قایمقامی چۆمان: داوای بەشێك لە داهاتی مەرزی حاجی ئۆمەران دەكەین

:: PM:03:44:15/12/2016 ‌

ئەحمەد قادرە سۆر قایمقامی چۆمانرای دەگەیەنێت، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە چاككردنەوەی رێگەی چۆمان-حاجی ئۆمەران كە رێگەیەكی نێودەوڵەتییە، كەمتەرخەم بووە. لە دیدارێكی تایبەتی "وشە"دا، قایمقامی چۆمان ئاماژە بەوە دەكات بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، تەواوی پڕۆژەكان وەستاون و داواش دەكات ناوچەكەیان لە داهاتی مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانسوودمەند بێت.

رێگەی چۆمان-حاجی ئۆمەران رێگەیەكی سەختەو پێویستی بە قیرتاوكردن هەیە، بۆچی پڕۆژەكە بە نیوەچڵی جێماوە؟
ئێمە دووچاری تەنگژەی دارایی بووین، هەرچی پڕۆژەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە كە پاڵپشتی بكرێت یان پێشینەی بەڵێندەر بدرێت، وەستاوە.پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگن، لەمبارەیەوە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كەمتەرخەمە، پێویستە هەوڵی زیاتر بدات.

ئێوە ئەو كەمتەرخەمییەتان گەیاندووە؟
كەمتەرخەمیەكان دەبینرێن، ئەوان بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانیان هەیە، لە رێگەی ئەو فەرمانگانەی خۆیان ئەو كیماسییانە دەگەن، لە رێگەی ئێمەش گەیشتووە، پێویستە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بیر لە چۆنیەتیی چارەسەركردنی ئەو رێگە نێودەوڵەتییانە بكاتەوە.

نەخۆشخانەی چۆمان باڵەخانەیەكی باشی هەیە، كەچی گرفتی دەرمان و نەبوونی پزیشك و ئامێری هەیە، هەوڵتان بۆ چارەسەركردنی نەداوە؟
ئەوەی من زانیاریم هەبێت بۆ دەرمان باشە، پزیشكیش بە پێی پێویست هەیە، چونكە ئەویش میلاكاتە، ساڵانە دەگۆڕێت، وەجبەی نوێ دێت، رەنگە تا ئێستە تا ڕادەیەك كەم بووبێت، بە شێوەیەكی گشتی كەموكورتییەكان چارەسەر كراون، دەتوانین بڵێین گلەیییەكانلە چاو پێشتر زۆر كەمتر بوونەتەوە.

ئەو شوقانەی لە چۆمان بۆ هاووڵاتییان دروست كراون، دەنگۆی ئەوە هەیە بە ئاوارەكان دراون، ئەوە راستە؟
نەخێر نەدراوەتە ئاوارەكان، تا ئێستە وەك خۆی ماوەتەوە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئەو شوقانەی دروست كردووە، ئەوانیش بەرنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە كە چۆن كاری لەسەر دەكەن، تا ڕادەیەك ئەو شوقانە رەنگە لە چۆمان و رواندز كەموكورتییان مابێت، ئێمەش هاوكارییان دەكەین.

سنوری چۆمان سەرمایەیەكی گرنگی گەشتیاری هەیە، هەندێك پڕۆژەش دەكرێت بە پارەیەكی كەم جێبەجێ‌ دەكرێن، بۆچی هانی سەرمایەداران نادەن لەو دەڤەرە پڕۆژەی گەشتیاری بكەن؟
گەشتوگوزار یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكان، دەرفەتی باشیشی هەیە، لە ئێستەدا پڕۆژەی بچووك بچووكی هاووڵاتییانیش زۆر بوونە، وەك دروستكردنی كەپر و كۆمەڵگەی گەشتیاری، لە حاجی ئۆمەران و نزیك چۆمان و گوندەكانی دەوروبەری، كاریش لەسەر ئەوە دەكەین وەبەرهێن و سەرمایەداری تایبەت بێنە ناوچەكە پڕۆژەی گەورەی تایبەت بە گەشتوگوزار دروست بكەن، بۆ ئەوەی هەم حكوومەت و هاووڵاتییانی ناوچەكە سوودی لێ ببینن.

