28 كەسی دەركردووە.. دوو ساڵەكەی تەواو دەكات یان كارتی سووری بە روودا بەرز دەكرێتەوە

:: PM:09:42:10/10/2018 ‌

لە ماوەی دوو ساڵی حوكمڕانیدا، 28 بەرپرس لە ئیدارەی حكوومەتەكەی دۆناڵد ترەمپ دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، كە دواترینیان نوێنەری ئەمەریكا بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، چاودێرانیش پێیان وایە ئەوەی روودەدات كاریگەری نەرێنی سەرۆكی ئەمەریكا دەبێت و دەپرسن ترەمپ دوو ساڵەكەی تەواو دەكات یان بە كودەتایەكی سپی ئەمجارە كارتە سوورەكە بە رووی خۆیدا بەرز دەكرێتەوە.

هەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە تا چوونی بۆ كۆشكی سپی، مشتومڕی توند لەنێو تیمی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەر هەبووە، بەهۆیەوە لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵ وەك سەرۆك ئەمەریكا، 28 كەسایەتی لە پۆست و پلەی جیاواز لە ئیدارەی حكوومەتەكەی دۆناڵد ترەمپ، دەستیان لەكار كێشاوەتەوە كە بەشێك لەوان كەسایەتی زۆر گرنگ و ناسراو و كاریگەریش بوون، چاودێران پێیان وایە ئەوەی روودەدات رەنگە كاریگەری نەرێنی بەسەر داهاتووی سەرۆكی ئەمەریكا دەبێت.

دواهەمین كەس كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەستی كێشاوەتەوە، نیكی هایلی نوێنەری ئەمەریكا بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوانەشی دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، رەخنەی زۆر توند و ئابڕووبەرانەیان لە دۆناڵد ترەمپ گرتووە، تەنانەت ئەوانەیشی ئێستە لە ئیدارەكەی درێژە بە بەرپرسیاریەتی دەدەن  ئێستە، بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان رەخنەی توند لە دۆناڵد ترەمپ دەگرن.

لە مێژووی نزیكی ئەمەریكادا، ئیدارەی هیچ سەرۆكێكی ویلایەتە یەكگرتووەكان هێندەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا، بەرپرسانی دەستی لەكار نەكێشاوەتەوە، تەنانەت هێندە كتێبیشی لەسەر نەنووسراوە.

لیستی ناوی ئەوانەی دەستیان لەكار كێشاوەتەوە:

*مایكل فلین، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كە تۆمەتبار كراوە بە قسەكردن لەگەڵ بالوێزی رووسیا لە ئەمەریكا، لەو كاتەی لە تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بوو.
*شۆن سبایسر، گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی، بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكان بەهۆی ئەوەی لەو پۆستە لادراوە و پۆستی بەڕێوەبەری پێوەندییە تەلەفۆنییەكانی پێدراوە، وازی هێنا.
*رینس بریبۆس، گەورە فەرمانبەر لە كۆشكی سپی، لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ وازی لە پۆستەكەی هێنا.
*ئەنتۆنی سكاراموچی، بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی كۆشكی سپی، بەهۆی قسەكردن بۆ گۆڤاری نیویۆركەر دوای 10 رۆژ دەستبەركاربوونی، دوور خرایەوە.
*ستیڤ بانون، گەورە پلانداڕێژەرانی ستراتیجی لە كۆشكی سپی كە رۆڵێكی گەورەیشی هەبوو لە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن.
*مایك دۆبك، بەڕێوەبەری پێوەندییەكان.
*كاتی ووڵش، جێگری سەرۆكی فەرمانبەرانی كۆشكی سپی.
*سیباستیان گوركا، جێگری یاریدەدەری سەرۆك.
*كاسلین ترویا مكفارلاند، جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی.
*تۆم برایس، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی.
*ئۆمارۆسا مانیگو نیومان، بەڕێوەبەری پێوەندییەكان لە كۆشكی سپی، كە دواتر كتێبی "سەیركردنێكی سەرشێتانە بۆ ماڵەكەی ترەمپی سپی" كە باس لە ماوەی كاركردنی لە كۆشكی سپی دەكات. لەو كتێبەیدا، نیومان تۆمارێكی دەنگی نهێنی هۆڵی تەنگژەكان هی جۆن كیلی گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی بڵاو دەكاتەوە كە باس لە كێشەكانی ناو كۆشكی سپی دەكات بەتایبەت پرسی دەستپاكی و كێشە كارگێڕییەكان.
*جیمس كومی، سەرۆكی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی FBI. دۆناڵد ترەمپ، كومی دوورخستەوە و لە پەیامێكیشدا رای گەیاند كە دوورخستنەوەكەی لەسەر دەستپێشخەری جیف سشنز وەزیری داد بووە لەسەر پرسی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا.
*ئاندرۆ مكابی، جێگری سەرۆكی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی كە تۆمەتبار كرا بە گۆڕینی ئاراستەی لێكۆڵینەوە ناوخۆییەكان كە وەزارەتی داد ئەنجامی دابوو.
*دینا پاوڵ، جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی.
*واڵتەر شباك، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەخڵاقیاتی حكوومی.
*ئەنجێڵا رید، سەرۆكی بەشی فەرمانبەرانی ناوماڵ لە كۆشكی سپی.
*رۆبەرت پۆرتەر ئەمنیداری كاروباری فەرمانبەران.
*جۆش رافڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی باڵا.
*هۆب هیكس بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەكان.
*گاری كون بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئابووری نیشتمانی.
*جۆن مكینتی یاریدەدەری تایبەتی سەرۆك.
*ریكس تیلیرسن وەزیری دەرەوە. لە بارەی دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێ بەهۆی جیاوازی بیروڕا بووە لەسەر هەندێك پرس لەوانە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
*هربرت ماكماستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی. بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لەسەر پرسی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، دەستی لەكار كێشاوەتەوە.
*دیڤید شولكین ئەمنیداری كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكان.
*مایكڵ ئەنتوان گوتەبێژ بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی.
*تۆم بوسرت راوێژكاری تەناهی.
*سكوت پرویت بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی ژینگە.
*نیكی هایلی نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان.

