فێستیڤاڵی بازاڕگەری میسر لە دهۆك دەستی پێ كرد

:: PM:02:38:10/10/2018 ‌

ژمارەیەك كۆمپانیای میسڕی فێستیڤاڵێكی بەبازاڕكردنیان لە سەنتەری دهۆك كردەوە‌ كە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، تیایدا هەموو جۆرێكی كاڵا و پێداویستی خواردن و خواردنەوە و كەرەستەكانی پیشەسازی و ئاوەدانكردنەوە پێشان دەدرێن.

ئیسماعیل سەعید بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار فێستیڤاڵی بەبازاڕكردنی میسڕ لە دهۆك كرایەوە  و نزیكەی 40 كۆمپانیا بەشدارن.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، كەلوپەل و كاڵاكانی ئەو پێشانگایە جۆراوجۆرن بە تایبەتی لە بواری خواردن و خواردنەوە و كەرەستە پیشەسازی، ئاوەدانی، جوانكاری، جلوبەرگ و شتی تر كە پێوەندی بە ژیانی روژانەی خەڵكەوە هەیە و مەبەستی سەرەكی لە كردنەوەی ئەو پێشانگایە دروستكردنی پێوەندی و هاوئاهەنگی نوێی بازرگانییە لە نێوان هەرێمی كوردستان و میسر.

پێویستە بگوترێ لە فێستیڤاڵەكە وێڕای پێشاندانی كاڵاكان، هاووڵاتییان دەتوانن هەر لەوێ پێداویستییەكانیان دابین بكەن.

پێشتر میسر لە هەولێریش ژمارەیەك پێشانگای كردووەتەوە و لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵی داوە بازاڕ بۆ بەرهەمەكانی خۆی لە كوردستان بدۆزێتەوە.

وشە/ دهۆك- نەوزاد هلۆری



وشە - سلێمان تاشان