حەشدی شەعبی 250 مزگەوتی دیالەی رووخاندووە

:: PM:02:17:13/10/2016 ‌

نوێنەرانی سونە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكەن، تا ئێستە چەكدارانی حەشدی شەعبی 250 مزگەوتی سونەكانیان لە دیالە تەختی زەوی كردووە و حكوومەتی عێراقیش باكی بە هاوار و ناڕەزایەتی سونەكان نییە.

عومەر عەزیز ئەندامی لیستی عێراقیە لە پارێزگای دیالە بە "وشە"ی راگەیاند، "سونەكانی دیالە لە حوزەیرانی 2014ەوە كەوتوونەتە بەر پەلاماری چەكدارانی حەشدی شەعبی، هێزەكانی حەشدی شەعبی جگە لە كوشتنی هاوڵاتیانی سونە، دەست لە رووخاندن و تەختكردنی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكان ناپارێزن".

عەزیز كە پێشتر پارێزگاری دیالە بوو، دەڵێ‌، "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیكەی 250 مزگەوتی سونەكان تەقێنراونەتەوە و تەختی زەوی كراون".

"شەڕی داعش بووە بیانووەك بۆ خۆسەپاندنی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەسەر هاوڵاتیانی سڤیلی سونە، بەداخەوە حكوومەتی عێراقیش بێ دەنگە لەتاوانەكانی حەشدی شەعبی"، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە وای گوت.

لای خۆشیەوە رەعەد دەهلكەی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر "لیستی دیالە پێناسەمانە"، بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "ئێمە روخانی مزگەوتەكان و كوشتنی هاوڵاتیانی سڤیلی سونەمان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بە تاوان ناساندووە. چەندین جار حكوومەتی ناوەندمان لە تاوانەكانی حەشدی شەعبی ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق بەدەم هاواری سونەكانی دیالەوە نایەت، چونكە حكوومەت لە ژێر كاریگەری شیعەدایە".

دەهلكەی زیاتر دەڵێ‌، "هێزی حەشدی شەعبی بە فتوای سیستانی بۆ جەنگی دژ بە داعش دامەزرا، بەڵام ئەو هێزە هەمیشە تاوان بەرامبەر بە پێكهاتەی سونە ئەنجام دەدات".

وشە/گەرمیان-سەبری هۆرینی
پێداچوونەوە: ر. ف




وشە - ڕێبین فه‌تاح