دۆناڵد ترەمپەكەی بەڕازیل كێیە؟

:: PM:04:55:08/10/2018 ‌
 
جائیر پۆلسۆنارۆ سیاسەتوانە توندڕۆ و پڕ مشتومڕەكە كە كاندیدی میانڕەوكان، لە خولی یەكەمی كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕازیل براوە بوو، چاوی لەوەیە لە خولی دووەمی هەڵبژاردن كە بڕیارە لە 22ی ئەم مانگە لە ریۆ دی جانیرۆ ئەنجام بدرێت، براوەی هەڵبژاردنەكە بێت و ببێت بە سەرۆكی بەڕازیل.

لێدوانە ئاگرینەكانی پۆلسۆنارۆ مشتومڕۆ زۆری لە بەڕازیل ناوەتەوە، بەهۆیەوە لە ماوەی رابردوودا بە چەقۆ هێرشی كرایە سەری، بەڵام لە مردن رزگاری بوو، ئەوانەیشی پشتگیری لێ دەكەن، بە دۆناڵد ترەمپی بەڕازیل ناوی دەبەن و پێیان وایە، دەتوانێت بەڕازیل لەو دۆخەی هەیە رزگار بكات كە لێوان لێو بووە لە ئەنجامدانی تاوان.

جائیر پۆلسۆنارۆ كێیە؟ 
پۆلسۆنارۆ لە دایكبووی 1955 لە ویلایەتی ساوپاوڵۆ، لە ژیانیدا سێجار هاوسەرگیری كردووە و پێنج مناڵی هەیە، ئێستە لەگەڵ میشێل دی پاولا بۆلسۆنارۆ ژیان بەسەر دەبات كە تەنیا كچێكیان هەیە بە ناوی لۆرا.

میشێڵی هاوسەری كاتێك ئیشی دەستكەوت وەك سكرتێر دامەزرا، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر خێرا مووچەكەی زیادی كرد بە شێوەیەكی نا یاسایی، لەو كاتەی پۆلسۆنارۆ ئەندامی كۆنگرێسی بەڕازیل بوو، ئەمەیش وایكرد دادگای باڵا داوایان لێ بكات كە لە یەكتری جیا ببنەوە بۆ ئەوەی كاریگەری بەسەر كارەكەی نەبێت، بەڵام پۆلسۆنارۆ ئەوەی رەت كردەوە، ئێستەیش بەیەكەوە لە گەڕەكێكی دەوڵەمەندنشینی ویلایەتی ریۆ دی جانیرۆ ژیان بەسەر دەبەن.

پۆلسۆنارۆ قۆناغی خوێندنی ناوەندی تەواو كرد و چووە ئەكادیمیای میلیتار داس ئگولهاس نیگراس كە ئەكادیمیەكی سەرەكی سەربازییە لە بەڕازیل، ساڵی 1977 خوێندنی لە ئەكادیمیایەكە تەواو كرد. ئەفسەرەكانی ئەكادیمیەكە لە بارەی پۆلسۆنارۆ دەڵێن كە كەسێكی زۆر شەڕانگێز و خۆویستە، لەو كاتەی لە یەكەی تیمی پەڕەشووتوانی لە سوپا خزمەتی دەكرد.

سەرەتای درەكەوتنی ناوبانگی پۆلسۆنارۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1986 كاتێك گۆڤاری فیجای هەواڵی دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامدا، لەوێ سكاڵای لە كەمبوونەوەی مووچەی سوپا گرت و داوای لە سەركردایەتی باڵای سوپا كرد كە دەیان ئەفسەریان خانەنشین كردووە بەهۆی كەمبوونەوەی بودجە، نەك لادان لە ئەخڵاقی پیشەیی كە وەك سەركردایەتی سوپا ئەوكات باسی لێوە دەكرد.

پۆلسۆنارۆ لەو دیمانەیەكدا ناوبانگی دەركرد، بەهۆیەوە زۆرێك لە ئەفسەران و سەربازانی راستڕەوی توندڕۆ پێی سەرسام بوون، دوای ئەوەی بێ هیوا بوون لە حكوومەتی مەدەنی دیموكراتی لە بەڕازیڵ. پۆلسۆنارۆ دوای 17 ساڵ خزمەت لە ریزی سوپا، لە پلەی نەقیبی وازی هێنا.

