زۆر هۆكار هەن كە دەبنە هۆی وشكبوونەوەی پێست وەكو خۆشۆردنی بەردەوام و بەكارهێنانی خاولی زبر بۆ وشككردنەوەی پێست، خۆشۆردن بەئاوی گەرم، یان كەشوهەوایی خراپی زستان ئەمانە وا دەكەن پێست چەورییەكی كەمتر بەرهەم بهێنێت و بەمەش هۆكارێك دەبێت بۆ زوو پیربوونی پێست، بەم چارەسەر سروشتییانە دەتوانن بەیەكجاری ئەو گرفتە لەناو ببەن.
یەكەم: زەیتی زەیتوون، رۆنێكی سروشتی مەزنە وەكو پاككەرەوەیەكی سروشتی كار دەكات بۆ پێست و پێست شێدار دەكاتەوە، تەنیا ئەم زەیتە لە رێی پەرۆیەكی تەڕەوە بە پێستتدا بخشێنە و دواتر پارچەیەك پەڕۆ بە ئاوی گەرم تەڕ بكە و لەسەر پێستی دانێ تا سارد دەبێتەوە و دواتر بیسڕەوە.
دووەم: ماسكی ئاڤۆگادۆ، ئەم میوەیە زۆر پێویستە بۆ پێست و ڕێ لە وشكی پێست دەگرێت، نیو ئاڤۆگادۆ ورد بكە تا وەك كرێمێكی لێدێت و دواتر كەوچكێكی چا زەیتی زەیتوونی بۆ زیاد بكە دەتوانیت كەوچكێك هەنگوینیشی بۆ زیاد بكەیت، ئنجا بۆ پێستت بەكاری بهێنە وەكوو ماسكێك و بۆ ماوەی 15 بۆ 20 خولەك بەجێی بهێڵە دواتر بیشۆ.
سێیەم: زەیتی زەیتوون و شەكر بۆ سڕینەوەی پێست، بەشێوەیەكی سروشتی دەتوانرێت زەیتی زەیتوون و شەكر بۆ لابردنی خانە مردووەكانی پێست بەكاربهێنرێت. نیو كوپ شەكر لەگەڵ 2 كەوچك زەیتی زەیتوون تێكەڵ بكە دەتوانیت زەیتە بۆندارەكانی بۆ زیاد بكەیت دواتر بەنەرمی بەسەر پێستتدا بیخشێنە و پاشان بیشۆ.
چوارەم: بەكارهێنانی شۆفان، تێكەڵكردنی كوپێك شۆفان لەگەڵ ئەو ئاوەی كە بۆ خۆشۆردن بەكاری دەهێنیت وا دەكات پێست لە وشكبوونەوە بپارێزێت و پێست بە شێداری دەهێڵێتەوە.
پێنجەم: شۆفان و هەنگوین، تێكەڵكردنی دوو كەوچك شۆفان لەگەڵ كەوچكێك هەنگوین و كەمێك ئاو، تێكەڵەكە تۆزێك گەرم بكە، دواتر بۆ پێستت بەكاری بهێنە وەكو ماسكێك یان دەتوانرێت تەنیا لە رێی خشاندنەوە بۆ پێست بەكاربهێنرێت . ئەگەر وەكو ماسك بەكارتهێنا پێویستە بۆ ماوەی 15 بۆ 20 خولەك بەپێستەوە بمێنێتەوە و دواتر بیشۆ. بەم شێوەیە وشكی پێست چارەسەر دەكات.