تا ئێستا میسی لە باڵۆن دۆڕ یەكەمە

:: PM:12:31:10/10/2018 ‌

بەگوێرەی ئەو راپرسییەی كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی ئەنجامی دەدات سەبارەت بە براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین (باڵۆن دۆڕ) باشترین یاریزانی 2018ی جیهان، تا ئێستا لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە ریزبەندی یەكەمدایە.

كۆوارەكە ناوی 30 یاریزانی بەربژێر كردووە بۆ بردنەوەی خەلاتەكە و لەسەر ماڵپەڕە فەرمییەكەی خۆشیدا راپرسی بۆ هەوادارانی تۆپی پێ لەسەرتاسەری جیهان كردۆتەوە.

بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەكانی راپرسییەكە دەركەوتووە تا ئێستا میسی لە پێشەوەی هەر 30 بەربژێرەكەیە و رێژەی 45%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، دوای ئەویش محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی دێت كە 34%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵیش 8%ی دەنگەكانی بردۆتەوە.

هەر بە گوێرەی راپرسییەكە كیلیان مباپێ، نیمار دا سیلڤا و لوكا مۆدریچ رێژەی 2%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە، ئەنتوان گریزمان و رافایێل ڤارانیش 1%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.

كۆواری فڕانس فوتباڵ پێشتر رایگەیاندبوو كە رۆژی 3ی كانوونی یەكەم (مانگی 12)ی داهاتوو لە ئاهەنگێكدا ناوی براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆڕ ئاشكرا دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م