ڕۆژێك پشوو بۆ قوتابخانەكان دەگەڕێتەوە؟

:: PM:06:17:06/10/2018 ‌

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پشووی شەمووان بۆ قوتابخانەكان ناگەڕێتەوە و ئاماژە بەوەیش دەكەن، ئاگاداری ئەوە نیین كە لە هەندێك قوتابخانە ڕۆژێك پشووی بە مامۆستایان درابێت.

ئەمڕۆ شەموو، دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە ڕێ‌ بە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان دراوە لە هەفتەیەكدا ڕۆژێك وەك پشوو بدات بە مامۆستایان، بەڵام وەزارەتی پەروەردە ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

لەچەند ساڵی ڕابردوو بە هۆی تەنگژەی دارایی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدابوو كە ڕۆژانی شەموو پشوو بێت بۆ مامۆستایان وەك قەربوویەك بۆ دواكەوتنی مووچەكانیان، بەڵام بۆ خوێندنی ئەم ساڵ ئەو بڕیارە هەڵوەشێنرایەوە.

سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی گوت، هیچ بڕیارێك لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە نییە بۆ ئەوەی پشووی شەمووان بگەڕێتەوە.

دووپاتی لەوەیش كردەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پشووی شەمووان جێبەجێ‌ دەكرێت و ئەوەیشی لەبارەی دەسەڵاتی بەرێوەبەرەكان بۆ پێدانی ڕۆژێك پشوو بۆ مامۆستایان باس دەكرێت تەنیا قسەیە.

ڕۆژی دووی ئەم مانگە خوێندنی ساڵی نوێ‌ لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، هاوكات یەكێتی مامۆستایان داوایان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەڵبوەشێنێتەوە.



 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم