژهەڵاتی كورد نەبووبین و بەرژەوەندی كوردی پارچەكانی ترمان نەپاراستبێت؟".

زیاتر دەڵێ، "بڵێی ئەو پەراوێزخستنە لەژێر كاریگەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، یان شتێكی تر لەژێر بەڕەكەیە و تا ئێستە دەرنەكەوتووە، من ئەو رەخنە و گازەندانەم لە بەڕێوەبەرانی كۆبوونەوەكە هەیە، ئەویش لە سلێمانییەك كە رووبارێك خوێنی لەپێناو كوردبووندا داوە".

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەوە جاری یەكەم نییە حزبەكانی رۆژهەڵات و پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەراوێز دەخرێت و چاودێران هۆی ئەو پشتگوێخستنانە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو پێوەندییە پتەوەی یەكێتی و كۆماری ئیسلامیی ئێران و تا ئێستە میدیاكانی ئەو حزبە، تەنانەت بە شێوەی هەواڵیش گرنگییان بە شەهیدبوونی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات نەداوە.


وشە - هیدایه‌ت جان