یەكێتی پشت لە حزبە كوردستانییەكان دەكات و لەگەڵ توركمان و عەرەب كۆ دەبێتەوە

:: PM:08:03:10/10/2018 ‌
بۆ كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و دانانی پارێزگارێك، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ بەرەی توركمان كۆ دەبێتەوە، پارتیش دەڵێ، یەكێتی بەهەر شێوەیەك بێت دەیەوێت پارێزگار لە خۆیان بێت، سۆسیالیستیش دەڵێ، هەوڵەكانی یەكێتی گوشارێكە بۆ سەر پارتی.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، لەسەر كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك شاندێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەركردەكانی بەرەی توركمانی كۆبوونەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە حزبە كوردستانییەكان لە 11ی ئەیلوولی رابردوو لە قەرەهەنجیر كۆبوونەوە بە مەبەستی كارا كردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە، بە مەبەستی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك دوای ساڵێك تێپەڕ بوون بەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتەر.

مانگێك بەسەر كۆبوونەوەكە و پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركووك تێدەپەڕێت، بەڵام لەوە دەچێت كاری لیژنەكە پەك خرا بێت بەهۆی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆمار لە دەرەوەی یەكڕیزی حزبە كوردستانییەكان.


پارتی: یەكێتی دەیەوێت بەهەر جۆرێك بێت پۆستی پارێزگار وەرگرێت
محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەڵێ، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەوڵدەدات بەهەر شێوەیەك بێت پۆستی پارێزگار بۆ خۆی مسۆگەر بكات، جا لە پێناو هەرچیەك بێت، پێی وایە "ئەو بەڕێزانە سڵ نەكەنەوە لەوەی هەر بابەتێك بێتەوە پێشەوە دەستی لێ هەڵبگرن، تەنیا دەیانەوێت پۆست وەرگرن، ئەمە خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ كارەكانی ئەوان".

لە بارەی یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان و بەرژەوەندی نیشتمانی كە هەمیشە هێزە كوردستانییەكان ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، یەكێتی دیارە پۆستی پارێزگاری لە هەموو شتێك پێ گرنگترە.

لەبارەی ئەوەی كۆبوونەوەی یەكێتی لەگەڵ بەرەی توركمانی و عەرەبەكانی كەركووك بە مانای سڕ كردنی كاری ئەو لیژنە هاوبەشە دێت، ئەو دەڵێ "وەڵامی ئەو پرسیارەت نادەمەوە و وازی لێ بێنە".

هەر پێوەند بەو پرسە، بەرپرسێكی باڵای پارتی دەڵێ، سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دوای ئەوەی نەیانتوانی پشتگیری بەغدا بەدەست بهێنن، ئێستە روویان لە لایەنە عەرەبی و توركمانەكانی كەركووك كردووە كە پۆستی پارێزگاری شارەكە بە یەكێتی بدرێتەوە و لە بەرانبەریشدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ بەرەی توركمانی و پۆستە كارگێڕییەكانی تری كەركووك بۆ عەرەب و توركمان بهێنن".

زیاتر گوتی "لە كۆبوونەوەی نێوان حزبە كوردستانییەكان، پاشان لیژنەی هاوبەشی نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی بەو ناوانە رازی نەبووە كە یەكێتی پێشكەشی كردووە بكرێن بە پارێزگاری كەركوك".
 
سۆسیالیست: هەوڵەكانی یەكێتی گوشارێكە بۆ سەر پارتی
رەسوڵ رەئووف بەرپرسی مەڵبەندی سۆسیالیستی كوردستان لە كەركووك بە "وشە"ی گوت، لە كۆبوونەوەی حزبە كوردستانییەكان لە قەرەهەنجیر و پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی نێوان پارتی و یەكێتی، بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بێ یەك هەڵوێستی حزبە كوردستانییەكان وایكرد لیژنەكەیش پەكی بكەوێت.

زیاتر گوتی "ئێستە پرسەكە لەوە دەرچووە لەو لیژنە بتوانن دۆخەكە ئاسایی بكەنەوە، لیژنەیەكی باڵای یەكێتی كە لە رەفعەت عەبدوڵلا و ئاسۆ مامەند پێكهاتوون لە بەغدا لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆران دانیشتنیان كردووە، بەڵام پێم وانییە ئەنجامێكی هەبێت".

رەسوڵ رەئووف پرسی كەركووك دەبەستێتەوە بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پۆستەكانی كورد لە بەغدا، دەڵێ ئەو دۆخەی لە كەركووك هەیە یان هەوڵەكانی یەكێتی وەك گوشارێكە بۆ سەر پارتی، ئەو گوتی "ئەگەر پارێزگاری كەركووك پشتگیری لایەنە كوردستانییەكانی نەبێت سەركەوتوو نابێت، چونكە عەرەب و توركمان پێداگیرن لەسەر پێڕەو كردنی سیاسەتی خۆیان لە كەركووك، تەنانەت سبەی پێنجشەم، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدا دەكات و بەتایبەت لەگەڵ توركمانەكان كۆ دەبێتەوە و پرسی كەركووكیش تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكانیان دەبێت".

بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی سۆسیالیست، لەبارەی ئەوەی زەرەمەندی یەكەمە لە كەركووك خەڵكە كوردەكەیە نەك پارتی و یەكێتی، گوتی "ئەوە ئەمە دەردەخات كە ئەو لایەنەی خۆی بە ساحێبی كەركووك دەزانێت ئامادەی سازشی نەبێت، ئەوا دیارە بۆ پلە و پۆست و بەرژەوەندی خەڵكی كەركووكی ویستووە، لە بەغدا هەوڵی دەستخستنی پۆست دەدەن كەچی كەركووك لەگەڵ سلێمانی و هەولێر دابڕێنراوە و خاڵی گومرگی دانراوە، رێگە نادەن نەك كتێبی خوێندنی كوردی بەڵكو هیچ كتێبێك بە كوردی نووسرا بێت لێ ناگەڕێن بێتە كەركووك.
كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە. خیانەتكاران لە پێناو دەستكەوتی تایبەتی خۆیان شارەكەیان ڕادەستی دەسەڵاتی سەربازی بەغدا كرد و دۆخی تەناهیی و كۆمەڵایەتیش بەرەو وێرانبوون چوو.




وشە - فه‌رمان سادق