ژینگەی هەڵبژاردنی بژاردەكان و ئاڵنگارییەكانی بەردەم عادل عەبدولمەهدی

:: PM:04:16:10/10/2018 ‌

لەگەڵ ئەوەی كەسایەتییەكی سەربەخۆیە و هیچ لیستێكی پشتگیری لە پەرلەمان نییە، عادل عەبدولمەهدی لە بەردەم دووڕیانێكی پڕ لە ئاڵنگاریدایە كە سەركەوتن و شكستی یەكسانە، ئەگەرچی ئیمێڵەكەی رای گەیاند تووڕەیی حزبە سیاسییەكانی لێ كەوتووتەوە، بەڵام رەوتی حیكمە و موقتەدا سەدر پشتگیری لێ دەكەن و تا ئێستە بە هەزاران خەڵك ئیمێڵیان ناردووە.

ئاڵنگارییەكانی بەردەم عادل عەبدولمەهدی
زۆر لەو باوەڕەدان كە دەستنیشانكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ راسپاردنی پێكهێنانی كابینەی حكوومەت بەهۆی ئەو باكگڕاوەندە ئابوورییەیە كە هەیەتی، بەو واتایەی گرەو لەسەر عادل عەبدولمەهدی لەو روانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە كە ناوبراو یەكێكە لە دیارترین ئەو كەسایەتییانەی خاوەن پلانی ستراتیجی ئابوورییە، لێرەشەوە گرەو لەسەر چاكسازی ئابووری و دووبارە ئاوەدانكردنەوە و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان دەكرێت، ئەمانە خۆشیان بۆ عەبدولمەهدی دەبنە ئاڵنگاری بۆ وڵاتێك هێشتا بە تەواوەتی لە شەڕی دژ بە داعش رزگاری نەبووە، جگە لەمەش بە سیاسی بوونی بازاڕی نەوتیش بۆ وڵاتێك 90%ی زیاتری داهاتەكە پشت بە فرۆشی نەوت ببەستێت ئاسان نییە.

چاودێران باس لەوە دەكەن شێوازی دەستنیشانكردنی هەڵبژاردنی عادل عەبدولمەهدی واتای چاكسازی نادات بە دەستەوە، چونكە یەكێك لە دیارترین بەربەستی بەردەمی نەبوونی لیستێكی پەرلەمانییە تا پشتگیری لێ بكات، جگە لەمەش ئەو لە دەرەوەی هەموو لیستە براوەكانی پەرلەمان هاتە هەڵبژاردن، رەنگە ئەمە وابكات لیستەكان هەوڵی قەرەبووكردنەوەی لە دەستچوونی ئەو پۆستە بدەن لە رێی وەرگرتنی پۆستە سەروەرییەكان، بە هەمان رێیش هەوڵی لاوازكردنی پێگەی سەرۆك وەزیران بدەن، ئەمەشە وا دەكات لیستە گەورەكان پشت لە پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات بكەن كە سیستەمی پشك پشكێنە تێك بشكێنێت كە 15 ساڵە حوكمڕانی لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوە دەبەن.

چاودێران پێیان وایە تاكە هیوای رزگاركردنی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی، دیسان هاوپەیمانی سائیروونە كە دووپاتی دەكاتەوە پۆستی هیچ وەزارەتێك وەرناگرێت و پشتگیری لە حكوومەتێكی تەكنۆكراتیش دەكات، رەنگە ئەمە لایەنەكانی تریش ناچار بكات كە بە هەر جۆرێك بێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ پلانی هاوپەیمانی سائیروون و قبووڵی بكەن.
 
چاودێرانی دۆخی سیاسیی عێراقی، هێما بۆ شارەزایی و لێهاتوویی توانای عادل عەبدولمەهدی دەكەن لە پێوەندییە باشەكانی لەگەڵ سەرجەم لیستە سیاسییەكان، پێوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ زۆرینەی هێزە سوننەكان هەیە و پێوەندییەكی مێژووییشی لەگەڵ هێزە كوردییەكان هەیە، ئەوەش فاكتەرێكی ئەرێنی دەبێت لە باشتركردنی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كە لەسەردەمی مالیكی و عەبادی بینرا.

بەڵام لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، عادل عەبدولمەهدی هەموو وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پێی رازین، لەسەر هیچ لایەنێك یەكلا نەكراوەتەوە و پێوەندیشی لەگەڵ هەموویان باشە، هاوكات پێوەندییەكی باشی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش هەیە لەو كاتەی وەزیری دارای و نەوت بووە، ساڵی 2004یش بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە یانەی پاریس كە عێراق قەرزاری چەندان دەوڵەت بووە، هەموو ئەوانە وایانكردووە كە عادل عەبدولمەهدی كەسایەتییەكی گونجاو بێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لەم قۆناغەی ئێستە كە ململانێیەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر ناوخۆی عێراق لە لووتكەدایە.

عادل عەبدولمەهدی چۆن وەزیرێكی دەوێت؟
نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی رۆژی دووشەمی رابردوو هەشتی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، لە بەیاننامەیەكدا لە بارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو لە راگەیەنراوێكدا رای گەیاند، هەر كەسێك پێی وایە شارەزا و بە توانایە دەتوانێ وەزارەت بەڕێوە ببات، ئەوا با سیڤی خۆی لە رێی ئیمێڵەوە رەوانە بكات كە مەرجە دەستوورییەكانی تێدا بێت.