پۆلسۆنارۆ یەكێكە لەوانەی زۆر دژایەتی هاو رەگەزبازی دەكات، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری پلەی بۆی ساڵی 2011 هیوای خواست كچەكەی بە رووداوێك بمرێت نەك ببێتە كەسێكی هاو رەگەزباز، ئەمەیش شەپۆڵێكی توڕەیی هاورەگەزبازانی لە بەڕازیل دژ بە پۆلسۆنارۆ لێكەوتەوە.

ساڵی 2015 لە تویتێكدا كە هێرشی كردە سەر  ماریا دور روزاریۆ ئەندامی كۆنگرێس كە گوتبووی ماریا كەسایەتیەكی قێزەونە و شایانی ئەوە نییە دەستدرێژی سێكسیشی بكرێتە سەر، بەو هۆیەوە رووبەڕووی لێپرسینەوە بووە بەوە كەسێكی رەگەز پەرستە و لەلایەن حكوومەتەوە سزای پێ ژماردنی لەسەر سەپێنرا.

پۆلسۆنارۆ بەم دواییانە زمانی قسە كردنی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەتایبەت كە ئێستە كاندیدە لەسەر پارتێكی راستڕەو، بە پێچەوانەوە ئێستە زیاتر وەك كەسایەتییەكی كراوە و لێبووردە دەردەكەوێت.

لە دوا لێدوانی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن رای گەیاند پێویستە گەلانی بەڕازیل یەكگرن، پێویستە سپی پێست و رەش پێستەكان و هاو رەگەزبازان و ئەوانی تریش لە پێكهاتەكانی كۆمەڵگە یەكگرن، پێویستە كۆتایی بە ناكۆكییەكانی نێوان سەرۆكەكان و كرێكارەكان بهێنرێت.

حزبێكی لاواز
پۆلسۆنارۆ، كاندیدی حزبی لیبڕاڵی كۆمەڵایەتی " PSL" كە حزبێكی لاوازە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕازیڵ، بەپێیی یاساكانی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەش بێت، پۆلسۆنارۆ لە 10چركە زیاتر بۆی نییە لە تەلەفزیۆن دەربكەوێت، بەو پێیەی حزبەكەی هیچ قورسایەكی لە كۆنگرێس نییە و حزبێكی كەم دەرامەتیشە لە رووی داراییەوە.

ئەگەرچی هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە هەلی دەرچوونی پۆلسۆنارۆ زۆر كەمە، بەڵام ناوبراو لەم ماوە كەمەدا زۆر دووپاتی لەوە دەكردەوە كە "ئێمە حزبێكی گەورە نین، پارەمان نییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، كاتی پێویستمان نییە لەسەر تەلەفزیۆن قسە بكەین، هیچ یەكێك لەوانەمان نییە كە ئەوانی تر هەیانە، بەڵام ئێمە گەلی بەڕازیلمان هەیە".

بەڵام زۆرێك لە بەڕازیلییەكان پێیان وایە، پۆلسۆنارۆ پیاوێكی گونجاوە ببێت بە سەرۆكی وڵات و دەتوانێت كۆتایی بە تاوانی كوشتن لە بەڕازیل بهێنێت، بەڵام خەڵكێكی زۆریش دژی هەڵبژاردنی ئەون، بۆیە ئاسان نییە براوە بێت.

بەپێی بەدواداچوونێك زۆرینەی ئەوانەی پشتگیری لە پۆلسۆنارۆ دەكەن لە مەسیحییە ئینجیلییەكانن بەهۆی هەڵوێستی بۆ دانانی سنوورێك لە هەڵگرتنی چەك لەلایەن هاوڵاتیانی سڤیلەوە.

جگە لەمە وەك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، گوتارەكانی هەمیشە پڕن لە بەڵێن و بەڵێندان بە گۆڕانكاری، لەوانە دەرچوونی بەڕازیل لە رێككەوتنی ژینگەپارێزی، هەروەها بەڵێندان بەوەی تیمی حكوومەتەكەی زۆرینە لەوانە دەبن كە پێشتر ئەفسەر بوونە.

