هۆكاری سەرەكی رۆیشتنی زێدان لە ریال مەدرید ئاشكرا بوو

:: AM:11:54:10/10/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی هۆكاری سەرەكی رۆیشتنی زێنەدین زێدانی فڕەنسی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید ئاشكرا كرد.

زێدان لە كۆتایی یارییەكانی وەرزی رابردوودا و چەند رۆژێك دوای بەدەستهێنانی سێیەم ناسناوی لەسەریەكی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، بەشێوەیەكی لەناكاو بڕیاری وازهێنانی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی راگەیاند.

رۆژنامەی (El Pais) ئاشكرای كرد كە هۆكاری سەرەكی رۆیشتنی زێدان لە یانەی ریال مەدرید پەیوەندی بە گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزییەوە هەبوو.

رۆژنامەكە بڵاوی كردەوە: زێدان داوای لە كارگێڕی یانەی ریال مەدرید كردبوو لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی پێشووتردا بێڵ بفرۆشن، ئەوانیش رەزامەندییان لەسەر داواكەی پێشاندابوو، بەڵام لەناكاو فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆك دەستی خستە ناو بڕیارەكە و داواكەی رەت كردەوە.

دوای ئەم بڕیارە زێدان هەستی كردبوو كە لەلایەن سەرۆكی یانەكەیەوە غەدری لێ دەكرێ و گوێ بە بەشێكی زۆری داواكارییەكانی نادرێ، بەڵكو بڕیارەكان تاكلایەنانە جێبەجێ دەكرێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە سەرەتا پێرێزیش بە داواكەی رۆیشتنی بێڵ رازی ببوو، بەڵام دوای پێشكەشكردنی ئاستە بەرزەكە لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا و تۆماركردنی 2 گۆڵ بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول لە بڕیارەكە پاشگەز ببووەوە.

زێدان پلانی داڕشتبوو بێڵ بفرۆشێ و بە پارەكەی هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی بدەن، بەڵام سەرۆكی یانەی ریال مەدرید داواكەی رەت كردبووەوە و مانەوەی بێڵی لە ریزی یانەكەی راگەیاندبوو، ئەمە وای كرد زێدان توڕە بكات و بە خێرایی بڕیاری جێهێشتن بدات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م