لە بەیاننامەكەدا باس لەوەش كراوە لە نۆی ئۆكتۆبەر تا 11ی ئۆكتۆبەر، واتە سبەی، كۆتایی بە ماوەی كراوە دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی ئیمێڵەكان.

دالیا عقیدی 50 ساڵان، نووسەر و رۆژنامەنووس كە ماوەی 30 ساڵە لە بواری راگەیاندن لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی كار دەكات، رای گەیاند كە خۆی بۆ پۆستی گوتەبێژی حكوومەت كاندید كردووە و سیڤی بۆ ئەو ئیمێڵە رەوانە كردووە كە نووسینگەی راگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی بڵاوی كردووەتەوە.


دالیا كە دوای 2003 لە كەناڵی حوڕە، پاشان سۆمەرییە، دەنگی ئەمەریكا كاری كردووە، ئێستەش پێشكەشكاری بەرنامەیە لە كەناڵێكی ئەمەریكی، دەڵێ شتێكی جوانە ژنێك گوتەبێژی حكوومەت بێت، ئەگەر ئەوە روو بدات، ئەو وێنە درێژكراوە كە لەسەر عێراق و هەندێك وڵاتی تر هەیە، نامێنێت.
  
سەعات چواری پاش نیوەڕی سبەی 11ی ئۆكتۆبەر، دوا وادەی وەرگرتنی ئیمێڵی هاووڵاتییانە بۆ داواكردنی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان،  لە پۆستێكی فەیسبووكیدا، عادل عەبدولمەهدی بە سێ خاڵ روونكردنەوە لەسەر دانانی ئەو ئیمێڵە دەكات و دەڵێ، تا ئێستە هەزاران داواكاری بە دەست گەیشتووە، ئەمەش وەها لێك دەداتەوە كە خەڵك متمانەی پێی هەیە.

ئەوەش دەخاتەڕوو كە تیمێكی تایبەت ئیمێڵەكان پۆلین دەكات، وەڵامی رەخنەی ئەو لایەنە سیاسییانەش دەداتەوە كە دەڵێن پۆستی وەزارەتەكان، پۆستی سیاسین نەك پلەی وەزیفی دامەزراندن، دەڵێ دیوارێكی ئەستوور لە نێوان خەڵك و هێزە سیاسییەكان دروست بووە، دەمانەوێ لەو رێیەوە هەوڵی چارەسەر بدەین، تەنانەت پێویستە حزبەكانیش ئەو رێیە بگرنە بەر و رێ بۆ كەسانی سەربەخۆ خۆش بكەن كە شارەزایییان هەیە و كەسانی بە توانان، گوتی "ئەوانەی لە رێی حزبەكانەوە كاندید دەكرێن كەسانی سەربەخۆ نین، ئەمەش لە رابردوودا بینراوە".
 
رەوتی حیكمە پشتگیریی ئیمێڵەكەی عەبدولمەهدی دەكات
رەوتی حیكمە كە عەماڕ حەكیم سەركردایەتی دەكات و بەشێكن لە هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، پشتگیری لە راگەیاندنی ئیمێڵەكەی عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەكات، داوا لە هێزە سیاسییەكان دەكات كە كاندیدەكانی خۆیان لە رێی ئیمێڵەوە بۆ عەبدولمەهدی رەوانە بكەن.

حیكمە ئاشكرای دەكات كە هێشتا هیچ هێزێكی سیاسی كاندیدی بۆ حكوومەت پێشكەش نەكردووە، ئەوانیش دەبێ كاندیدەكانی خۆیان لە رێی ئیمێڵەوە پێشكەش بكەن.

جێی باسە بەگوێرەی ئیمێڵەكە بێت، دەبێت ئەوانەی خۆیان كاندید دەكەن بۆ هەر وەزارەتێك، دەبێت كێشە و گرفتەكانی ناو ئەو وەزارەتە باس بكەن، هاوكات روانگە و پلانی خۆیانیش بۆ چارەسەری كێشەكان بخەنەڕوو.

هێزە سیاسییەكان داوای چ وەزارەتێكیان كردووە؟
ئەوەی تا ئێستە بڵاو كراوەتەوە، سوننەكان داوای پێنج وەزارەت دەكەن، لەوانە هەردوو وەزارەتی بەرگری و داد، لەگەڵ وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و كار و زانست و توكنەلۆجیا.

ئەگەرچی تا ئێستە چەندان لیست بڵاو كراوەتەوە كە فڵان وەزارەت بۆ فیسار حزبە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان هێشتا هیچ لایەنێك بە فەرمی داوای هیچ وەزارەتێكی نەكردووە، ئەوە نەبێت رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح سەركردایەتی دەكات، ویستی هەیە وەزارەتی ناوخۆی لەلا بمێنێتەوە، بەڵام موقتەدا سەدر لەگەڵ ئەوەدایە وەزارەتە تەناهییەكان بەدەست عادل عەبدولمەهدی بن.

جێی باسە لە رۆژی دووی ئۆكتۆبەری رابردوو، واتە هەشت رۆژ پێش ئێستە، عادل عەبدولمەهدی لەلایەن بەرهەم ساڵح هاتە راسپاردن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەگوێرەی دەستووریش بێت، ناوبراو مانگێكی لە بەردەمدایە، واتە تا یەكی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، بۆ پێشكەشكردنی كابینەی حكوومەتەكەی بۆ پەرلەمانی عێراق.



وشە - فه‌رمان سادق