عادل عەبدولمەهدی یەكەم یاری خۆی دەست پێ كرد


بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراق شتی وا روو دەدات، واتە تۆ دەتوانیت ببیت بە وەزیر لە رێگەی رەوانەكردنی سیڤی و ژیاننامەیخۆت تەنیا لە رێگەی ناونیشانێكی ئەلیكترۆنییەوە بێ پێویستی چوونی راستەوخۆت بۆ بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەوەی باس كرا رۆمان یان بەشێك نییە لە شانۆگەری، بەڵكو داوەتنامەیەكی فەرمی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكوومەتی راسپێردراوی عێراقە كە ئێوارەی دوێنێ بڵاوی كردەوە و تا پێنجشەم چاوەڕوانی گەیشتنی سیڤییەكان دەكات، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ببنە وەزیر لە كابینەی نوێی حكوومەتەكەی.

لە سایەی ئەو مەرجە زۆر و قوڕس و جیاجیایانە، هاوكات بەڵێنی پاڵپشتی بۆ عادل عەبدولمەهدی دانراوە، لە چەند رۆژی رابردوو باسی گەیشتنی ناوی كاندیدانی هێزە سیاسییەكان بۆ كابینەكەی عەبدولمەهدی كرا، كە پێویستە بۆ هەر پۆستێكی ویزاری پێنج كاندیدی سەربەخۆ لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە كاندید بكرێن، كە لەخۆیدا ئەو هەنگاوە بەیەكەم هەڵەی عەبدولمەهدی خوێندرێتەوە بەوەی بۆ پیچشتر كاری لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە و چۆن دەتوانێت بەو شێوەیە بگات بە كەسانی سەربەخۆ.

عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە حكوومەتەكەی سەربەخۆیە، هەمان رەوت و شێوازی كاری گەورە كۆمپانیاكانی پێڕەو كرد بە داواكردنی كارمەندانی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، بەڵام ئەو بواری پێویستی نەدا كە دەبوایە بەلایەنی كەم بۆ هەفتەیەك بووایە. بۆیە هەموو ئەوەی عەبدولمەهدی كردی تەنیا دوو رۆژ بواری پێ دان تا رۆژی پێنجشەم، چونكە ئەوكاتی نییە بێجگە لە پێكهێنانی حكوومەتەكەی نەبێت كە هەفتەیەك بەسەر راسپاردنی تێپەڕ بوو تا ئێستە هیچی بۆ پێكهێنانی حكوومەتەكەی نەكردووە. 

بەشێك لە چاودێران ئەو هەنگاوەی عەبدولمەهدیان وەك نمایشكردن لەقەڵەم دا كە تیایدا دەیەوێت بۆ رەخنەگرانی روون بكاتەوە كە خۆی خاوەن بڕیارەكانیەتی و دەتوانێت ئەوەی بیەوێت بیكاتە و وەزیرانی لەسەر بنەمای ژیاننامە و توانست دیاری بكات، بەڵام كە تەنیا دوو رۆژی بۆ ئەو كارە دیاری كرد بۆ ئەوەیە بڵێت كە دەرگەی خۆكاندیدكردنم بۆ هەموو هاووڵاتییان واڵا كرد ، بەڵام كەس نەهاتە پێش، بۆیە لۆمەم مەكەن لەوانەی دیاریم كردوونكەوەك چۆن بەتەواوفوقی سەدر و عامری خۆی دیاری كرا، ئەوهایش كابینەكەی بەتەوافوقی ئەوان دەبێت.

هاوكات لەگەڵ هەموو ئەو قسانەی لەبارەی دەستوەرنەدانی هیچ لە هێزە سیاسییەكانی عێراق لە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی و پێدانی ئازادییەكی تەواو بۆ دیاریكردنی كاندیدانی كابینەی حكوومەتەكەی دەكرێت، بەڵام لێرە و لەوێ قسە و لێدوان لە چەند هێزێكی كاریگەر و پاڵپشت بۆی دەردەچێت، لەوانە هێزەكانی سەر بە ئێران كە دووپاتی دەكەنەوە هەوڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە پرۆسەكە كە ماوەكەی لە سێی مانگی داهاتوو كۆتایی دێت.

