بە بەشداری سەدان كەس لە كریستیانەكانی كوردستان و ناوچەكە، شانەدێری مارخنانا لە شارەدیێ دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بەڕێوە چوو و تێدا ژمارەیەك لە مسوڵمانانیش بەشدار بوون.
عەمانوئێل دخنا قەشەی دەڤەری ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شانەدێری مارخنانا لە كەنیسەی دێرەلووك بەڕێوە چوو كە تێیدا سەدان كریستیانی كوردستان و ناوچەكە بەشدارییان كرد و هەروەها ژمارەیەك لە مسوڵمانانی ناوچەكەش بەشدارییان تێدا كرد.
ئەو گوتی، شانەدێری مارخنانا كە بە شانەدێری سەربەردەكان دەناسرێت، ساڵانە لەم رۆژانەدا دەكرێتەوە و ژمارەیەكی زۆری كریستیانی كوردستان و ناوچەكە بەشداریی تێدا دەكەن، لە رووی ئاینییەوە گرنگی خۆی هەیە و پێویستە لەسەر كریستیانەكان لەم رۆژانەدا سەرێك ئاژەڵ بكەنە قوربانی و نزا بكەن بەتایبەتی بو نەخۆشەكانیان"
ئەو قەشەیە رای گەیاند كە بە مەبەستی پتەوكردنی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی، ژمارەیەكی زۆری مسوڵمانەكانی ناوچەكە بەشداری لە شانەدێری ئەواندا كردووە و گوتی، "هەموو دانیشتووانی گوندەكانی ئامێدی سەردانی كەنیسەی دێرەلووكیان كردووە و بەشداری لە شانەدێرەكە دەكەن و رێوڕەسمەكانیش بە شێوازێكی باش و لە كەشوهەوایەكی ئازاددا بەڕێوە چوون"
دێرەلووك بە سەنتەری پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی دەناسرێت، جگە لە مسوڵمان و مەسیحی، ئێستە ئێزیدییەكانیش لەوێ هەن و پێشتریش ژمارەیەك جوو هەبوون، بەڵام ئێستە نەماون.
دێرەلووك/ نەوزاد هلۆری: