"نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە"

:: AM:11:06:04/10/2018 ‌
ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە گوتی، نرخی نەوت ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە، تا ساتی جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، نرخی بەرمیلێك نەوت دەگاتە 100 دۆلار و ڕەنگە زیاتریش بەرز ببێتەوە.

د. بێوار خنسی ڕاوێژكاری كاروباری وزە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرانبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بڕیارە لە پێنجی نۆڤێمبەری داهاتوویش ئەمەریكا سزا بخاتە سەر كەرتی وزەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە پێشبینی دەكرێ نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز ببێتەوە.

زیاتر گوتی، نرخی نەوت دوای بەرزبوونەوەی لە سەرەتای مانگی 11 هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، ئەگەر كۆمپانیاكان هەناردەی نەوتی ئێران ڕابگرن و نەوتی ئەمباركراوی كۆگاكانی ئەمەریكایش كەم دەبێتەوە، بۆیە داواكاری و خواست لەسەر نەوت زۆر دەبێ و ئابووری دنیا پێویستی بە نەوتی زیاتر دەبێ.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، لەبەر ئەم هۆیەیە وڵاتانی ئەوروپا دوودڵن لە جێبەجێكردنی گەمارۆكانی سەر ئێران، چونكە ڕۆژانە ئێران سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، ئەگەر ڕۆژانە ملیۆنێكی لێ كەم ببێتەوە، كە 96 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا دەفرۆشرێ، كاریگەری زۆری لەسەر بازاڕی نەوت و وزە دەبێت و نرخی نەوت زۆر بەرز دەبێتەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانی بێوار خنسی گوتی، هەموو وڵاتان بە پەلە دەستیان بە كڕینی نەوت كردووە، چونكە پێشبینی دەكرێ نرخی نەوت زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە، بە تایبەت ئەگەر ئێران هەڕەشەكانی لە گەرووی هورمز بە ڕژدی بێنێتە دی، ئەوا گرفت بۆ 17 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی كەنداو دەكات، ئەمەیش بەرزبوونەوەی خێرا و گەورەی لێ دروست دەبێ.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د