دوو ساڵی پڕ ئاڵۆزی.. ترەمپ دوو ساڵەكەی تری تەواو دەكات؟
لە زۆر بۆنەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەشێوەی نا راستەوخۆ باس لەو هەوڵانە دەكات كە دەیانەوێت لە كۆشكی سپی دووری بخەنەوە، بەتایبەت كاتێك لێدوانی دا ئەگەر دووری بخەنەوە ئەوا بازاڕ دووچاری پوكانەوە دەبێت و هەموو خەڵكی ئەمەریكاش هەژار دەبن.

ترەمپ كە كچەكەشی ئیفانكا، لە زۆر بۆنەدا رەخنەی لە سیاسەتی باوكی دەگرێت بەتایبەت لە پرسی پەنابەران و رەخنەگرتن لە میدیاكان، بەڵام ترەمپ هەر زوو دوای دەستبەكاربوونی شەڕێكی گەورەی لەگەڵ سەركردە یەكەمەكانی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی هەڵگیرساند، كاتێك جۆن برینین بەڕێوەبەری CIAی لە پۆستەكەی دوورخستەوە بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و نەپاراستنی زانیارییە نهێنییەكان، ئێستە لای دەزگای هەواڵگری، دۆناڵد ترەمپ دوژمنی یەكەمینە.

لەگەڵ ئەو هەموو رەخنەیەی لێی دەگیردرێت، دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لەسەر هێرشكردنە سەر دەزگاكانی راگەیاند و بچووكترین دەرفەت دەقۆزێتەوە بۆ قسە پێگوتن بە میدیاكاران و دەزگاكانی راگەیاندن.

لەوكاتەی جیانی ئینانتینۆ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی، فیفا، سەردانی كۆشكی سپی كرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دانیشتنی كرد، دیارییەكی تایبەتی پێشكەش بە دۆناڵد ترەمپ كرد، لەناو جانتا دیارییەكە كە كەلوپەلی وەرزشی بوون، كارتی سوور هەبوو كە ناوبژیوان لە یارییەكاندا بەرانبەر بە یاریزانان بەكاری دەهێنێت.

دۆناڵد ترەمپ كارتە سوورەكەی بە دەرفەت زانی و بە رووی میدیاكارانی ئامادەبوو بەرز كردەوە، لەسەر ئەو بەرزكردنەوەیە میدیاكان رەخنەی توندیان لە ترەمپ گرت و باسیان لەوە كرد كە ترەمپ رێگری لە میدیاكاران دەگرێت كە رووماڵی چالاكییەكانی بكەن وەك سەرۆكی ئەمەریكا.

تەنانەت لە لووتكەی خلسنكی پایتەختی بەلژیكا كە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و فلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بەڕێوەچوو، میدیای ئەمەریكی هێرشێكی توندی كردە سەر ترەمپ بەوەی وەها خۆی نیشانداوە كە رادەستی پوتین بووە، ئەوەیان بە ئابڕووبەرانە بۆ ئەمەریكا لێكدایەوە.

چاودێران دەڵێن دۆناڵد ترەمپ ئەوە دەزانێت كە دووچاری رووبەڕوونەوەیەكی قورس بووەتەوە بەرانبەر بەو هەموو رەخنانەی رووبەڕووی دەكرێتەوە، ئەمەیش وای كردووە تەڕ و وشك تۆمەت ببەخشێتەوە تەنانەت دژ بە نزیكترین كەس لێی، زوو زوو لێدوانی ئاگرین دەدات، وەك ئەوەی دەڵێ ئەگەر دوور بخرێتەوە ئەوا بازاڕی دارایی دەپوكێتەوە و هەمووتان هەژار دەكەون، باس لەوەش دەكات نازانێت چۆن هەوڵی دوورخستنەوەی كەسێك دەدەن كە كاری باش ئەنجام دەدات، ئەوەش وەها خوێندنەوەی بۆ دەكرێت كە ترەمپ دركی بەو هەوڵانە كردووە كە دەیانەوێت لە پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا درووی بخەنەوە، بۆیە دەگوترێت ئایا ترەمپ كودەتای سپی بەسەردا دەكرێت و دوور دەخرێتەوە یان بەرگە دەگرێت تا كۆتایی هاتنی ویلایەتەكەی؟
 



وشە - فه‌رمان سادق