چایخانەی كەڕوڵاڵەكانی كەركووك نموونەی پێكەوەژیان

:: AM:08:28:11/10/2018 ‌
لە كەركووك چایخانەكان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، زۆربەیان تایبەتن بە چینێكی دیاریكراو، وەك چایخانەی (حەمەگوڵناز) لە گەڕەكی شۆرجە كە تایبەتە بە دەهۆڵ و زوڕناژەنەكان، چایخانەی (حەبیب مەیاس) لە بازاڕی جووتقاوە تایبەتە بە وەستای سپیكارەكان، چایخانەی (فەلاح) تایبەتە بە مامۆستایان و وەرزشكاران. دیارترینیان چایخانەی (قەرە)یە لە شەقامی باوەگوڕگوڕ كە تایبەتە بە كەڕولاڵەكان.

ئەو چایخانەیە ڕۆژانە زۆربەی كەڕولاڵەكانی كەركووك بەبێ‌ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی و مەزەو، لێی كۆ دەبنەوە و بە زمانی تایبەتی خۆیان (زمانی هێما) گفتوگۆ دەكەن و لە هەواڵی یەكتر دەپرسن. لە سەردانی ئەو چایخانەیە چەندان پرسیار دروست دەبن، ئاخۆ چی وای لێ كردوون هەموویان لەوێ كۆ ببنەوە؟ چۆن ئەم هەموو كەڕولاڵە بە جیاوازییەكانیانەوە لێرە یەكیان گرتووەتەوە؟ تا چەند هاوكار و تەبان لە ناو یەكتردا؟

سەڵاح عەباس ئەحمەد یەكێكە لەو كەسانەی هاوتوچۆی ئەو چایخانەیە دەكات و لە زمانی هێما تێدەكات، هەرچەندە خۆیشی زمانی قسەكردنی تا ئلستێك پاك نییە، وەلێ بە چاكی لێی تێدەگەیشتین و ئامادەیی نیشان دا ببێت بە وەرگێڕ لە نێوان ئێمە و كەڕولاڵەكان.

 سەڵاح گوتی: من لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەم كەڕولاڵانە هەڵسوكەوت دەكەم و هەموویان بە چاكی دەناسم، لە زمانی قسەكردیان (زمانی هێما) زۆرباش تێدەگەم. لەبارەی چۆنیەتیی كۆبوونەوەیان لەم چایخانەیە، گوتی، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكانەوە قوتابخانەی تایبەت بە كەڕولاڵ كرایەوە، ئیتر هەموومان لەوێ‌ یەكترمان ناسی و لەو كاتەوە تا ئێستە هاوڕێ‌ و دۆستی یەكترین بەبێ‌ گوێدانە جیاوازیی ئاین و نەتەوە و حزب و دڵمان بەیەكتر دەكرێتەوە.

سڵاح هۆی ئەو خۆشحاڵییەیان بەیەكتر دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی "هەموومان بەدەست یەك جۆر كێشەوە دەناڵێنین، ئەویش نەبوونی زمانی قسەكردنە وەك  خەڵكی ئاسایی. ئێمە لە خۆشی و ناخۆشییەكانی یەكتر بەشدار و هاوكارین، تەنانەت ژن و ژنخوازیش هەیە لە نێوانماندا، تا كچی كەڕولاڵ هەبێ‌ كچی تر ناخوازین، چونكە باشتر لەیەكتر تێدەگەین".

وەستا سەڵاح چوار كەسی كەڕولاڵی دەستنیشان كرد هەریەكەیان لە نەتەوەیەكن بۆ ئەوەی بە زمانی هێما گوزارشت لە خۆیان بكەن بۆ "وشە" و خۆیشی بوو بە وەڕگێڕمان.

