بەرشەلۆنە ترسی هەیە هەمان سیناریۆی رۆناڵدۆ بەسەر میسی دابێت

:: AM:10:32:11/10/2018 ‌

لەنێو ئەندامانی كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ترسی ئەوە هەیە هەمان سیناریۆی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید و پەیوەندیكردنی بە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بەسەر تیپەكە و ئەستێرەكەیان لیۆنێل میسی دابێت.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بیرۆكەیەكی خراپ تووشی بەشێك لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بۆتەوە كە ترسی ئەوەیان هەیە لە كاتی رۆیشتنی میسیدا یانەكەیان لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا دووچاری شكستێكی گەورە ببێتەوە وەك ئەوەی ئێستا بەسەر یانەی ریال مەدرید دێت دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ بۆ یانەی یۆڤێنتۆس.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە بەدڵنیاییەوە رۆیشتنی میسی كاریگەرییەكی گەورە و كوشندە بەسەر یانەی بەرشەلۆنەدا بەجێدەهێڵێ و لەسەر ئاستی ركابەرییەكانی ئیسپانیا و ئەوروپا تووشی قەیرانێكی گەورەیان دەكاتەوە.

بەشێك لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە پێیانوایە ئەگەر گۆڵە یەكلاكەرەوەكانی میسی نەبووایە ئێستا لە ریزبەندی حەوتەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دەبوون، هەروەها لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش لە ریزبەندی دووەمی كۆمەڵەكەیان دەبوون.

میسی لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا بەشێوەیەكی جیاواز دەركەوتۆتەوە و تا ئێستا 6 گۆڵی لە خولی ئیسپانیا بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار كردووە، هەروەها لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش 5 گۆڵی تۆمار كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م