پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ماڵئاوایی ئەنجام دەدات

:: PM:02:55:10/10/2018 ‌
خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەرەو كۆتایی دەچێت و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەی ماڵئاوایی ساز بكات، ئەوەیش دوای ئەوەی ڕۆژی 30ی ئەیلوولی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی پێنجەم ئەنجام درا.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ى تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، ئاواز حەمید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێشتا بڕیار لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان نەدراوە، بەڵام تا سەرەتای مانگی داهاتوو ماوەی كاری ئەم خولەی پەرلەمان ماوە.

ڕوونی كردەوە كە پەرلەمان لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆ دەبێتەوە، كۆبوونەوەكەیش دەبێتە ماڵئاوایی بۆ ئەو خولەی پەرلەمانی كوردستان.

پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا دوو جار خولەكەی درێژ كراوەتەوە و لەو ماوەیەوەدا ژمارەیەك یاسا و بڕیاری دەركردووە، بەڵام هێشتا بەشێك لە یاسا گرنگەكان وەك پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی و یاسای بەكرێ‌ گرتنی خانوو چەندانی تر لە پەرلەمان ماونەتەوە.

ئەم خولەی پەرلەمان زۆرترین ڕەخنەی لەسەر بوو بەهۆی ئەوەی سەرەتای خولەكە نەتوانرا بە تەواوی ئیدارەی كاری پەرلەمانی بدرێت بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییەی لە ناو هۆڵی پەرلەمان هەبوو. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم