یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لە دەرگەی پارتی دەداتەوە

:: AM:11:03:05/10/2018 ‌
 
تا ئێستە كەركووك بە داگیركراوی ماوەتەوە و حزبە سیاسییەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پارتی دەتوانێ‌ كلیلی چارەسەری كێشەی كەركووك بەكار بێنێت. بەڵام بەرپرسێكی پارتی ڕای دەگەیەنێت، تا ئێستە كەركووك داگیر كراوە و لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ لەسەر كەركووك دەكەن، چونكە یەكێتی هیچ دەسەڵاتێكی لە پارێزگاكەدا نەماوە.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو خیانەت ڕووی دا. حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی هێرشیان كردە سەر كەركووك و داگیریان كرد، لەو كاتەوە تا ئێستە شارەكە بە داگیركراوی ماوەتەوە، یەكێتی كە بە تۆمەتباری سەرەكیی ئەو خیانەتە دادەنرێ‌، ئێستە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك پەنای بۆ پارتی بردووە و داوای ڕێككەوتنی لێ‌ دەكات، بەڵام پارتی مەرجی هەیە.

هەرچەندە كەركووك ئێستە لەژێر دەسەڵاتی سەربازیدایە، بەڵام یەكێتی لە بەیاننامەكانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی داوا دەكات دەسەڵاتی مەدەنی بۆ شارەكە بگەڕێتەوە. پارتیش شارەكە بە داگیركراو دادەنێت و پێی وایە "یەكێتی هیچ دەسەڵاتێكی لە شارەكەدا نەماوە تا گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەن". لێرەدا پرسیاری ڕژد ئەوەیە دۆخی كەركووك بە كوێ‌ دەگات؟.

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك /یەكێتی/ بۆ "وشە" گوتی، ئاساییبوونەوەی دۆخی كەركووك پێوەندی بە ڕێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەیە، چونكە ئەوان دەتوانن دۆخەكە ئاسایی بكەنەوە بە تایبەت ئەگەر لەو قۆناغەدا پارتی بگەڕێتەوە بۆ كەركووك.

ڕوونی كردەوە، "دانانی پارێزگار دەسەڵاتی بەغدا نییە و بە یاسا دانراوە كە كورد خۆی دەتوانێ پارێزگارێك دابنێت. ئەوە بە پارتی و یەكێتی و یەك كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكرێ‌".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر پارتی و یەكێتی ڕێك بكەون، دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن و دۆخەكە بەرەو ئاساییبوونەوە ببەن. ئەو دڵنیایە لەوەی بە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەن كێشەكانی كەركووك چارەسەر دەبن.

هاوكات بەختیار محەمەد كارگێڕی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی لە كەركووك پێی وایە، دۆخی كەركووك تەنیا بە كاركردن بۆ بەكۆتاهێنانی ئەو دۆخە سەربازییەی لە كەركووك هەیە ئاسایی دەبێتەوە. ڕوونی دەكاتەوە كە "هێشتا كەركووك لەژێر دەسەڵاتێكی سەربازیی توندایە".

بەرپرسەكەی حزبی شیوعی بۆ "وشە" هێما بەوە دەكات كە پێویستە پارتی و یەكێتی ڕێك بكەون و بیر لە لابردنی دۆخی سەربازیی كەركووك بكەنەوە. زیاتر ڕوونی دەكاتەوە كە كەس خۆی بە خاوەنی كەركووك نازانێ و هەنگاوەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە خاوە.

پارتی: دەبێ‌ دڵنیامان بكەنەوە كە خیانەت ناكەنەوە

لای خۆیەوە د. محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "پارتی و یەكێتی بڕیاریان داوە لیژنەیەكی هاوبەش بۆ دۆخی كەركووك دروست بكەن و كۆبوونەوەیش كراوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی نوێی كوردستان و عێراق گفتوگۆكان ڕاگیراون".

زیاتر گوتی، هەموو هەنگاوەكان بەو ئاراستەیەن كەركووك ئاسایی بكرێتەوە. یەكێتی ئێستە هیچ دەسەڵاتێكی نییە لە كەركووك تا بێت گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بكات، بۆیە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك پێوەندی بە گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا هەیە.

ئەوەیشی گوت، ئەوەی پێوەندی بە پارتی و یەكێتییەوە هەیە، ئەوەیە چۆن بتوانین دۆخی كەركووك ئاسایی بكەینەوە. پارتی دەیەوێ‌ دڵنیا بێت كە جارێكی تر خیانەت نەكرێتەوە لە یەكڕیزی ناوخۆی كورد لە كەركووك، ئەوكاتە بڕیار دەدات.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم