عێراق..پۆستەكانی حكوومەت لەسەر بنەمای كورسی لایەنەكان دابەش دەكرێتەوە

:: PM:03:42:06/10/2018 ‌

مەرجەكانی عادل عەبدولمەهدی چەندە دەبێتە رێگر لە نەگەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، لە وەختێكدا حزبەكان گوشارەكانیان دەست پێ كردووە و ناوبراویش پێشوەختە هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوەی كردووە. پێوەند بە كوردیش پەرلەمانتارێك دەڵێ، یەكێتی نەك  هەر خاڵی نەماوە، بەڵكوو قەرزاریشە.

ماوەی دوو رۆژە گفتوگۆ سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەستی پێ كردووە، بەڵام هیچ لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتەكانی پێش خۆی جیاواز نییە، بە پێچەوانەوە حزبەكان پابەندن بە سەپاندنی مەرجەكانیان لەسەر عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، لە كاتێكدا ئەویش كۆمەڵێك مەرجی داناوە بۆ ئەوەی پۆست لە كابینەی حكوومەتەكەی وەردەگرێت.

ئەگەرچی زانیارییە دزەپێكراوەكان باس لەوە دەكەن هەر لیستێك خاوەنی كورسی پەرلەمانی بێت، ئەوا پۆست وەردەگرێت، بەڵام پۆستەكان بەگوێرەی قەبارەی هەر لیستێك دابەش دەكرێت، ئەوەش ئاشكرا كراوە هەر خاڵێك یەكسانە بە دوو كورسی، بۆیە پۆستی هەر وەزارەتێك بەرانبەر بە چوار خاڵە كە دەكاتە هەشت كورسی پەرلەمانی، بەڵام بۆ پۆستە سەروەرییەكان پێنج خاڵی پێویستە كە دەكاتە 10 كورسیی پەرلەمانی.

كورد چی بەردەكەوێت؟
ئەگەر بەو پێوەرە بێت، پارتی دیموكراتی كوردستان 25 كورسیی هەیە كە دەكاتە 12 خاڵ و نیو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 18 كورسی هەیە كە دەكاتە نۆ خاڵ، بزووتنەوەی گۆڕان پێنج كورسی دەكاتە دوو خاڵ و نیو، نەوەی نوێ چوار كورسی دەكاتە دوو خاڵ، كۆمەڵی ئیسلامی دوو كورسی دەكاتە یەك خاڵ، یەكگرتووی ئیسلامی دوو كورسی دەكاتە یەك خاڵ، هاوپەیمانی دوو كورسی دەكاتە یەك خاڵ.

بەو پێوەرە بێت، ئەوا بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و هاوپەیمانی پۆستی وەزارەتیان بەرناكەوێت، روونیش نییە بەرانبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆكی پەرلەمان چەند خاڵ لە یەكێتی و پارتی كەم كراوەتەوە.

بەگوێرەی پشكی نەتەوەی كورد بێت وەك پێكهاتەی سەرەكی و دووەمی عێراقی، ئەوا جگە لە پۆستەكانی سەرۆك كۆمار بەرانبەر بە سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆك پەرلەمان بۆ سوننە، ئەوا پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیرانیشی بەردەكەوێت بەرانبەر دابەشكاری سێ پۆستە باڵاكە و جێگرانی.

جگە لەوە، لە وەزارەتە سەروەرییەكان كە وەزارەتەكانی بەرگری، دەرەوە، ناوخۆ، دارایی و نەوت دەگرێتەوە، وەزارەتێك پشكی كوردە، هاوشانی ئەوەش لە وەزارەتەكانی تر، پۆستی دوو وەزارەتی تری بەردەكەوێت لەگەڵ سەرۆكی دەستەیەك لە دەستە جیاوازەكانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران یان پەرلەمان.

پێوەند بەو دابەشكارییە، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، بە وردی چاودێری پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكەین. بەڵام پەرلەمانتارێكی پارتی لە بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند كە پارتی پۆستەكانی تر دەبات و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هیچ پۆستێكی لە حكوومەتی نوێی عێراق بەرناكەوێت، ئەگەر لەسەر بنەمای خاڵ بێت، ئەوا یەكێتی قەرزارە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری كە 30 خاڵی پێویستە!

ئەو پەرلەمانتارە كە رازی نەبوو ناوەكەی بڵاو بكرێتەوە، گوتی "پارتی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، وەزارەتێكی سەروەری و وەزارەتێكی خزمەتگوزاری بەردەكەوێت لەگەڵ دەستەیەكی سەربەخۆ".

هەر پێوەند بە كورد، هێشتا دیار نییە لایەنە كوردستانییەكان هاوپەیمانی كوردستانی پێكدەهێننەوە یان نا، بەڵام ئاماژەكانی دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەستەمە بتوانن رێك بكەون. هاوكات دیاریش نییە لایەنەكانی تر جگە لە پارتی و یەكێتی، بەشداری لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن یان نا، ئەگەریش بەشداری بكەن، ئەوا كامیان بۆ ئەوی تر سازش دەكات بۆ ئەوەی ژمارەی خاڵەكانی بگاتە ئاستی وەرگرتنی وەزارەتێك.

پێنج كاندید بۆ هەر پۆستێك
چاودێران و سیاسییەكان ئاشكرای دەكەن كە عادل عەبدولمەهدی چەند پێوەرێكی دەستنیشان كردووە بۆ پێدانی پۆستی وەزارەتەكان بە كاندیدی حزبەكان، لەوانە هەر لایەنێك كە خاڵەكانی گونجاو بێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری، ئەوا دەبێ پێنج كاندید پێشكەش بكات كە تایبەتمەندی لەگەڵ وەزارەتەكە گونجاو بێت و بڕوانامەی بەرزیشی هەبێت، ئینجا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو سەرپشكە یەكێك لەوان هەڵبژێرێت، بەو ئامانجەی حكوومەتێكی تەكنۆكرات دامەزرێنێت.

چاودێران دەڵێن ئەگەرچی ئەمەش جۆرێكی ترە لە گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و بەردەوامیدان بە ئیدارەدانی حكوومەت لەسەر بنەمای پشك پشكێنەی حزبی و تایفەگەرایی، بەڵام ئەمجارەیان لە پەنجەرەی تەكنۆكراتیدا.

رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی و ئەندامی هاوپەیمانی سائیڕوون دەڵێ، راسپاردنی عادل عەبدلمەهدی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سوپرایز نەبوو، بەڵكو هەمووان نیمچە رێككەوتنیان لەسەر هەبوو بەو پێیەی لەسەر هیچ لایەنێك هەژمار ناكرێت، گوتی "بۆیە پێویستە رووبەرێكی باشی ئازادی پێ بدرێت لە دەستنیشانكردنی باشترین كاندید بۆ وەزارەتەكان لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی، تا ئێستەش هیچ لایەنێك گوشاری نەخستووەتە سەری و وەك هاوپەیمانی سائیروون هێشتا ناوی هیچ كاندیدێكمان دەستنیشان نەكردووە بۆ وەرگرتنی پۆست لە حكوومەت".

سكرتێری حزبی شیوعی ئەوەشی خستەڕوو كە حزبە سیاسییە كۆنەكان هەموویان بەشداری لە حكوومەت دەكەن، بەڵام ئەوانەی پێشتر پۆستیان هەبووە، پێیان نادرێتەوە، بەڵكو دەبێت كەسانی نوێ بێننە پێشەوە.

"لیستە سیاسییەكان بۆ هەر پۆستێك سێ كاندید پێشكەش دەكەن، بەڵام دواجار بڕیار لای سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە، رەنگە حزبەكان پەنا ببەنە بەر كەسانی سەربەخۆ لە دەرەوەی حزبەكانیان".


عەبدولمەهدی.. لە نێوان هەڕەشە و مەرج
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە عادل عەبدولمەهدی دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، هەرزوو هەستی بەوە كردووە كە حزبە سیاسییەكان گوشاری دەخەنە سەر، ئەمەش وایكرد پێش ئەوەی بێتە راسپاردن بۆ پێكهێنانی حكوومەت، مەرجی بەسەر لایەنە شیعەكان داناوە كە قبووڵی دەستوەردان ناكات و هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوەشی كردووە ئەگەر حزبەكان لەكاتی گفتوگۆ و دانوستاندا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان سنوور تێ بپەڕێنن لە دەستنیشانكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ وەزارەتەكان.

 عامر فەیاز پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، پشتڕاستی هەڕەشەی عادل عەبدولمەهدی دەكاتەوە لە دەست لەكاركێشانەوە و جێهێشتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ئەگەر حزبە سیاسییەكان گوشاری بخەنە سەر لە دەستنیشانكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكان. گوتی "دەستنیشانكردنی كاندیدەكان بە رێككەوتن دەبێت، ئەمەش عادل عەبدولمەهدی پێی رازی بووە".

زیاتر گوتی "عەبدولمەهدی بە حزبە سیاسییەكانی راگەیاندووە كە پێنج كاندید پێشكەش بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی هەر وەزارەتێك بە مەرجێك ئەو كەسانە تایبەتمەندی و شارەزایییان هەبێت لە بەڕێوەبردنی ئەو وەزارەتە و بڕوانامەی باڵاشیان هەبێت، لە نێوان هەر پێنج كاندیدەكەش، دەسەڵاتی دەستنیشانكردنی یەكێكیان بۆ عادل عەبدولمەهدی دەبێت نەك حزبەكان، بۆ ئەمەش لەسەر حزبەكانە تا هەفتەی داهاتوو ناو و سیڤی كاندیدەكانیان دەبێت بدەن بە راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە مەبەستی لێوردبوونەوە".



وشە - فه‌رمان سادق