ئێران لەبەر نەبوونی كڕیار نەوتەكەی لە كۆگایەكی چین پاشەكەوت دەكات


لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە سزا قورسەكەی ئەمەریكا دژی ئێران دەست پێ دەكات كە كەرتی نەوت و گاز دەكاتە ئامانج. ئەمەریكا دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئەمەریكا بگەیەنێتە سفر و هەڕەشەكانی ئەمەریكا هۆكار بووە لەوەی هەموو كەسێك نەوێرێ نەوتی ئێران بكڕێت، بۆیەش ئێران ئەو بەرهەمە لە دەستیدا ماوەتەوە و بە ناچار پاشەكەوتی دەكات تا كڕیارێكی بۆ دەدۆزرێتەوە.

كەشتییەكی نەوتهەڵگری گەورە كە سەر بە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێرانە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی لە كۆگەیەكی نەوتی چین بەتاڵ كرد.

لە چوار ساڵی رابردوودا ئەوە بە یەكەم بارە نەوتی ئێران هەژمار دەكرێت كە لە كۆگایەكی چین نەوتەكە بەتاڵ بكات. كڕیارەكانی نەوتی ئێران كەم بوونەتەوە و یەكێك لە هۆكارەكانی پاشەكەوتكردنی ئەو نەوتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەس نەوتەكەی نەكڕیوە.

پێشتریش لە كاتی سزاكان ئێران لە بەندەری دالیانی چین، نەوتی پاشەكەوت دەكرد و دواتر بۆ كڕیارەكانی لە كۆریای باشوور و هیندستانی دەگواستەوە.

بەگوێرەی "رادیۆ زەمانە"، ئاژانسی رۆیتەرز ئەو زانیارییەی ئاشكرا كردووە و ویستوویەتی لەگەڵ بەرپرسانی كۆگاكە قسە بكات، بەڵام زانیاری زیاتریان نەدركاندووە و تەنیا ئەوە ئاشكرا بووە كە نەوتی ئێران كڕیاری نییە.

پێش ئەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی بكشێتەوە، ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد و ئامانجی ئەوە بوو بۆ سەرووی سێ ملیۆن بەرزی بكاتەوە، بەڵام ئێستە بڕی ئەو نەوتەی هەناردە دەكرێت بۆ ملیۆنێك و 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەمی كردووە.



وشە - سلێمان تاشان


AM:09:26:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