لەم هەفتەیە مووچەی ئەو شوێنانە دابەش دەكرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری سبەی یەكشەم دەست بە دابەشكردنی مووچەی دیوان و لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەكات، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێ لەم هەفتەیەدا تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی مووچە وەردەگرن.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە"ی را گەیاند، سبەی یەكشەم حەوتی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووزی  دیوان و لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئاشكرای كرد، لەم هەفتەیەدا جگە لە مووچەی دیوان و لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكەكانی 80ی پارتی و 70ی یەكێتی و مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی و دارایی دابەش دەكرێت.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئەوەیشی خستەڕوو، دوای تەواوبوونی مووچەی وەزارەتەكانی سەرەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت لە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكانی تر.

جێی باسە ماوەی چەند مانگێكە وەزارەتی دارایی بە شێوەیەكی را نەگەیەنراو لە پێنجی هەر مانگێكەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكات و تا 25ی مانگ كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێنێت.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابینی دەكات و مانگانەش ئەمەریكا 24 ملیار دینار راستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەشی دەكات.

بەهۆی تەنگژەی داراییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە فەرمانبەران دەكات، بەڵام پاشەكەوت تاوەكو كۆتایی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە ‌و بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی نەگرتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:07:44:06/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 6936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