دەرمانی بازاڕی ئۆنلاین چاودێرییان لەسەر نییە و مەترسیدارن

:: PM:03:38:10/10/2018 ‌
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رای گەیا‌ند، لیژنەكانیان بەردەوامن لە بەدواداچوونەكانی خۆیان بۆ دووكان و شوێنە گشتییەكان و سەردانی نۆرینگەی دەرمانخانەكانیش دەكەن، دەڵێت: "بازاڕەكانی ئۆنلاین لەبەر ئەوەی شوێنی دیاریكراویان نییە، لیژنەكەمان هیچ لێپێچینەوەیەكی نەكردووە".

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقاقیەتی سلێمانی بە "وشه"‌ی راگەیاند، لیژنەكانیان بەردەوامن لە دەرچوونەكانیان بۆ دووكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و هەر كەموكوڕییەك ببینن، دەیكەنە راپۆرت و بەرزی دەكەنەوە بۆ قایمقامیەتی سلێمانی.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، لەناو ئەو لیژنانەدا لیژنەیەكی تەندروستیمان هەیە و بەردەوام سەردانی نۆرینگه ‌و دەرمانخانەكان دەكات و كەموكوڕییەكان دەگەیەننە قایمقامیەتی سلێمانی.

لە بارەی بازاڕەكانی ئۆینلاینەوە كە ئەو دەرمان و جوانكارییانەی دەیفرۆشن چەندە تەندروستە، گۆران قادر گوتی: "ئەو شوێنانە هیچ چاودێرییەكیان لەسەر نییە لە لایەن لیژنەكەمانەوە، لەبەر ئەوەی شوێنەكانیان دیاریكراو نییە و نازانین جێیان كوێیە تا سەردانیان بكەین".

ڕوونی كردەوە، "تا ئێستە هیچ كەسێكیش سكاڵای لەسەر ئەو بازاڕی ئۆنلاینانە تۆمار نەكردووە".

لە بارەی ئەوەی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان چاودێری بەسەر ئەو شوێنانەوە هەیە، شوكریە شێخانی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشه"‌ی راگەیاند: لیژنەكەیان هیچ چاودێرییەكی بەسەر ئەو شوێنانەوە نییە.

جێی باسە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەیان پەیج و گرووپ دروست كراون، دەرمان و كەلوپەلی جوانكاری نمایش دەكەن و بە ڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵ كڕیارەكانیان پێوەندی دەبەستن و تاكسی دەیگەیەنێتە دەستی كڕیارەكان، بۆیە هیچ چاودێرییەكیان لەسەر نییە و مەترسی هەیە كە دەرمانی بەسەرچوو و خراپ بە خەڵك بفرۆشنەوە.

سلێمانی/هەستیار.



وشە - باز ئه‌حمه‌د