سوپای پاكستان ئاشكرای كرد توانیویەتی بە سەركەوتوویی جۆرێكی نوێ لە مووشەكی دوورهاوێژی كرووز تاقی بكاتەوە كە بە بابر٢ ناسراوە.
ئەو مووشەكە لە توانایدایە ٧٠٠ كیلۆمەتر ببڕێت و سوپای پاكستان گوتوویەتی مەبەستی ئەوەیە توانای سەربازیی وڵاتەكەی بەرز بكاتەوە.
هەر یەك لە مەمنوون حوسێن سەرۆك كۆمار و نەواز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان تاقیكردنەوەی سەركەوتووانەی ئەو جۆرە مووشەكەیان بە هەنگاوێكی گرنگی گەشەی سەربازیی وڵاتەكەیان هەژمار كردووە و پیرۆزبایییان لە زانایانی پاكستان كردووە.
ژمارەی دانیشتووانی پاكستان نزیكەی ٢٠٠ ملیۆن كەسە و وڵاتەكە لە پێنج ویلایەت پێك دێت، لەگەڵ یەك ناوچەی ئۆتۆنۆمی هۆزەكان و دوو ناوچەی جیاوازی جام و كشمیریشی هەیە.
ئیسلام ئاباد پایتەختی ئەو وڵاتەیە و كەراچی بە گەورەترین شاری پاكستان هەژمار دەكرێت و لە رووی ژمارەی سەربازەوە پاكستان بە پێنجەم وڵاتی دنیا هەژمار دەكرێت.
جێگەی باسە لە ناوچەكەدا پاكستان لەگەڵ هیندستان ناكۆكی مێژوویییان لەگەڵ یەكتردا هەیە، گەورەترین كێشەشیان پێوەندی بە خاوەندارییەتی كشمیرەوە هەیە.
سەرچاوە/مهرنیوز-ویكیپیدیا