ژیانی سیاسی پۆلسۆنارۆ
پۆلسۆنارۆ ساڵی 1988 چووەتە ناو كایەی سیاسەت، بەتایبەت دوای ئەوەی بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی شاری ریۆ دی جانیرۆ لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی مەسیحی، ساڵی 1990، لەسەر پشكی هەمان حزب بووە ئەندامی كۆنگرێسی بەڕازیل، هاوكات ساڵی 2014 لە هەڵبژاردندا توانی زۆرترین دەنگ لە ریۆ دی جانیرۆ بەدەست بهێنێت.

لە ماوەی 25 ساڵی كایەی سیاسیی و ئەندامیەتی كۆنگرێسی بەڕازیل، پۆلسۆنارۆ توانیویەتی 137 یاسا دەربكات و یەك یاسای هەمووار بكات، بەڵام لە زۆرینەی پێشنیارەكانی بۆ هەموواری یاساكان شكستی هێناوە و نەیتوانیوە وژاووی پێویست كۆ بكاتەوە.

پۆلسۆنارۆ لە كاتی بانگەشەی كاتێك رووی قسەی لە جیرالدۆ ئالكەمین حاكمی ویلایەتی ساو پاولۆ كرد، كە ماوەی چوار خولی یەك بەدوای یەكە، حاكمی ئەو ویلایەتەیە، پێی گوت سوپاست دەكەن كە توانیویەتی هەرچی سیاسەتوانی هیچ و پوچە لە دەوری خۆت كۆ بكەیتەوە. ئالكەمین كە ئەویش كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی بەڕازیل، بە 10 خاڵ یان زیاتر لە دواوەی پۆلسۆنارۆ دێت.

براوەی خولی یەکەم
بەپێی ئەنجامی خولی یەكەمی هەڵبژاردن بێت، پۆلسۆنارۆ لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندا توانیویەتی 68%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، كە رۆژی حەوتی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری بەڕازیل بەڕێوەچوو، نزیكترین ركابەریشی كە فرناندۆ حەداد كاندیدی پارتی كرێكارانی چەپڕەو بوو توانی 29%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەمەش پۆلسۆنارۆ نەیتوانی بەربەستی 50% تێپەڕێنێت كە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكی بەڕازیل پێویستە

ئەمڕۆ دووشەم 10ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، دادگای باڵای هەڵبژاردن لە بەڕازیل رای گەیاند كە 28ی ئەم مانگە خولی دووەمی هەڵبژاردن لە نێوان پۆلسۆنارۆ و حەداد ئەنجام دەدرێت.

رۆزا ویبر سەرۆكی دادگای باڵای هەڵبژاردن لە بەڕازیل رای گەیاند كە هەدوو كاندیدەكە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی بەربەستی 50% تێپەڕێنن ئەوا لە 28ی ئۆكتۆبەر دژ بەیەك ركابەری دەكەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆكی داهاتووی بەڕازیل.

 جێی باسە بەپێی یاساكانی بەڕازیل، هەڵبژاردنی سەرۆك بە 90 رۆژ پێش كۆتایی هاتنی ولایەتی سەرۆكی ئێستە ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەوا دەنگدەران، دەنگ بۆ حاكمی ولایەتەكانی خۆیشیان و ئەندامانی پەرلەمانیش دەدەن دەدەن.

هەر كەسێك تەمەنی لە سەرووی 35 ساڵ بێت بۆی هەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كاندید بكات، لە بەڕازیل لەس اڵی 1996ەوە دەنگدان بەشێوەی ئەلكترۆنی ئەنجام دەدرێت.

جێی باسە لە كۆی 14 كاندید لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندانی سەرۆكایەتی بەڕازیل، پۆلسۆنارۆ 49 ملیۆن و 275 هەزار و 360 دەنگی بەدەستهێناوە كە دەكاتە 46%، هاوكات فرناندۆ حەداد 31 ملیۆن و 341 هەزار و 840 دەنگی بەدەستهێناوە كە دەكاتە 29.3%.



وشە - فه‌رمان سادق