گۆی زه‌وی له‌ كاره‌ساتدایه‌.. گه‌رما به‌رز ده‌بێته‌وه‌

:: PM:01:54:09/10/2018 ‌


ڕاپۆرتێکی زانستی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا باس له‌وه‌ ده‌كات کە دەبێت حکوومەتەکانی دنیا دەستبەجێ گۆڕانکاری فراوان  بکەن لە هەموو ڕووەکانی کۆمەڵگا بۆ خۆ بەدوورگرتن لە بەرزبوونەوە ئاستە سامناکەکانی گەرمبوونی زەوی.



ڕاپۆرتەکە لەلایەن پانێڵی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا "ئای پی سی سی"ی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە, تێیدا ڕاگەیەنراوە کە تا 2030 ڕێژەی زیادبوونی پلەی گەرمای هەسارەکەمان لەچاو ئاستەکانی پێش پیشەسازی دەگات بە 1.5 پلەی سیلیزی، کە ئەمەش وشکەساڵی و ئاگرتێبەربوونی دارستانەکان و لافاو و برسێتی سەتان ملیۆن خەڵکی سەر زەوی دەگرێتەوە.



بە شێوەیەكی سروشتی هەموو سەد ساڵێك جارێك گۆی زه‌وی دوو  پلەی سیلیزی گەرمتر دەبێت، بەڵام لە دوای جەنگی دووه‌می دنیا بە گشتی و سەرەتای سەدەی 21 بەتایبەتی گەرمبوونێكی بەرچاو لە گۆی زه‌وی ڕوویداوە.

دوای لێكۆڵینەوەیەكی زۆر زاناكانی بواری كەشناسی و ژینگە ئەوەیان بۆ دەركەوت، كە بەهۆی هۆکارە دەستكردەكانی وەك كارگەكان، بڕینی دار و نەهێشتنی سەوزایی، دووكەڵی ئەگزۆزی سەیاره و شەمەندەفەر و فڕۆكە،‌ پیسكردنی‌ ژینگە و ئاژەڵداری،...هتد ڕێژەی گازی گرینهاوس ڕۆژ لەدوای رۆژ لە هەوادا ڕوو لە زیاد بوون دەکات.



گازی گرینهاوس بریتییە لە دووانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن، پێکهاتەی کۆلۆرۆفلۆرۆ کاربۆن، میسان، نایترۆس ئۆكساید، ئۆزۆن، كلۆرۆ فلۆرۆ كاربۆن، كاربۆن مۆنۆكساید، سەلفەر دایۆكساید, ئەم گازانە لە بەرگەهەوای ناو چینی ئۆزۆندا دەمێننەوە و وادەكەن كە ئەو تیشكی خۆرەی دێتە ناو بەرگە هەواوە زیاتر بمێنێتەوه و گەرمیەكە قەتیس دەكەن و ناهێڵن بچێتە دەرەوەی چینی ئۆزۆن،‌ بەمەش گەرمبوونی زەوی ڕوودەدات، و سەهۆڵی بەستەڵەکەکان دەتوێتەوە دەبێتە هۆی لافاو و تێکچوونی کەشوهەوا.



گۆی زه‌وی ئێستە یەک پلەی سیلیزی گەرمترە لەچاو 160 ساڵ لەمەوپێش، ئەمەش چەندان کاریگەری خراپی لەسەر زەوی دروست کردووە.

 زاناکان ساڵی 2030 یان وەک دوا وادە داناوە بۆ وەستاندنی کارەساتی گۆڕانی کەشوهەوا، ئه‌وان دەڵێن، گەر بمانەوێت نەهێڵین بارودۆخەکە لەوە خراپ تر بێت و هەوڵبدەین گۆی زەوی بە باشترین شێوە بپارێزین، ئەوا دەبێت نەهێڵین ڕێژەی زیادبوونی گەرمی لە سەدەیەکدا لە 1.5 پلەی سیلیزی زیاتر بێت و تا 2050 وزەی تازەکراو بەکاربهێنرێت، واتا بەرهەمهێنانی وزە لە خۆر و ئاو نەک خەڵوز و پیترۆڵ.

 بۆ ئەمەش پێویست لەمەودوا ئەم خاڵانە جێبەجێ بکرێت:


_ وەستانەوە لە دژی ئەو کارگانەی دووکەڵی کاربۆناوی دەردەکەن.

_ برەودان بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

_ برەودان بە سەوزایی لە بیناکاندا.

_ پێویستە لە بواری کشتوکاڵدا ئەو تەکنەلۆجیایانە بەکاربهێنرێت کە بە بڕێکی زۆر کەمی کاربۆن ئیش دەکەن.

_ وەستانەوە لە دژی وێرانکردنی دارستانەکان.

_‌ هۆکارەکانیشی بەشێوازێکی گشتی بریتییە لە بەکارهێنانی تەکلەنەلۆجیا، کەمکردنەوەی سەوزایی، فراوانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون.

وشە/ محەمەد شابان


وشە - ڕێناس شابان