بازاڕی مامەڵە بە پۆستی وەزارەتەكانی حكوومەتی نوێ گەرمە

:: AM:10:59:08/10/2018 ‌

گفتوگۆكانی ناو حزبە بەشدارەكان لە كابینەی نوێی حكوومەت دەستی پێكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان، بەجۆرێك بەڵێننامە بە كاندیدەكان پڕ دەكەنەوە كە داهاتی وەزارەتەكە بۆ حزب بێت، بەمەش پشتیان لە بەڵێنەكانی هەڵبژاردن و مەرجەعیەت كرد. ئەگەرچی عادل عەبدولمەهدی سەرپشكە لە دەستنیشان كردنی وەزیرەكان، بەڵام چاودێران پێیان وایە عەبدولمەهدی سەركەوتوو نابێت لە پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكڕات.

 شیعەكان جگە لە پۆستە سەروەرییەكانی خۆیان چاویان لە پشكی سوننەشە
گفتوگۆكانی ناوخۆی حزبە سیاسییەكانی عێراق دەستی پێكردووە بۆ دەستنیشان كردنی ناوی پێنج كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئەگەرچی هەمووان رازی ببوون بە پێدانی دەسەڵات بە سەرۆك وەزیران لە دیاری كردنی وەزیرەكان، بەڵام زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە عادل عەبدولمەهدی زیاتر سەرقاڵی گەڕانە بە دوای ناوی كەسایەتی وەها كە پێشتر تاقی نەكرابێتەوە، چاودێرانیش كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو پێشهاتەی ئێستە هەیە هەماهەنگ دەبێت بۆ عەبدولمەهدی لە دەستنیشان كردنی باشترین كەسایەتییەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان، هەندێكیش دەڵێن ئەمە هەوڵێكە بۆ خۆ لادان لەو گوشارە زۆرەی لە ئێستەوە لەسەر حكوومەتی داهاتوو هەیە.

چەند سەركردەیەكی سیاسی لە بەغدا و ئەنبار و تكریت، روونی دەكەنەوە كە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی كاری هەر لە پێشی حكوومەتی داهاتوو دەبێت، بۆ ئەمەش لەگەڵ كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی پێنج وەزارەت كە یەكێكیان سەروەرییە جگە لە جێگری سەرۆك وەزیران، بەڵێن لە كاندیدەكانیان وەردەگرن كە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بكەنە سەر مەشقی كارەكانیان.
بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، بەشێك لە كاندیدە سوننەكان واژووی لەسەر ئەستۆ پاكی خۆی كردووە، بەشێكیشیان بەڵێنی پێژماردنی پارەی گەورەی داوە كە لا نەدات لەو پەیمانەی دەیدات، بەرپرسێكی باڵای عێراقی لە بەغدا دەڵێ هێز و حزبە سیاسییەكان لەناو خۆیاندا لە گفتوگۆ دان لەسەر دەستنیشان كردنی كاندیدەكانیان، گوتی "دەستەوارە و بەرژەوەندی زاڵە بەسەر دەستنیشان كردنی ناوی كاندیدەكان، كە دواجار بڕیاری كۆتایی لای عادل عەبدولمەهدییە".
ئەو بەرپرسە باڵایە ئەوەشی خستەڕوو كە لەنێو هێزە سوننەكاندا ناكۆكی قوڵ هەیە بەتایبەت لە نێوان رەوتی بەنای نزیك لە ئێران كە خەمیس خەنجەر و حزبی ئیسلامی عێراقی و جەمال كەربولی دیارترین سیمبولەكانیەتی، لەگەڵ رەوتی ئوسامە نوجێفی و ساڵح موتڵەگ لە لایەكەی تر كە هاوپەیمانیان لەگەڵ هاوپەیمانیەتی ئیسلاح هەیە كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات.
 
لە بەرانبەر ئەوەدا سەركردەیەكی لیژنەی دانوستاندن لە هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەركردایەتی دەكات، دەڵێ لیستی بەدری سەر بە عامری پێداگیرە لە وەرگرتنەوەی وەزارەتی ناوخۆ و دانانەوەی قاسم ئەعرەجی لە جێگەی خۆی كە ئێستە وەزیری ناوخۆیە، بەڵام جگە لە ئەعرەجی، ئەوا چەند ناوێكی تریش هەن كە كاندیدن بۆ هەمان پۆست، بەڵام قەیس خەزعەلی سەرۆكی لیستی سادقون چاوی بڕیوەتە وەزارەتی گواستنەوە، بۆ ئەمەش ناوی چەند كەسێكی كاندید كردووە كە دیارترینیان نەعیم عەبودییە، جگە لەو پۆستە، چاوی لە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی رۆشنبیریە.
ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی فەتح، ئەوەشی خستەڕوو كە حزبی ئیسلامی عێراقی سوننەكان، لە هەوڵدان ناوی دوو كەسایەتی بەربژێر بكەن لە دەرەوەی حزبەكەیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری، لای خۆشیەوە حزبی فەزیڵە چاوی لە وەرگرتنی وەزارەتی دادە، بۆ ئەمەش سێ كاندیدی هەیە، ئەگەریش ئەو پۆستەیان پێ نەدرێت، هەوڵ بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێ بوون دەدەن.

