فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی باسی لە هاونیشتمان و هاوتیپەكەی ئارسەر میلۆ كرد.
ئارسەر یاریزانی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی یانەی گریمیۆی بەڕازیلی لە هەردوو یاریی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەكانی تۆتنهامی ئینگلیزی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا و یانەی ڤالێنسیا لە خولی ئیسپانیا ئاستێكی نموونەیی پێشكەش كردبوو كە ببووە جێگەی سەرسوڕمانی بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی لێدوانەكانی كۆتینیوی بڵاو كردەوە كە رایگەیاندبوو: بەڕاستی ئارسەر ئەستێرەیەكی تەواوە و هەمیشە لە هێڵی ناوەڕاستەوە تیپ بەرەو پێشەوە دەبات و دروستكەری یارییە لەهێڵی ناوەڕاستدا.
كۆتینیو جەختیشی كردەوە كە دڵنیایە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئارسەر دەبێتە ئەستێرەیەكی دیاری یانەی بەرشەلۆنە و جیهان بەتایبەتیش لە هێڵی ناوەڕاستدا.