پۆست ناوماڵی سەدر و شیوعییەكان وێران دەكات

:: AM:11:10:09/10/2018 ‌

بڕیارەكەی موقتەدا سەدر ناكۆكی قووڵی خستووەتە ناو حزبی شیوعی، بەشێكیان پشتگیری لێ دەكەن و بەشێكیان داوای وەرگرتنی پۆست دەكەن و پێیان وایە هاوپەیمانیەتییان لەگەڵ رەوتی سەدر هاوسەرگیرییەكی كاسۆلیكی نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی هاوبەش بووە. هاوكات لیستەكانی ناو هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەش رەتی دەكەنەوە پابەندی بڕیارەكەی سەدر ببن.

بەرپرسێكی باڵا ئاشكرای دەكات كە بڕیارە نوێیەكانی موقتەدا سەدر لە بارەی حكوومەتی نوێ، ناكۆكی لەناو هاوپەیمانی سائیروونی لێ كەوتووەتەوە، بەشێك لە رەوتەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیەتییەكە دەڵێن موقتەدا سەدر دەتوانێ بڕیارەكان لەسەر رەوتی سەدر جێبەجێ بكات، بەڵام لایەنەكانی تر ویستی بەشداری و وەرگرتنی پۆستیان هەیە.

 موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائیروون، لە تویتێكدا چەند رۆژێك پێش ئێستە لە بارەی دابەشكردنی پۆستی وەزارەتەكان بەسەر لیست و حزبە بەشدارەكان لە حكوومەت رای گەیاند، هاوپەیمانی سائیروون ویستی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی نییە، ئەوان ماوەی ساڵێك و نیویان دەستنیشان كردووە بۆ هەڵسەنگاندن و چاودێریكردنی حكوومەت بەرانبەر بە بەڵێنەكانی، ئەگەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بە پێوەرەكانی موقتەدا سەدر لەم ماوەیەدا سەركەوتوو نەبێت، ئەوا لە پشتگیریی حكوومەتیش دەكشێنەوە و دەبن بە ئۆپۆزسیۆن.

سەركردەیەكی هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ، حزبی شیوعی عێراقی كە پێكهاتەیەكی سەرەكی هاوپەیمانی سائیروونە، ویستی بەشداری لە حكوومەت و وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی هەیە، بە توندیش رەخنەی لە بڕیارەكانی موقتەدا سەدر گرتووە لە وەرنەگرتنی پۆستی وەزارەت لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی.

"موقتەدا سەدر بێ راوێژكردن بە شیوعییەكان وەها بڕیارێكی داوە، تەنانەت پرسیشی پێ نەكردوون". ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی سائیروون وا دەڵێت. ئەوەشی خستەڕوو كە شیوعییەكان دەیانەوێ وەزارەتێك وەرگرن لەوێوە لە رێی خزمەتەكانیان لەناو وەزارەت، پەیامی خۆیان بگەیەنن بە شەقامی عێراقی و پێیان بڵێن "ئێمە باشترینین".

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئەوەی رەت كردەوە كە شیوعییەكان خوازیاری ئەوە بن لە هاوپەیمانی سائیروون بچنە دەرەوە، بژاردەی وایان نییە، بەڵام لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ موقتەدا سەدر لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەوانیش كاندیدی خۆیان پێشكەش بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەت، ئەگەریش موقتەدا سەدر داواكەی ئەوانی رەت كردەوە، ئەوا حزبی شیوعی هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت.

تەقینەوەی كێشە و ناكۆكییەكانی ناو هاوپەیمانی سائیروون لەسەر رەتكردنەوەی پۆستی وەزارەت، لە كاتێكدایە سێ رۆژ بەسەر كۆبوونەوەی لایەن و لیستە سیاسییەكانی عێراقی تێدەپەڕێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدەكانیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، كە بڕیارە لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا بیخاتە بەردەم پەرلەمان بە مەبەستی متمانە پێدانی.

موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون بەوە ناسراوە زۆرینەی بڕیارەكانی بۆ رای گشتی لە رێی تویتەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەیدات، بێ گەڕانەوە و راوێژ بۆ رای لایەنە هاوبەشەكانی ناو هاوپەیمانیەتییەكە، تەنانەت وەك بەشێك لە چاودێرانی سیاسی ئاماژەی پێ دەدەن، لایەنە هاوبەشەكانی ناو هاوپەیمانی سائیروون وەك هەر هاووڵاتییەكی تر چاودێری تویت و تویتەری موقتەدا سەدر دەكەن بۆ ئەوەی ئاگاداری دوا هەڵوێست و بڕیار بن.

جگە لە هاوپەیمانی سائیروون، زۆرینەی لیستە سیاسییەكان لەسەر ناوی چەند كاندیدێك كۆكن بۆ ئەوەی بیدەن بە عادل عەبدولمەهدی بۆ وەرگرتنی پۆستی ئەو وەزارەتانەی مەبەستیانە.

سەركردەكەی هاوپەیمانی سائیروون ئاشكرای دەكات كە تەنیا حزبی شیوعی داوای پۆستی وەزارەت و بەشداری لە حكوومەت ناكات، بەڵكو زۆرینەی لیستەكانی ناو هاوپەیمانیەتی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە "ئیسلاح و ئەعمار" ئەو خواستەیان هەیە، لیستی نەسڕ و حیكمە و قەرار-یش ناڕەزایەتییان لەسەر ئەو هەنگاوەی موقتەدا سەدر هەیە، ئێستەش ئەو لایەنانە گفتوگۆ لەسەر پێشكەشكردنی كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەت دەكەن.