سەدر و عامری لە وەزارەتی ناوخۆی بەریەك دەكەون
هەر لە دوای 2003ەوە، پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بەدەست هێزە شیعە توندڕەوەكانی نزیك لە ئێرانە، لە كابینەی یەكەمی مالیكیدا بە دەست باڵی سەربازی توندەڕەوی حزبی دەعوە بووە، پاشان بە دەست رێكخراوی بەدر بووە كە گروپێكی چەكداری میلیشیایە هادی عامری سەركردایەتی دەكات.
قاسم ئەعرەجی وەزیری ئێستەی وەزارەتی ناوخۆ لە پشكی رێكخراوی بەدرە، هادی عامری دەیەوێت بە هەر جۆرێك بێت ئەو پۆستەیان لەلای بمێنێتەوە، لەمەشدا رووبەرووی سەركێشی موقتەدا سەدر دەبێتەوە كە پێداگیرە ئەو پۆستە بە دەست سەرۆك وەزیران بێت.
گرنگی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ میلیشیا چەكدارە شیعە توندڕۆكان لەوە دایە، كە دوای 2003، هەرچی چەكداری خۆیان هەبوو لەسەر وەزارەتی ناوخۆ دایان مەزراندوون و پلە و پۆستی گرنگ و جێگەی هەستیاریان پێدراون، لەو رێگەیەوە ئێران كۆنتڕۆڵی تەواوی یەكێك لە گرنگترین وەزارەتەكانی دەوڵەتی عێراقی كردووە.
ماوەی هەشت ساڵە ئەو پۆستە لە دەست شیعەی توندڕەوە، بەڵام موقتەدا سەدر كە لە گرنگی ئەو پۆستە تێدەگات، پێداگیرە لەسەر ئەوەی دەبێت ئەو پۆستە بەدەست خودی سەرۆك وەزیران بێت.
سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا دەڵێ دوور نییە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ سەدر و عامری بەریەك بكەون، چونكە عامری پێداگیرە لەسەر مانەوەی ئەو پۆستە لای رێكخراوی بەدر، بۆیە دوور نییە لەسەر ئەو پۆستە درز بكەوێتە نێوان هاوپەیمانی سەدر و  عامری.
 
 
هاوپەیمانی سائیڕون كێشەی تێدەكەوێت
پێوەند بە رەوتی سەدر كە پشتگیری لە دەستنیشان كردنی عادل عەبدولمەهدی كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، داوای لە لایەنە بەشدارەكانی هاوپەیمانی سائیڕون كردووە كە هیچ كەسێك كاندید نەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان.
سەدر لە تویتێكدا كە هەفتەی رابردوو لە تویتەری تایبەتی خۆی بڵاوی كردەوە، داوای كرد كە عادل عەبدولمەهدی تەواو سەرپشك بكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت بێ هیچ گوشارێكی حزبی یان پشك پشكێنەی تایفی و ئەتنی، بە لەبەرچاو گرتنی هەمە رەنگی كۆمەڵگەی عێراقی، ئەوەشی خستەڕوو وەك هاوپەیمانی سائیڕون هیچ كاندیدێكیان نابێت.

محەمەد لكاش پەرلەمانتاری حزبی شیوعی لە هاوپەیمانی سائیڕون نیگەرانی لە تویتەكەی سەدر نیشان دەدات و دەڵێ حزبی شیوعی چاوی بڕیوەتە وەرگرتنی پۆست، ئەگەری هەیە لە هاوپەیمانی سائیڕون بكشێتەوە و دەیەوێت بە قەبارەی خۆی پۆست وەرگرێت لە حكوومەتی داهاتوو.
ئاشكرای كرد كە گوشارێكی زۆر لەسەر عادل عەبدولمەهدی هەیە لەلایەن حزبەكانەوە، چونكە هیچ حزبێك نایەوێت واز لە شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای پشك پشكێنە بهێنێت، بۆیە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیە دەچن كە حكوومەتی داهاتووش وەك حكوومەتەكانی پێش خۆی دەبێت و عادل عەبدلمەهدی وەك پێویست ئازاد نابێت لە دەستنیشانكردنی وەزیرەكان.
گوتی "دیارترین بەربەست كە رووبەڕووی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەبێتەوە كردنەوەی دۆسیەی گەندەڵییە كە زۆرینەی حزبە عێراقییەكان لە گەندەڵی گڵاون، لە پاڵ ئەویشدا دۆسیەی چەك بە دەستی دەوڵەت، كە ئاسان نابێت چەك لە میلیشیاكانی و عەشایەر وەربگریتەوە".
 

