فڕەنسا گرنگی بە خەتەنەی كچی كورد دەدات

:: AM:08:46:10/10/2018 ‌

لە كۆنفرانسێكدا كە لە پاریس بەڕێوە چوو، لە بارەی خەتەنەكردنی كچان لە وڵاتانی ئیسلامی، پرسی خەتەنەكردنی كچان لە هەرێمی كوردستاندا بە چڕی خرایە بەرباس، كۆنفرانسەكە بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ ئەمساڵ تەرخان كرابوو بە كوردستانی عێراق.
لە كۆنفرانسەكەدا كە بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێواندنی كۆئەندامی زاوزێی كچان /خەتەنە/ بوو كە دەكاتە شەشی شوباتی هەموو ساڵێك، لە پاریس رێكخرابوو، چەندان چالاك و رێكخراوی بەرگریی لە مافەكانی ژن ئامادەی بوون، كە سەربە كولتووری جیاجیای وەك فڕەنسایی و وڵاتانی ئیسلامی بوون.

لە كۆنفرانسەكەدا فاتیمە كەریمی خوێندكاری دكتۆرا لە بواری سۆسیۆلۆجیا لە فڕەنسا و چالاكی مافەكانی ژنان، وتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند: "میدیای كوردی باشترین كاری كردووە لەسەر پرسی خەتەنەكردنی كچان، تەنانەت كاتێك من وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی چووم بۆ گوندەكانی كوردستانی ئێران بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە، دانیشتووانی گوندەكانی كوردستانی ئێران ئاماژەیان بەوە دەكرد كە میدیاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق كاریگەریی ئەرێنییان لەسەر كوردستانی ئێران داناوە لەو رووەوە."

فاتیمە كەریمی كە كتێبێكی نووسیوە بەناونیشانی "تراجیدیای جەستە"، تێیدا باسی لە خەتەنەی كچان كردووە لە كوردستانی ئێران و لە كۆنفرانسەكەیشدا ئاماژەی بە پرسی خەتەنكردنی كچان كرد لە كوردستانی ئێران.

فاتیمە ئاماژەی بەوەش كرد كە :"ئەوە بۆ یەكەم جارە لە پاریس، لە رۆژی جیهانی رووبەڕووبوونەوەی خەتەنەی كچان، باس لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، چونكە ساڵانی رابردوو تەنیا باس لە وڵاتە ئەفریقایییەكان دەكرا، لەبەرئەوەی وڵاتانی ئەفریقایی وەك مالی و سەنیگال زۆرترین رەوەندیان لە فڕەنسا هەیە. بەڵام بۆ ئەمساڵ كۆنفرانسەكە تەرخان كرا بۆ هەرێمی كوردستان."

ئەوەیشی راگەیاند كە لە كوردستانی توركیا و سووریا شتێك نییە بەناوی خەتەنەی كچان.

لە كۆنفرانسەكەدا ئارڤید ڤۆرمان كە لە رێكخراوی وادی /رێكخراوێكی ئەڵمانی-عێراقی ناحكوومییە/، رەخنەی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرت لەبارەی خەتەنەی كچان و رای گەیاند هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان یاسایەك دەرچووە تێیدا باس لە قەدەغەكردنی خەتەنەی كچان دەكات، بەڵام دەتوانین بڵێین جێبەجێ ناكرێت."

ئاماژەی دا "ئەوانەی خەتەنە دەكرێن ئاسایی نین و خەتەنەكردنی مێیینە خۆی توندوتیژییە دژی ئەو رەگەزە".

هەر لە كۆنفرانسەكەدا فیلمێكی دۆكیومینتاری كە لە دەرهێنانی نەبەز ئەحمەد بە ناونیشانی (Handful of Ash) بە زمانی كوردی نمایش كرا و ژێرنووسی هەردوو زمانی ئینگلیزی و فڕەنسی كرابوو. فیلمەكە باسی لە خەتەنەی كچان دەكرد، لە چەند لادێیەكی گەرمیان لە هەرێمی كوردستان و تێیدا كەسەكان كە تەمەنی جیاجیان تێدا بوو، لە بەردەم كامێرا باسیان لەوە دەكرد كە چۆن خەتەنە كراون.
هەر لە فیلمەكەدا چەند كەسێك چیرۆكی تراجیدیی خۆیان باس دەكرد لەبارەی ژیانی كۆمەڵایەتی خۆیان دوای خەتەنەكردنیان. تەنانەت كەسی وایان تێدا بوو باسی لەوە دەكرد كە هاوسەرگیری كردووە، بەڵام وازی لە هاوسەرەكەی هێناوە، چونكە بە گوتەی خۆیان "هیچ هەستێكیان نەبووە بۆ رەگەزی بەرانبەریان".

هاوكات یەكێكی تر باسی لەوە دەكرد بەهۆی ئەوەی خەتەنە كراوە، "نەیتوانیوە هەستی خۆشەویستی بۆ بەرانبەرەكەی هەبێـت و بۆ ئەوەش سەردانی پزیشكی كردووە، بەڵام پزیشك پێی گوتووە ئەوە چارەسەری نییە".
هەر لە فیلمە دۆكیومینتارییەدا ژنێكی بە تەمەن، زۆر بە شانازییەوە باسی لەوە دەكرد كە "هەموو كچانی لادێكەی خەتەنە كردووە و ئەویش لەلایەن دایكیەوە فێر كراوە و بە چەقۆ ئەو بڕینە دەكات". هاوكات هەموویان هۆی خەتەنەی كچان وەك ئەركێكی ئاینی ئیسلامیی تەماشا دەكەن.

یەكێك لە شایەتحاڵەكانی ناو فیلمە دۆكیۆمێنتارییەكە باسی لەوە دەكرد كە "بەهۆی خەتەنەوە منداڵێك گیانی لە دەست داوە". هاوكات یەكێكی تر چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "حەوت خوشك بووین شەشمان پێكەوە خەتەنە كراین".

لە دوای نمایشكردنی فیلمە دۆكیۆمینتارییەكە، گفتۆگۆ كرا لەسەر ناوەڕۆكەكەی و ئامادەبوویەكی فڕەنسایی رەخنەی لەو كەس و وڵاتانە گرت كە لەم سەردەمەدا خەتەنەی كچان دەكەن و لەو رووەوە گوتی، "ئەوانەی ئەو كارە دەكەن، هێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاست دەژین."
یەكێك لە ئامادەبووانی كۆنفرانەسەكە رەخنەی لە ژن گرت بەوەی كە "خەتەنەكردنی رەگەزی مێ هەر لەلایەن ژنان خۆیانەوە دەكرێت." بەڵام لە بەرانبەر ئامادەبوویەكی تر بەرپەرچی دایەوە و گوتی، "راستە خەتەنەی كچان لەلایەن ژنانەوە دەكرێت، بەڵام پیاویش كە سەر گەورەی ماڵە لەو كۆمەڵگایانەدا، دەتوانێ رێگری بكات لەوە".

لە كۆنفرانسەكەدا شاجوانی چەند وڵاتێكی ئەفریقی وەك مالی و سەنیگال و وڵاتی تری ئەفریقی بانگهێشت كرابوون، شاجوانی مالی ئاماژەی بەوە دا كە خەتەنەكردنی كچان كاریگەری خراپ بەجێدێڵێت لەسەر كچان و كاردانەوەی خراپی دەبێت لە كۆمەڵگەدا، بۆیە داوای بنبڕٍكردنی كرد لە ئەفریقا و وڵاتانی تری ئیسلامی.
كاروان تەیب- پاریس




وشە - وشه‌