ئەلكاسێر: یاریكردن لەتەك میسی و سوارێز لە بەرشەلۆنە زەحمەتە

:: AM:11:26:10/10/2018 ‌

پاكۆ ئەلكاسێری هێرشبەری پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كە ئێستا بەشێوەی خواستن لە ریزی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی یاری دەكات رایگەیاند كە رۆیشتنەكەی بەدەست ئەو نەبووە.

ئەلكاسێر ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆی بۆ یارییەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ویڵز ئامادە دەكات كە بڕیارە سبەی پێنجشەم ئەنجام بدرێ.

ئەلكاسێر لەبارەی جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: متمانەم نەبوو كە لە پێكهاتەی سەرەكی یانەی بەرشەلۆنە یاری بكەم، بۆیە گفتوگۆم لەگەڵ میسی و سوارێز كرد و بڕیاریمدا روو لە خولی ئەڵمانیا و یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند بكەم.

زیاتر گوتی: راستییەكەی بڕیاری رۆیشتنم لە یانەی بەرشەلۆنە زەحمەت بوو، بەڵام دواتر كارەكان بەباشی بەڕێوەچوون، پێموابوو یاریكردن لە ریزی یانەیەكی گەورەی وەك بەرشەلۆنە بەبوونی دوو بەهێزترین هێرشبەری جیهان میسی و سوارێز زەحمەتە بۆ من، بۆیە یانەكەم جێهێشت.

لە كۆتاییدا ئەلكاسێر رایگەیاند كە هەمیشە ویستوویەتی كاتی زیاتر لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە یاری بكات بۆ ئەوەی هاوكارییان بكات، بەڵام هیچ كات بڕیاری یاریكردن بەدەست ئەو نەبووە و هەر لەبەر ئەمەشە نەیتوانیوە ئاستێكی شایستە پێشكەش بكات.

جێی باسە ئەلكاسێر لە یارییەكانی سەرەتای خولی ئەڵمانیا ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند پێشكەش كردووە و بەكۆكردنەوەی 6 گۆڵ لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی خولەكە دێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م