ناوخۆی كوردستان.. تێكەڵ كردنی كارتەكان
هێز و حزبە كوردییەكان، كارتەكانی هەولێر و  بەغدایان بە تەواوەتی تێكەڵ كردووە، ئەمەش كاریگەری و لێكەوتەی لەسەر پشكی كورد لەسەر وەرگرتنی وەزیرەكانی دەبێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە بەپێی خاڵ مافی خۆیەتی پشكی خۆ لە پۆستەكانی بەغدا وەرگرێت، بۆ ئەمە ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پێشتری پارتی دەڵێ، پارتی پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی مافی خۆی بەگوێرەی شایستەی هەڵبژاردن، هەروەك هەموو لیستەكانی تریش وەك پارتی بیر دەكەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو بەڵام ئەوەی بەلای هێزە كوردییەكان كە زۆر جێی پرسە جێبەجێكردنی دەستوور و بەدەستهێنانی مافەكانیەتی، گوتی "وەك پارتی هێشتا كەس دەستنیشان نەكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیرەكان، ئەمەش دەكەوێتە سەر گفتوگۆكانی حزب لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی".
ئەمە لە كاتێكدایە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و لایەنە كوردستانییەكانی تریش چاویان بڕیوەتە وەرگرتنی پۆست لە بەغدا، كە پۆستەكانی كورد لە حكوومەت جگە لە جێگری سەرۆك وەزیران، وەزارەتێكی سەروەری، ئەوا دوو وەزارەتی خزمەتگوزاریش وەردەگرێت، لەگەڵ سەرۆكی دەستەیەكی سەربەخۆی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و چەندان پۆستی تر.

خوی شیری بەری نادات بە پیری
رەحیم دەڕاجی سەرۆكی لیستی كەفا دەڵێ، دابەشكردنی پۆستی وەزارەتەكان لەسەر بنەمای پشك پشكێنە بووە بە خوێك و حزبە سیاسییەكان دەسبەرداری نابن.
ئەوەشی خستەڕوو ئەو خوە، كە بووە هۆی لەناوبردنی دەوڵەتی عێراق و دزینی هەرچی سەرمایەی دەوڵەتی هەیە، لەم قۆناغەشدا ئەوان دەستبەرداری نابن، گوتی "بەڵام ئەو هەنگاوەی موقتەدا سەدر هەڵی گرتووە ئەگەر لەسەر بەردەوام بێت كە ئەویش وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و پۆستی وەزارەتەكانە، ئەوا دەتوانین بڵێین كارێكمان كردووە كە بەرەو چاكسازی و بنیادنانەوەی دەوڵەت هەنگاو هەڵدەگرین، بەڵام تەنیا موقتەدا سەدر بەس نییە".

ئەحمەد شەریفی چاودێری سیاسی دەڵێ لە كاتێكدا پێش هەڵبژاردن هەموو حزبەكان دژی پشك پشكێنەی حزبی و تایفەگەرایی بوون، كەچی ئێستە هەموویان باس لە پشكی خۆیان دەكەن، ئەمەش گەڕانەوەیە و پاشگەز بوونەوەیەكی روونە لە بەڵێنەكانی پێش هەڵبژاردن و كودەتایە بەو بەڵێنەی بە مەرجەعییەتیان دا بو، لەگەڵ ئەو بەڵێنەی بە رای گشتی كۆمەڵگەی عێراقییان دابوو.
ئەوەشی خستەڕوو كە حكوومەتی تەكنۆكرات بەو حزبە خۆ ویست و بەرژەوەندخوازانە پێك ناهێنرێت، چونكە وەك حكوومەتەكانی پێشتر رێككەوتن لەنێوان سەركردەی حزبەكان و كاندیدەكان دەكرێت كە پۆستی وەزارەتەكان وەردەگرن كە داهاتی ئەو وەزارەتە بۆ خەزێنەی حزب بێت و پۆستەكەش بۆ كەسە بێت، لێرەوە روون دەبێتەوە كە حزبەكان كاروباری وەزارەتەكان بەڕێوە دەبەن نەك سەرۆك وەزیران، هەر ئەمەشە هۆكاری شكستی حكوومەتی داهاتوو، هەروەها حكوومەتەكانی پێشتریش.



وشە - فه‌رمان سادق