نرخی نەوت گەیشتە نزیكەی 85 دۆلار

:: AM:10:36:10/10/2018 ‌

زیاتر لە رۆژێكە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە نزیكەی 85 دۆلار دەفرۆشرێت.

دوێنێ دووشەم لە یەكەم رۆژی كردنەوەی هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە، نرخی نەوت لە 84 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی بۆ 83 دۆلار و لە ئێوارەكەیدا تا ئاستێك هەڵكشا و دواجار نرخەكە بە 83 دۆلار و 70 سەنت داخرا و دوێنێ سێشەمیش نرخەكەی دۆلارێك هەڵكشا و ئێستەش  تا 84 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی dailyfx هەفتەی رابردوو نرخی نەوت لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد و گەیشتە 86 دۆلار و 50 سەنت..

ئەمەریكا بڕیاری داوە لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. چاودێرانی بازاڕی نەوت پێشبینی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەمەریكا رێ نەدات نەوتی ئێران بفرۆشرێت، ئەوا نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

بازاڕ گرێ دراوە بە ئاستی خستنەڕوو و داخوازی و هەر كاتێك سەرووی پێداویستی بازاڕ نەوت خرایەروو، ئەوا نرخەكەی دادەبەزێت و كەمبوونەوەی هەناردەش بەرانبەر بە داخوازی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.



وشە - سلێمان تاشان