سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

:: PM:01:29:10/10/2018 ‌
بڕیارە سبەی پێنجشەم مووچەی چەند وەزارەتێكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تشرینی یەكەم، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەی مووچەی دوو وەزارەتی تری هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، سبەی مووچەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابەش دەكرێت لەگەڵ مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئێستەش پارەی پێویست بۆ ئەو دوو وەزارەتە بەردەستە و لیستەكەشیان ئامادە كراوە. ئاگەدار كراونەتەوە سبەی سەردانی گەنجینەكان بكەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی دا، ڕۆژێك پێشتر ئامادەكاری دەكرێت بۆ دابەشكردنی مووچەی هەر وەزارەتێك و دامەزراوەیەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای دڵنیابوونەوەی وەزارەتی دارایی، دەست دەكرێت بە دابەشكردنی.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابینی دەكات، مانگانەش ئەمەریكا 24 ملیار دینار راستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكات.

بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە فەرمانبەران دەكات، بەڵام پاشەكەوت تا كۆتایی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە ‌و بەشێك لە هێزە تەناهییەكانی نەگرتەوە.



وشە - رامیار جەواد