حەسەن پیرداود بۆ "وشە" گوتی, من كوردم و هاوسەرەكەم توركمانە، سێ‌ منداڵمان هەیە و هیچ كێشەیەكیشمان نییە، تەنیا گلەییم لە دەسەڵاتدارانی كەركووك هەیە كە حیساب بۆ كەڕولاڵ ناكەن، تەنانەت جێیەكی تایبەتیشمان بۆ تەرخان ناكەن تا لێی كۆ ببینەوە وەك (رێكخراوێك بۆ كەڕولاڵەكان)، چونكە ئەوكات كچە كەڕولاڵەكانیش دەبوونە ئەندام و هاوسەرگیریش لە نێوانماندا ئاسانتر دەبوو.

هەروەها جیهاد جەلال ئیسماعیل كەڕولاڵێكی ترە و پێچەوانەی حەسەن ئەم خۆی توركمانە و هاوسەرەكەی كوردە، جیهاد هێمای بۆ ئەوەی كرد كە "منداڵێكمان هەیە سوپاس بۆ خوا كەڕولاڵ نییە".

نیگەرانی خۆیشی خستە ڕوو كە هیچ سوودێكیان نە لە قوتابخانە و نە لەلایەنی پێوەندیدار وەرنەگرتووە، بۆ نموونە مۆبایلی تایبەت بە كەڕولاڵ پێویستییەكی سەرەكییە بۆ ئێمە، كەچی بۆمان دابین نەكراوە.

سەعد محەمەد موحسین یەكێتی ترە لەو كەسانەی لەو چایخانەیە دادەنیشێ لەگەڵ هاودەردەكانی، ئەو ئاماژەی بەوە دا كە عەرەبە و هاوسەرەكەیشی كە كەڕولاڵە و خزمی خۆیەتی. بەڵام چوار منداڵەكەی سەعد نەخۆشییەكەیان بۆ گوازراوەتەوە و بەگوتەی خۆی "ئەوانیش كەڕولاڵن". 

سەعد پێی خۆشە حكوومەت بیاننێرێ‌ بۆ دەرەوەی وڵات جا بۆ چارەسەر بێت یان بەشداری لە خولی فێربوونی هێمای نێودەوڵەتیی كەڕولاڵەكان. لەو رووەوە گوتی "ئێمەش هاووڵاتین و مافی خۆمانە داوا لە حكوومەت بكەین وەك كەڕولاڵی وڵاتانی تر بژێوی ژیانمان بۆ دابین بكەن و هاوكاری و كارئاسانیمان بۆ بكەن، دەبێ‌ بزانن ئێمەش خاوەن پێداویستی تایبەتین و هیچ كەمتر نین لە كەمئەندامان كە بەداخەوە حیسابی تایبەتیان بۆ دەكەن و ئێمەش حیسابی هاووڵاتیی ئاساییمان بۆ دەكەن.

سائیر شلێمون ئاشوورییە و هێشتا ڕەبەنە، ئەو هێمای بەوە كرد كە بۆیە ژنی نەهێناوە چونكە بە نیازە بچێ بۆ ئەوروپا و بەیەكجاری لەوێ‌ بژی. بەگوتەی سائیر "لەوێ‌ ڕێز لە مرۆڤ دەگیرێت، بەتایبەتی كەمئەندام شوێن و خزمەتگوزاریی تایبەتیان هەیە و ژیانیان لە هەموو روویەكەوە بۆ دابین كراوە". 

سائیر نیگەرانە لەوەی پرۆژەی هەبووە بۆ كەمئەندام بەڵام كەس پێشوازی لێ نەكردووە، زیاتر گوتی "من وەرزشكارم و چەندان جار داوام لە حكوومەت كرد كۆمەڵگەیەكی وەرزشی تایبەت بە كەڕولاڵ و كەمئەندام دابمەزرێنن و من سەرپەرشتییان بكەم بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە وەڵامی داواكەمیان نەداوەتەوە، بۆیە نائومێد بووم".
 
وشە/  كەركووك- ستار جەباری








وشە - تایبه‌ت