بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی 13مین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب كرایەوە

:: AM:10:10:10/10/2018 ‌
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب دەكرێتەوە، بەڵام بەهۆی بڕیارەكانی عێراق بە داخستنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەو پێشانگەیە بۆ مانگی تشرینی یەكەم دواخرا و ئەمڕۆ بەفەرمی كرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تشرینی یەكەم، 13مین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب كرایەوە، لە پێشانگاكەدا زیاتر لە 250 دەزگای چاپ و بڵاوكراوە تێیدا بەشدارن بە زیاتر 700 هەزار ناونیشانی كتێب و توێژینەوە كە بە چەندان زمانی جیاواز نووسراوە.

ڕەفیق كانسكی كە سەرپەرشتیاری یەكێك لە كۆمپانیاكانی بەریتانیایە بۆ "وشە" گوتی، پێشانگاكە ماوەی 11 رۆژ بەردەوام دەبێت و پێشوازی لە خوێنەرانی كتێب دەكات، بۆ ساڵی داهاتووش لە مانگی نیسان پێشانگاكە دەكرێتەوە، یانی چوار پێنج مانگی تر جارێكی تر هەولێر كتێبەكانی دنیا لە باوەش دەكات.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بە سەتان هەزار ناونیشانی جۆراوجۆر دەكرێتەوە و لە چەندان وڵاتانی دنیا خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێب بەشداری تێدا دەكەن.

لە ساڵی ڕابردوودا كتێبی هزرە سیاسییەكان و شیكارییەكان و زمانەوانییەكان پڕ فرۆشترین كتێبی پێشانگاكە بوون، جیا لەوەیش هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كتێبی قەدەغە كردووە كە بە سەرچاوەی بیری توندڕۆیی دادەنرێن كە بەشداری لەو پێشانگایە بكەن.



وشە - رامیار جەواد