سربیا چیتر رێ بە خەڵكی ئێران نادات بێ ڤیزا سەردانی بكەن

:: AM:11:19:11/10/2018 ‌

حكوومەتی سربیا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، چیتر ئێرانییەكان ناتوانن بە بێ ڤیزا سەردانی وڵاتەكەیان بكەن. ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت كە ساڵی رابردوو سربیا ڤیزای لەسەر هاووڵاتییانی ئێرانی لابردبوو.

سربیا پێی وایە بەهۆی ئاسانكاری لە گەشتكردن بۆ سربیا تووشی كێشە بووە و ئێرانییەكان گەشتكردن بۆ سربیایان بۆ مەبەستی كۆچ بۆ رۆژئاوای ئەوروپا یان داواكردنی پەنابەریی قۆستووەتەوە.

نیوجا ستفانۆڤیچ وەزیری ناوخۆی سربیا باسی لەوە كردووە، تەنیا لەمساڵدا سەرووی هەزار و 100 ئێرانی بە فەرمی لە سربیا داوای پەنابەرییان كردووە و لەو كاتەشدا حكوومەتی سربیا ناچارە بۆ كەمپەكانی پەنابەران بیانگوازێتەوە.

ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە كەمپەكانی سربیا ناونووسیان كردووە، دەگاتە چوار هەزار كەس و سەدان كۆچبەریش لە سنوورەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ كرواتیا و بۆسنیا و وڵاتانی تری ئەندامی یەكێتی ئەوروپا چاوەڕوانن بە شێوەیەك خۆیان بپەڕێننەوە.

دۆخی ئابووری  و سیاسی ئێران ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت و سربیا لەوە دەترسێ خەڵكێكی زیاتر داوای پەنابەریی لە وڵاتەكەیان بكەن، بۆیە بڕیاری ئاسانكاری پێنەدانی ڤیزای هەڵوەشاندووەتەوە



وشە - سلێمان تاشان