هەولێر.. لە پێشبڕكێی دوو ئۆتۆمبێل شۆفێرێك گیان لە دەست دەدات

:: PM:01:48:13/10/2016 ‌
بەهۆی پێشبڕكێی نێوان دوو ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگەی هەولێر، شۆفێری یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان گیان لە دەست دەدات.

فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی پارێزگای ھەولێر لە بڵاوكراوەیەكدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، ڕای گەیاند بەھۆی پێشبڕكێی نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری "تۆیۆتا پیك ئاب"، ڕووداوێكی ھاتوچۆ لەسەر ڕێگەی سەرەكی ھەولێر ـ كەركووك ڕووی دا و شۆفێری یەكێكیان گیانی لە دەست داوە.

ئاماژە بەوەش دەدات: لە ئەنجامی پێشبڕكێكە یەكێك ئۆتۆمبێلەكان خۆی بە تەنیشتی بارھەڵگرێكدا كێشاوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی  بارھەڵگرەكە لەنگەری تێك چووە و خۆی كێشاوە ئۆتۆمبێلەكەی تردا و خستوویەتییە تەنیشت ڕێگەكە، بەو ھۆیەشەوە شۆفێرەكەی كە سەرقاڵی چاكردنی ئۆتۆمبێلەكەی بووە، بارھەڵگرەكە كردوویەتی بە ژێرەوە و گیانی لە دەست داوە.

ساڵانە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان گیان لە دەست دەدەن، هۆكارەكانیش بۆ تیژڕۆیی و جێبەجێنەكردنی یاساكانی هاتوچۆ و هەروەها بۆ نەبوونی مەرجەكانی ڕێگاوبانی شەقامەكان دەگەڕێتەوە.

وشە/ كوردۆ شابان


وشە - كوردۆ شابان