هەڵەی پزیشكی لە سلێمانی پەرەدەسێنێت

:: PM:09:29:07/10/2018 ‌
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، لە سنووری سلێمانی چەندان حاڵەتێكی هەڵەی پزیشكی و تەندروستی تۆمار كراوە، بەڵام حاڵەتی گەورە و مەترسیداری تێدا نییە و لێكۆڵینەوەیش لە سكاڵای هاووڵاتییان بەردەوامە.

سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەڵەی پزیشكی لە هەموو وڵات و ناوچەیەك ڕوودەدات، گرنگ ئەوەیە هەڵەی مەترسیدار و گەورە ڕوونەدات. ئاماژە بەوە دەكات، لە سنووری سلێمانی چەند حاڵەتێك لە هەڵەی تەندروستی تۆمار كراوە كە 15 بۆ 20 هەڵە دەبێ‌.

زیاتر گوتی، ئەو حاڵەتانی كە تۆمار كراون و بە هەڵە دادەنرێن لە بەشی یاسای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پەڕاویان بۆ كراوەتەوە و نامانەوێت هیچ هەڵەیەك بەسەرمان بڕوات، بۆیە گرنگی بە هەر سكاڵایەك دەدەین كە تۆمار بكرێت.

" هەر هەڵەیەكی پزیشكی ڕۆژانە تۆمار دەكرێن، یان كاتێك نەخۆش سكاڵا دەكات، ئەگەر هەڵەتێگەشتن بێت ڕوونكردنەوە دەدرێت بە نەخۆشەكە،  ئەگەر هەڵەكەیش پێویستی بە لیژنە بێت دەدرێتە لیژنە، لەگەڵ ئەوەیشدا پزیشك و كارمەند هەیە بەهۆی هەڵەوە لە لێكۆڵینەوەدایە".

ئەوە لەكاتێكدایە كە تەنیا ئەمڕۆ لەسلێمانی بەهۆی پێدانی دەرمان بە هەڵە بە خۆش ژمارەیەك دەرمانخانە داخراون و لەماوەی ڕابردوویشدا چەند پزیشكێك لە كوردستان بەهۆی هەڵەی پزیشكی مۆڵەی كاركردنیان لێ‌ سەندراوەتەوە.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم