ئەمڕۆ ناوی قوتابییە وەرگیراوەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكان ڕادەگەیەنرێت

:: AM:10:46:11/10/2018 ‌
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ناوی قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی كە داواكاری وەرگرتنیان پێشكەش كردووە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكان، ئاشكرا بكرێت و نمرەی خوار 70 لە زانكۆ وەرناگیرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تشرینی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناوی قوتابییە وەرگیراوەكان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكاتەوە.

پێشتر عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، وەزارەت هەموو هەوڵێك دەدات لەكاتی خۆیدا ناوی قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی كە داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ درێژەدان لە زانكۆكان لە كاتی خۆیدا ڕای بگەیەنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشكرای كردبوو، كاتی ڕاگەیاندنی ناوی وەرگیراوەن لە زانكۆكان دیاریكراو نییە، بۆیە هەوڵەكانی وەزارەت بەردەوامی بە خێرایی كارەكان كۆتایی پێ بهێنین.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" نمرەی خوار 70 لە زانكۆكان وەرناگیرێن و لە پەیمانگەكان بۆ خوێندنی دیپلۆم ناوی قوتابییان دەگەڕێتەوە بەپێی جۆری خوێندنی زانستی و وێژەیی كە قوتابی پێشكەشی كردووە.



وشە - رامیار جەواد