ناوچەی باڵەكایەتی فراوانە، كەچی تا ئێستە هۆڵێكی تایبەت بە بۆنەكانی نییە؟
هۆڵی بۆنەكان زۆر پێویستە، دەبوو پێشتر بكرێت، لە ئێستەشدا كاری لەسەر دەكەین، ئەگەر حكوومەتی هەرێم لە تەنگژەی دارایی دەرباز ببێت یان پارەمان هەبێت، بەدڵنیایییەوە یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكان هۆڵی بۆنەكان دەبێت.

بۆچی لە ناو دیوانی قایمقامیەت فەرمانبەری یاسایی نییە؟ئەگەر گرفتێكی یاساییتان بۆ دروست بوو؟
هۆبەی یاساییمان لە پارێزگا هەیە، لە هیچ شوێنێكی شارۆكەكان نییە، بەڵام ئێمە لەبەرئەوەی ناوچەیەكی دوورەدەستین و دوورین لە هەولێر، فەرمانبەری یاساییمان لە شارەدێی قەسرێ هەیە، زۆرجار بۆ كارە یاسایییەكانی خۆمان رای دەسپێرین، دوای وەرگرتنی رەزامەندی پارێزگار دەبێتە نوێنەرمان لە بەدواداچوونی دۆسیەكانی داداگەدا.

شارەدێی قەسرێ گرفتی كەمئاوی هەیە بە تایبەت بۆ وەرزی هاوین چیتان كردووە بۆ بنبڕكردنی ئەم گرفتە؟
بەشێك لە پرسیارەكانت پێوەندییان بە دارایییەوە هەیە، هەموو ئەو ئەو كارانە پێویستان بە بودجە هەیە، ئەگەر نەبوو، ناتوانی ئەو پڕۆژانەی باسی دەكەی جێبەجێ بكرێن، كێشەی ئاویش حكوومەت زۆر سەرنجی دەخاتە سەر، ئەگەر بودجەیەكی زۆری نەوێت، رەنگە بتوانرێت بە پێی توانا و قۆناغ جێبەجێ بكرێت.

شارەدێی حاجی ئۆمەران بە گوندەكانیشەوە، ناوچەیەكی سەر سنوورییە و ستراتیجییە، بەڵام تا ئێستە بنكەی ناسنامەی باری شارستانی و كشتوكاڵی نییە، بۆچی؟
لە قۆناغی ئێستەدا كردنەوەی فەرمانگەكان ئاسان نییە، تاڕادەیەك راگیراوە، هەر كاتێك ئەم تەنگژەیە رەت بوو، ئیشی بۆ دەكرێت.

بەڵام خۆ دەتوانن لەناو بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی حاجی ئۆمەران چەند فەرمانبەرێكی بە تەنسیب بۆ دابین بكەن؟
ئەوەش پێویستی بە بڕیارێك هەیە، هەر فەرمانگەیەك كە دادەمەزرێت بە یاسا دادەمەزرێت، یاخود پێویست بە رەزامەندی لایەنی پێوەندیدار هەیە، ئێستە ئەو رەزامەندیەشراگیراوە. بەهۆی تەنگژەی دارایی حكوومەت زیاتر بیر لە كەمكردنەوە فەرمانگەكان دەكاتەوە نەك فراوانكردنیان.

دروستكردنی باڵەخانەی نەخۆشخانەی خاجی ئۆمەران بۆچی راگیراوە؟
پڕۆژەكان بەگشتی بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە راگیراون. بڕیار دەرچووە پڕۆژەكە جێبەجێ‌ بكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە، ناتوانرێت جێبەجێ‌ بكرێن.

لە ئێرانەوە كارەبای حاجی ئۆمەران دابین كراوە، بۆچی ئەو پڕۆژەیە ناگەیەننە چۆمان؟
هێنانی كارەباش پێویستی بە پڕۆژەو پارە هەیە، چونكە لە بەرامبەر ئەو كارەبایەی ئێران داویەتییە حاجی ئۆمەران و مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، حكوومەت پارە دەدات.

