حكوومەتی عێراق دەرماڵەی دەیان قوتابی دەرەوەی وڵات دەبڕێت

:: PM:02:37:11/10/2018 ‌


لە یەكەمین هەنگاوی نایاساییدا لە بۆشایی پێكنەهێنانی لیژنە نوێیەكانی پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەرماڵە و كرێی هاتوچۆی زیاتر لە 100 قوتابیی عێراقی بڕیوە و هەندێك لەو وڵاتانەش مۆڵەتی كەمتر لە مانگێكیان بۆ مانەوەی ئەو قوتابییانە داناوە.

ژمارەیەك لەكەسوكاری قوتابییانی ناوچە جیاجیاكانی عێراق "وشە"یان لەوە ئاگادار كردەوە،  نەمانی لیژنە پەرلەمانییەكانی دواخولی پەرلەمانی عێراق و پێكنەهێنانی لیژنەی نوێی دواخولی پەرلەمان، رێی بۆ وەزارەتەكانی حكوومەتی عێراقی خۆش كردووە كاری نایاسایی ئەنجام بدەن.

ئیبراهیم محەمەد بەنوێنەرایەتی ماڵباتی قوتابییانی ماستەر لە وڵاتانی رۆمانیا و پۆڵەندا بۆ"وشە" ئاماژەی دا، لەلایەن رۆڵەكانمانەوە ئاگادار كراویەنەتەوە لە یەكەم رۆژی مانگی ئۆكتۆبەرەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی عێراق بە فەرمی قوتابییانی ناوچە جیاجیاكانی عێراقی لە رۆمانیا و پۆڵەندا و چەند وڵاتێكی تری ئاگادار كردووەتەوە كە چیتر دەرماڵە و كرێی هاتوچۆ و مانەوەیان بۆ خەرج ناكات.

ئەو گوتی جگە لەو دوو وڵاتە، لە هەندێك وڵاتی تریش وەزارەتی خوێندنی باڵا هەمان رێكاری نایاسایی گرتووەتەبەر كە پێچەوانەی مادەی 14ی دەستوورە تێیدا، وەزارەت پابەند كراوە بەهاوكاریكردنی قوتابییانی عێراق كە لە خوێندنی باڵادا دەخوێنن و ژمارەیان لەو وڵاتانە دەگاتە 100 قوتابی.

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك لە وڵاتان هیچ كاردانەوەیەكیان بەرانبەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرنەبڕیوە، بەڵام حكوومەتی رۆمانیا قوتابییانی عێراقی ئاگادار كردووەتەوە كە دەبێت تاو كۆتایی مانگ وڵاتەكەیان جێبێڵن ئەگەر حكوومەت بەو بڕیارەیدا نەچێتەوە یان كرێی ساڵانە نەدەن.

بەپێی بەدواداچوونی وردی "وشە"، سەرۆك وەزیرانی پێشنیاركراو هێشتا كابینەكەی رانەگەیاندووە ئەگەرچی لە 12ی ئایاری ئەمساڵەوە هەڵبژاردنی عێراق ئەنجام دراوە، هاوكات پێكنەهێنانی لیژنە نوێیەكانی پەرلەمانی عێراق وای كردووە ئەو قوتابییانە لە رێی كەسوكاریانەوە یاداشت ئاراستەی سەرۆك كۆمار بكەن كە دەسەلاتێكی تەشریفی هەیە بەتەنیا و دەقی یاداشتەكەش دەست "وشە" كەوتووە.
 
"وشە" هەوڵی دا چەند ئەندامێكی لیژنەی خوێندنی باڵا بدوێنێ لە خولی پێشووی پەرلەمان، بەڵام بەهۆكاری تەواوبوونی ماوەی یاسایییان قسەیان نەكرد.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 



وشە - سلێمان تاشان