ئەمڕۆ سێشەم بەپێی زانیاری دزەپێكراو بۆ راگەیاندنەكان، فراكسیۆنی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری دەیەوێت وەزارەتی ناوخۆ لە كابینەی نوێ لای خۆی و بۆ قاسم ئەعرەجی بمێنێتەوە و ئەگەر هەر پێویست بە گۆڕانكاریش بكات، دەبێت هەر لای فەتح بمێنێتەوە. 

هەرئەوەندەیش نا فراكسیۆنی سادیقوون سەر بە عەسائیب ئەهلولحەق بە سەرۆكایەتی قەیس خزعەلی و خاوەن 15 كورسی پەرلەمانی، ئەوانیش هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەتی گواستنەوە دەدەن كە بەو شێوەیە بەئاسانی كۆنتڕۆلی بەندەرەكانی بەسڕە دەكەن و لەو رێگەوە داهاتێكی زۆریان دەست دەكەوێت و خزمەت بە ئێرانیش دەكەن، جیا لەوە سادیقوون داوای وەزارەتی رۆشنبیریش دەكات. هەرچی پارتی فەزیڵەی ئیسلامییە داوای وەزارەتی داد دەكات كە پێشتریش هەر لای خۆی بووە و بۆ ئەو مەبەستە سێ كەسی وەك كاندید پێشكەیش كردووە، بەڵام هەموو ئەو داوایانە رووبەڕووی داواكانی هاوپەیمانی سائیروونی پاڵپشتیكراو لەلایەن موقتەدا سەدر دەبنەوە كە داوای پێكهێنانی كابینەیەكی حكوومەتی تەكنۆكرات دەكات. 

ئەمڕۆ رائید فەهمی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون وریایی دایە عەبدولمەهدی لەهەر پێشێلكاری و هەڵەیەك بەوەی پاڵپشتی هێزە سیاسییەكان بۆی چەكێكی حیساب دیاری نەكراو نییە، ئەو ئاماژەی كرد كە پاڵپشتیكردن لە عەبدولمەهدی بە هەنگاوە چاكسازییەكانی و ویستە سیاسییەكانی و سووربوونی لە سەركەوتن بێ بوونی هیچ دەستوەردانێكەوە وەك مەرجی بەردەوامبوونییەوە بەندە. 

ئێوارەی شەمووی رابردوو فراكسیۆنی سادیقوونی سەر بە عەسائیب بەئاشكرا عەبدولمەهدی وریا كردەوە لەوەی تەنیا بیركردنەوەی لە دیاریكردنی وەزیرانی كابینەی نوێی حكوومەتەكەی لە دەرەوەی پارت و هێزە سیاسییەكانی پاڵپشتی لێ دەكەن، بۆ تێپەڕاندنی كابینەكەی پاڵپشتی ئەوان بەدەست نایەنێت.  

ئێستە عەبدولمەهدی كەوتووەتە نێوان مەرجی قوڕس و دژبەیەكی ئەو هێزە سیاسییانەی پاڵپشتی لێ دەكەن، لەو كاتەی سەدر داوای حكوومەتێكی تەكنۆكرات و سەربەخۆ و دوور لە حزبایەتی دەكات، فەتح و بەرەی ئێران عەبدلمەهدی وریا دەكەنەوە بەوەی پاڵپشتی لێ دەكێشنەوە ئەگەر دوور لەوان حكوومەت پێك بێنێت، واتە هەمان دوو بەرەكەی سەر بە ئێران و ئەمەریكا و دەستگرتوو بەسەر شەقام و میلیشیاكان ژێربەژێر پاڵەپەستۆ دەخەنە سەر عەبدولمەهدی، ئەویش لەو كاتەی وەكدەڵێن عەبدولمەهدی لە ئەگەری هەر پاڵەپەستۆیەك نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەی ئامادەیە، بەڵام وەك حەسەن عەلەوی سیاسەتوانی دێرینی عێراق دەڵێت، عەبدولمەهدی ناتوانێت ئێستە دەست لەكار بكێشێتەوە، چونكە ئەو هەنگاوەی بە ترسنۆكی لەقەڵەم دەدرێت.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:08:20:09/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 2491 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