ساڵی 2040 گاز دەبێتە سەرچاوەی 25%ی وزەی دنیا

:: PM:01:43:10/10/2018 ‌

بەكاربردنی گاز بۆ بواری وزەی دنیا رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و جۆرەكانی تری سەرچاوەی وزە، وەك نەوت و گازوایل كەمتر سوودیان لێ وەردەگیرێت.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" دەگوترێت تا ساڵی2040 گاز سەرووی 25%ی پێداویستی دنیا بە وزە دابین دەكات. بوری سەنتورین سكرتێری گشتی دامەزراوەی GECF  وێڕای ئاشكراكردنی ئەم زانیارییە، ئەوەی خستەڕوو كە پشكی گازی سروشتی لە دابینكردنی وزەی دنیا لە زیادبووندایە.

ئەو هۆكاری بەرزبوونەوەی بەكاربردنی گاز بۆ بواری وزەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لە چاو سەرچاوەكانی تری وزە پاكترە، بۆیەش داوای كرد وڵاتان هەوڵ بدەن ژێرخانی ئەم جۆرە سەرچاوەیەی وزە زیاتر بەهێز بكەن.

هەرێمی كوردستان زیاتر بە گازی سروشتی دەوڵەمەندە و سەرچاوەی یەدەگی گازەكەی دەگاتە سەرووی پێنج تریلیۆن مەتر سێجا، ئەمەش بۆ پێگەی ئابووری هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا بە گرنگ هەژمار دەكرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵێك كۆمپانیای بیانی خەریكی پەرەپێدانی ئەم كەرتەیە و بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتووشەوە گازی كوردستان هەناردە بكرێت و مانگانە سەرووی 400 ملیۆن دۆلار داهاتی هەرێمی كوردستان زیاد بكات.



وشە - سلێمان تاشان