كچێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له شارۆكه‌ی كه‌لار، گرووپێكی ده‌ستڕه‌نگینی دامه‌زراندووه و هانی ژنان ده‌دات تا توانا و به‌هره‌كانیان ده‌ربخه‌ن، بێ به‌رانبه‌ر سه‌دان كچ و ژنی فێری كاری ده‌ستڕه‌نگینی كردووه.
"گرووپی كچانی ده‌ستڕه‌نگینی گه‌رمیان" پێنج مانگه له‌لایه‌ن به‌ناز ئه‌حمه‌ده‌وه دامه‌زراوه كه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته و دانیشتووی كه‌لاره، ده‌یان كچ و ژنی له ده‌وری خۆی كۆ كردووه‌ته‌وه و هه‌وڵی ده‌رخستنی تواناكانیان ده‌دات، به‌ناز پێش ئه‌وه‌ی گرووپه‌كه‌ش دروست بكات، له ساڵی 2016ه‌وه زیاتر له 150 ژنی فێری كاری ده‌ستی كردووه.
له گرووپی كچانی ده‌ستڕه‌نگینی گه‌رمیان 23 ئه‌ندام بوونیان هه‌یه, كه سه‌رجه‌میان كچ و ژنن و پیشه‌یان جیاوازه و هه‌ریه‌كه‌یان به جۆرێك به‌هره‌یان تێدایه و تواناكانیان ده‌رده‌خه‌ن و داهاتێك بۆ خۆیان په‌یدا ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی كاری گرووپه‌كه و ئامانجی دروستبوونی گرووپه‌كه، به‌ناز بۆ " وشه" گوتی، ئامانجی دروستبوونی گرووپه‌كه‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ویستم كچان و ژنان وا لێ بكه‌م كه په‌ره به تواناكانیان بده‌ن و بتوانن له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆیان رابوه‌ستن و پشت به خۆیان ببه‌ستن.
زیاتر گوتی، كاری گرووپه‌كه‌مان دروستكردنی كه‌لوپه‌لی جوان و دیزاینكردنی شتومه‌كه‌كانه و گۆڕینی شێوازیانه یان دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی شتی بێ سوود و شكاوه، هه‌روه‌ها مێخه‌ك و مووروو و شووشه و بوتڵی ئاو و جوانكاری ناوماڵ و كاری چنین و به‌رگدووری و هه‌مووشتێك دروست ده‌كه‌ین.
سه‌رپه‌رشتیاری گرووپه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، تا ئێسته سێ پێشانگامان كردووه‌ته‌وه و له پێشانگایه‌كی هاوبه‌شیشدا به‌شداریمان كردووه، كاره ده‌ستییه‌كانمان و خواردنه كورده‌وارییه‌كانمان نمایش كردووه و فرۆشتوومانن، كه سه‌رجه‌می پێشانگاكه‌مان له گه‌رمیان بووه.
ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه داهاتی فرۆشتنی كاره‌كانیان له پێشانگاكاندا بۆ ژنه‌كان خۆیانه و ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ریه‌كه له ئه‌ندامانی گرووپه‌كه ببنه خاوه‌ن ئابووری سه‌ربه‌خۆی خۆیان.
له‌م گرووپه‌دا ته‌نیا كاری ده‌ستی ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵكو خولی بێ به‌رامبه‌ر دروومان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌وه كراوه‌ته‌وه و ژنانی گه‌رمیان فێری دروومان كراون.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژنان و كچان له گرووپه جیاوازه‌كاندا خۆیان به ڕێكخستن كردووه و توانا و به‌هره‌كانیان ده‌رده‌خه‌ن و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی داهاتێك ده‌ده‌ن بۆ بوون به خاوه‌ن ئابووری سه‌ربه‌خۆی خۆیان و كرانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا.
سلێمانی / لۆڤه محه‌مه‌د