كلاسیكۆ چارەنووسی لۆپیتیگی لەگەڵ ریال مەدرید یەكلایی دەكاتەوە


یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاریداوە چارەنووسی راهێنەرەكەی جولین لۆپیتیگی بۆ دوای یاریی كلاسیكۆ بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری دوابخات كە بڕیارە رۆژی 28ی ئەم مانگە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بێتە ئەنجامبدرێ.

رۆژنامەی (كۆریری دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: ئەنجامە خراپەكانی یانەی بەرشەلۆنە بۆتە هۆی ئەوەی كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید تا ئێستا بڕیاری دەركردنی لۆپیتگی دەرنەكات.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە كۆی 3 یاریی رابردووی خولی ئیسپانیادا تەنیا 4 خاڵی بەدەستهێناوە، یانەكە هەروەها ئێستا بە 15 خاڵ و جیاوازی تەنیا خاڵێك لە پێشەوەی یانەی ریال مەدریدەوەیە و یانەی سڤیلییەش لە پێشەنگی یانەكاندایە.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید پاڵێوراوی یەكەمی بۆ شوێنگرتنەوەی لۆپیتیگی دیاری كردووە كە ئەویش ئەنتۆنیۆ كۆنتی ئیتاڵی و راهێنەری پێشووی یانەی چێڵسی ئینگلیزییە.

بەڵام راهێنەرەكەی یانەی ریال مەدرید چانسی ئەوەی هەیە كە یانەی بەرشەلۆنەی ركابەریشی لە یارییەكانی ئەم دواییەدا ئاستی خراپ بووە، لەبەر ئەمە سەرۆكایەتی یانەكە تا ئێستا دەریان نەكردووە.

رۆژنامە ئیتاڵییەكە جەختیشی كردەوە كە ئەگەر لۆپیتگی لە یاریی كلاسیكۆدا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە بدۆڕێ، ئەوا راستەوخۆ لە پۆستەكەی دوور دەخرێتەوە و لە شوێنی ئەویش كۆنتی وەك راهێنەری نوێی یانەكە رادەگەیەنرێ.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:11:40:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 175 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