زۆربەی وەڵامەكانت بە تەنگژەی دارایییەوە گرێدا، بەڵام لە سنووری حاجی ئۆمەران رێگەی گوندی ماوەتان كە كاریگەری لە سەر كەرتی كشتوكاڵ هەیە یان نۆژەنكردنەوەی كۆڵانەكانی شیوەڕەش و شوانی شێخ، جگە لەوەش شەش ساڵە ئاوی شیوەڕەش راگیراوە و پارەشی بۆ دەرچووە، ئێوە دەتوانن لەو رووەوە چ بكەن؟
هەموو ئەوانەشپێوەندییان بە تەنگژەی دارایییەوە هەیە. ئێستە بەڕێوەبەری شارەدێیەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێن و ئێمەش بەپێی توانای حكوومەت و رێكخراوە خێرخوازییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوكارییان دەكەین.

یەك بەرمیل نەوت بۆ سنووری چۆمان دابین كراوە، بەڵام ئێرە ناوچەیەكی سارد و شاخاوییە، ئایا بەش دەكات؟
لە سنووری شارۆكەی چۆمان یەك بەرمیل نەوت وەرگیراوە، ئێستە كار بۆ ئەوە دەكەین بە رێگەی نووسراو لە پارێزگای هەولێرەوە، بەرمیل نەوتی دووەم لە رێگەی حكوومەتی عێراق دابین بكەین.

لەبەر نەبوونی سووتەمەنی، ئێستە كەسانێك دەستیان كردووە بە بڕینی دار، ئێوە رێگری ناكەن؟
لایەنی پێوەندیدار و بازگەكانمان ئاگەدار كردووەتەوە، كە رێگری بكەن لە بازرگانی پێكردنی دار و درەخت و دارستانی ناوچەكە، بۆیە ئێمە بە هەڕەشەی دەبینین، نووسراومان كردووە هەرچی زووە نەوتی سپی دابین بكرێت، بۆ ئەوەی لە كێشەی بڕینی دار و دارستانەكان رزگارمان بێت.

باڵەخانەی شارەدێی سمیلان تا ئێستە بە تانكەر ئاوی بۆ دابین دەكرێت، پاش چەندان ساڵ بۆچی نەتوانرا پڕۆژەی ئاو بگەیەنرێتە خودی بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێیەكە؟
خۆی ئەوان پڕۆژەی ئاویان هەیە، پێویستە هاوبەشیان كردبێت، من پێمخۆش بوو یەك بە یەك بەڕێوەبەری شارەدێیەكان بەسەر بكەیتەوە، چونكە وردەكاریی هەندێ پرسیار پێوەندی بە بەڕێوەبەری شارەدێیەكانەوە هەیە.

بەڵام تۆ قایمقامی و ئەو كەموكوڕییانە لە سنوورەكەتاندا هەیە، پێویست ناكات ئاگەدار بن؟ لەكاتێكدا ئەوە چەندان ساڵە بارودۆخەكە هەروایە و ئێستە دەكرێت پرسیارەكە رووبەڕووی ئێوە بكرێتەوە؟
من سێ مانگە دەستبەكاربوومە، 10 ساڵ لێی بەرپرس نیم، دواتریش پڕۆژەی ئاوی هەیە، لەبەرئەوەی لە نزیكەوە شارەزایی ناوچەكەمە.

لە سمیلان چەندان قوتابخانە داخراون وەكئاشی بێ كۆرە، پیر ئۆمەر و كاولان و چەندانی تر،بۆچی؟
ئەوە بەهۆی بەرنامەی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە بڕیاریان لەسەر داوە، بۆ كردنەوەی هەر قوتابخانەیەك رێژەیەكیان داناوە، ئەگەر لەو رێژەیە كەمتر قوتابی هەبێت، قوتابخانە ناكەنەوە.

بۆچی سوود لە داهاتی مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران وەرناگرن بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی ناوچەكە؟
هەمووئەو داهاتانەمەركەزین، لۆكاڵی نین، هیچ یاسایەك نییە رێگە بدات ناوچە سنوورییەكان ئەو داهاتەی هەیانە بەشێكی بۆ ناوچەكە بێت، لە داهاتوو ئەوە بە یاسا رێك بخرێت، ئێمەش پێمان خۆشە و داواش دەكەین ناوچەكەمان سوودمەند بێت لەو داهاتەی لە ناوچە سنوورییەكەدا هەیە.

وشە/چۆمان-دڵشاد باڵەكی


وشە - تایبه‌ت