بڕیارە سبەی سێشەم مووچەی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی تەمووز دابەش بكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم هەشتی تشرینی یەكەم، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی سێشەم مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەكرێت بۆ مانگی تەمووز.
دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی لەكاتێكدایە دوو ڕۆژە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز دەستی پێ كردووە، ئەمڕۆ دووشەم مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش كرا و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا دابەشكردنی مووچە بەردەوام بێت.
كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابینی دەكات، مانگانەش ئەمەریكا 24 ملیار دینار راستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكات.
بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە فەرمانبەران دەكات، بەڵام پاشەكەوت تا كۆتایی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێك لە هێزە تەناهییەكانی نەگرتەوە.