سەركردەیەكی باڵای حزبی شیوعی ئاشكرای دەكات كە لەسەر بەشداریكردن لە حكوومەت یان پشتگیریكردن لە موقتەدا سەدر، ناوخۆی حزبی شیوعی ناكۆكی قووڵی تێكەوتووە، بەوەی بەشێك لە سەركردەكانی لەگەڵ ئەوەدان حزبی شیوعی بەشدار بێت لە حكوومەت و كەسایەتییە هەرە دیارەكانیشی كاندید بكات، بەڵام بەشەكەی تر لەگەڵ ئەوەدان پابەندی بڕیارەكەی موقتەدا سەدر ببن و كاندیدیان نەبێت بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت.

ئەو سەركردەیەی حزبی شیوعی كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەنانەت هەندێك لەناو حزبی شیوعی بەو ئاراستەیە قسە دەكەن كە لە هاوپەیمانی سائیروون بچنە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی بڕیارەكان موقتەدا سەدر بێ راوێژ لەگەڵ حزبی شیوعی دەری دەكات و بەسەر ئەو حزبەشی دەسەپێنێت. گوتی "هاوپەیمانیی حزبی شیوعی لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ ئامانجی سیاسی و هەڵبژاردن بوو نەك هاوسەرگیرییەكی كاسۆلیكی تا نەتوانین لە هاوپەیمانیەتییەكە بچینە دەرەوە". 
 
رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی پێوەند بەو بابەتە دەڵێ، رێگر نین لەوەی حزبە سیاسییەكان بەشدار بن لە كابینەی نوێی حكوومەت، ئەوەشی خستەڕوو هیچ نەنگییەك لەوەدا نییە حزبێك یان لیستێك پڕۆژەی هەبێت و ویستی بەشداری لە حكوومەت هەبێت. گوتی "چونكە ئەو حزب و لیستانە بەرنامەیان لە كاتی هەڵبژاردن هەبووە، دەیەوێ لە حكوومەتیش نوێنەری هەبێت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی".

سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی لە بارەی بڕیاری موقتەدا سەدر كە بەشداری لە كابینەی حكوومەت ناكەن و داوای لە عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت كردووە، كەسانی تەكنۆكرات دەستنیشان بكات، دەڵێ بیرۆكەی موقتەدا سەدر بەوەی كابینەیەكی سەربەخۆی دامەزرێت، نابێت بەرەو ئەوەمان ببات كە نابێ حزب نوێنەری لە حكوومەت هەبێت، چونكە لە بنەڕەتدا حزبیش پڕۆژەی هەیە و دەیان كەسی گەنج و بە توانا و شارەزای لە دەورە، بیرۆكەی حزبیش خۆی لە خۆیدا بیرۆكەیەكی دیموكراتییە و مافی خۆیەتی رۆڵ ببینێت لە حكوومەتدا.
 
بەڵام حوسێن نەجاڕ سەركردە لە حزبی شیوعی دەڵێ، حزبەكەی پابەندە بە بڕیارەكەی موقتەدا سەدر كە كاندیدی نابێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەت.

ئاشكرای كرد كە بڕیارەكەی سەدر بە رێككەوتن بووە لە نێوان پێكهاتەكانی ناو هاوپەیمانی سائیروون و گوتی، "هاوپەیمانی سائیروون نابێتە ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو پشتگیری لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكات بۆ ماوەی یەك ساڵ، دوای هەڵسەنگاندنی ئاستی حكوومەت، ئینجا بڕیار دەدەین پشتگیری لەو حكوومەتە دەكەین یان نا، دەبین بە ئۆپۆزسیۆن یان نا".

هاوپەیمانی سائیروون كە بە 54 كورسیی پەرلەمانی براوەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بوو كە لە 12ی مانگی ئایاری رابردوو بەڕێوە چوو، لە ناوخۆیدا پێكهاتووە لە رەوتی سەدر، حزبی شیوعی و پێنج حزبی مەدەنی، لەوانە حزبی ئیستیقامەی وەتەنی، حزبی تەجەموعی كۆماری عێراقی، حزبی تەرقی و چاكسازی، حزبی ئەلدەولە ئەلعادلە و حزبی شەباب و تەغیر.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، هاوپەیمانی سائیروون لەگەڵ چەند لیستێك كە ژمارەیان 20 لیستی سیاسی دەبێت، بە 180 كورسی توانییان لیستی گەورەی پەرلەمانی پێكبهێنن.

لیستەكانی ناو هاوپەیمانیەتی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە دەڵێن، بڕیارەكانی موقتەدا سەدر لە بارەی بەشداری نەكردن لە حكوومەت و وەرنەگرتنی پۆستی وەزارەت، تەنیا هاوپەیمانی سائیروون دەگرێتەوە نەك لایەنە بەشدارەكانی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە.

عەبدوڵا زوبێدی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە كە بەشێكە لە هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە، دەڵێ وەك لیستی حیكمە پابەند نین بە بڕیارەكانی موقتەدا سەدر و تویتەكانی بەوەی كاندیدمان نەبێت بۆ پۆستی وەزارەتەكان، ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدر دەتوانرێ لەسەر هاوپەیمانی سائیروون جێبەجێ بكرێت نەك هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە.

زیاتر گوتی "رەوتی حیكمە كاندیدی دەبێت بۆ وەرگرتنی وەزارەت، بۆ ئەوەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو یەكێكیان دەستنیشان بكات، وەك رەوتی حیكمەش گوشاری ناخەینە سەر، چونكە دۆخی ئێستەی عێراق پێویستی بە كەسانێك هەیە كە تایبەتمەند و بە توانا بن".



وشە - فه‌رمان سادق