یەكێتی: كەركووك كوردستان نییە

:: PM:09:04:10/10/2018 ‌
ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لەسەر لیستی یەكێتی و نوێنەری كەركووك ئاماژەی بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەدات و دەڵێت، خەڵكی كەركووك لەوكاتەوە تا ئێستە باجەكەی دەدەن. ئەو سنوورێكی نوێ‌ بۆ كەركووك دادەنێت و شارەكە بە كوردستانی نازانێ‌.

 شوان داودی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لەسەر لیستی یەكێتی و نوێنەری كەركووك ڕای گەیاندووە، رۆژانە كوردی شاری كەركووك باجی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەدەن و لە هەموو قۆناغەكان پێكهاتەیەك لەو شارە بەدەستی لایەكیتر چەوساوەتەوە، بەردەوام ئەو شارە چەك حوكمی كردووە.

داودی دەڵێت، سنوری نێوان هەرێم و عێڕاق گۆڕانكاری بەسەردا هات بە تایبەتی دوای رێككەوتنی نێوان حكوومەتی بەغدا و هەرێم و كاتێك گومركی فەرمی حكوومەتی عێڕاقی هێنایەوە سەر چیمەن بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و گوندی كەلهوڕ بۆ سنووری هەولێر، بۆیە ئەوە سنوورەكەیە، نەوەك شاخی حەمرین.

لە لێدوانێكی بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا ئەو دەڵێت، خەڵكی كەركووك یەك كیلۆ تەماتە لە هەولێر یان سلێمانییەوە بهێنن بۆ كەركووك دەبێت گومرگ بدەن، حیسابی سنووری نێودەوڵەتی بۆ كراوە و جیا كراوەتەوە.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە. خیانەتكاران لە پێناو دەستكەوتی تایبەتی خۆیان شارەكەیان ڕادەستی دەسەڵاتی سەربازی بەغدا كرد و دۆخی تەناهیی و كۆمەڵایەتیش بەرەو وێرانبوون چوو.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم